ئارژین نیشتیمان: ٨ی ئازار و هەموو رۆژێک، رۆژانی ژنە

ئارژین نیشتیمان گەریلای هەپەژە ٨ی ئازاری پیرۆز کرد و ئاماژەی بە تێکۆشانی ئازادی ژناندا و داوای لە ژنان کرد، پێکەوە تێکۆشان بەرز بکەنەوە.

ئارژین نیشتیمان گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (هەپەژە) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ٨ی ئازاری لە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و هەموو تێکۆشەران و هەموو ژنانی جیهان پیرۆز کرد.

'گیانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەخت کرد'

ئارژین نیشتیمان هەپەژەیی وتی: "٨ی ئازار تێکۆشانی هەموو ژنانی جیهانە. لە تێکۆشانی ژنانی کورددا بە سیمبول و پێشەنگایەتیی شەهید سارا (ساکین کانسز)، شەهید ڕۆناهی، شەهید زیلان پەپولە و بەرخۆدانی ئەمڕۆی زیندانەکان لە کەسایەتی زەینەب جەلالیان و سەدان ژنی تێکۆشەر کە بەندکراون بەردەوامە. ئەم بەرخۆدانە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر و فراوانتر بەڕێوەدەبرێت. ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو جیهاندا بەرخۆدانێکی بێوێنە هەیە. ئێمە لە ٨ی ئازاردا یادی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەینەوە. لە هەمان کاتیشدا ئەو ژنانە بەبیردێنینەوە کە بوونە خوڵقێنەری ٨ی ئازار و گیانیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەخت کرد و ئەو خەباتەی کە ئەمڕۆ دەکرێت دیارییە بۆ گیانی ئەوان."

'پێویستە خۆمان ئازاد بکەین'

گەریلا ئارژین نیشتیمان باسی کاریگەری هزر و فەلسەفەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و وتی، " سەدان ساڵە ژنان بەردەوامن لە بەرخۆدانی خۆیان. لە سەدەی ٢١دا بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت و زیاتر پەرەی پێ دەدرێت. ژنان بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆیان ناسییەوە و بوونی خۆیان بەدەست هێنا. ئەوەش بووە هۆی زیاتر فراوانبوونی تێکۆشانی ژنان و بەتایبەتی ژنانی کورد. ڕێبەر ئاپۆ جارێکی دیکە ئیرادەی ژنانی ناساند. ئیدی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تەنیا لە کوردستان نییە و گەیشتووەتە هەموو ژنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهاندا و جێگەی خۆی لە دڵی ئەواندا کردووەتەوە. بۆ ئەوەی گرنگی بە کارەکانی ڕێبەر ئاپۆ و بوونی خۆمان بدەین، پێویستە بگەینە لوتکەی تێکۆشان و خۆمان ئازاد بکەین. چونکە بە ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بەدی دەهێنرێت. بۆ ئەو مەبەستەش منداڵ و پیر پێویستە ڕۆڵی خۆیان لە تێکۆشانی ئازادیدا بزانن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن."

'ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی مرۆڤایەتیە'

ئارژین نیشتیمان، گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەوامی قسەکانیدا ، ئازادی بە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی هەموو مرۆڤایەتی ناوزەد کرد و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا شوێن و جێی خۆیان بگرن و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بجەنگن. بۆ ئەوەی بتوانین سەدەی ٢١ و ساڵی ٢٠٢٢ بکەینە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ژنان و کۆمەڵگا. پێویستە بەبێ پچڕان شەڕ بکەین. چونکە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی هەموو ژنان و کۆمەڵگا و گەلانی چەوساوەیە. هەموو ژنێک دەبێت بە هەموو هێزەوە چ لەماڵەوە چ لە شەقامەکان و لە شوێنی کار و هەموو ناوچەکان تێکۆشانی خۆی زیاد بکات. پێویستە ژنان بە یەک ڕەنگ و دەنگ ڕێکبخەین و ئازادی و بوونمان بەدەست بهێنین کە بوونی مرۆڤایەتییە."

"با پێکەوە تێکۆشانمان بەرزبکەینەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا، گەریلای هەپەژە ئارژین نیشتیمان بانگەوازی لە هەموو ژنان و بەتایبەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و وتی: پێویستە هەموو ژنانی کورد، فارس، عەرەب، بەلووچ، ئەفغانی، ئازەری و هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بۆ ئەوەی پێکەوە بەسەر فاشیزم و رەگەزپەرستی و دەوڵەت و عەقڵییەتی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاریدا زاڵ بین، پێویستە پێکەوە تێکۆشانمان بەرزبکەینەوە و هەموو پانتایییەکی ژیان بکەینە مەیدانی شەڕی دژ بە رەگەزپەرستی و دەسەڵاتپارێزی."

ف.ق