یەبەشە داوای کرد دەستبەجێ ئەندامەکانیان ئازاد بکرێن

فەرماندەیی گشتیی یەبەشە ڕایگەیاند ٥ شەڕڤانیان لە ئەنجامی هێرشێکی پلان‌بۆداڕێژراودا لەلایەن سوپای عێراقەوە دەسگیرکراون، بۆ ئاڵۆزتر نەبوونی کێشەکە داوای کرد دەستبەجێ هەڤاڵەکانیان ئازاد بکرێن.

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) دەربارەی هێرش و هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانی سوپای عێراق لە شەنگال و ڕەوشی دوایی شەنگال ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

یەبەشە ڕایدەگەیەنێت چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شنگال لەلایەن بەشێك لە ئەفسەرانی سوپای عێراقەوە كەوتوونەتە بۆسەیەكی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراوەوە و گرژی درووست بووە، ئێمە ئەو تۆمەتانەی خراوەتە سەرمان ڕەتدەكەینەوە، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی دەستگیركراوەكانمان دەكەین.

یەبەشە دووپاتی دەکاتەوە لە ئەنجامی ئەو هێرشە پێنج هەڤاڵمان بە دیل گیرا، هەرچەند بەشێكیان بریندار بوون و جەستەیان بڕاوە، لێیان دراوە و ڕووداوەكە وێنەگیرا و بڵاوكرایەوە، تا ئەمڕۆش چارەنووسیان نادیارە، سەرەڕای ئەم ڕووداوە هەوڵماندا لە نێوان هێزەكانمان و سوپادا چارەسەری بكەین، بەڵام ئەو هەوڵانە هیچ وەڵامێكیان نەبوو.

ئەوەش هاتووە، وەك دەزانرێت ئێمە هەمیشە بەرپرسیارانە مامەڵەمان لەگەڵ كێشەكانی ناوچەكە كردووە و هەوڵمان داوە چارەسەری دۆستانە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، ئێمە پێمان وایە پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكەمان زۆر گرنگترە لە هەندێك بابەتی بچووك.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرەڕای ڕوونی ئەوەی ڕوویداوە، هەندێك لێدوانی سەركردایەتی سوپا كە هەڤاڵانی دیلمان بە تیرۆریست و بەكرێگیراو وەسف دەكەن، جێگەی قبوڵكردن نین و بە یەكجاری ڕەتیان دەكەینەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەمووان دەزانن یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ئەو هێزەن، كە بەرگریان لە شنگال كرد و لەدەستی چەتەكانیداعش ڕزگاریان كرد، ئەوە ئەوان بوون ئاسایشی شنگالیان پاراست، بەڵام كەسانێك هەن هەوڵی شێواندنی ناوبانگی ئەو هێزە دڵسۆز و فیداكارە دەدەن.

باس لەوەشكراوە، ئەمە بۆ شێواندنی ڕاستیەكانە بۆ مەبەستی سیاسی، یان بە فەرمانی هەندێك لایەن بە نیازی كۆتاییهێنان بە هەر ئیرادەیەكی ئێزیدی كە ناتوانێ ملكەچ بێت، یان بەهۆی پەیوەندیی گوماناوی كەسی هەندێ كەرتی سەربازی بە بێ ئاگاداریی سەروی خۆیان، بەم پێیە هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە هێزەكانمان بە بەكرێگیراو و تیرۆریست وەسف بكات، یان تۆمەتی درۆیان ئاراستە بكات، یان پێگەی ئەوان بچووك بكاتەوە.

ڕاشیان گەیاندووە، پێویستە ڕای گشتی بزانێت هەڤاڵانمان لەكاتی ڕاپەڕاندنی ئەركی خۆیاندا، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ سەنتەری شنگال بۆسەیەكی پێشوەختەیان بۆ داڕێژراو بوو، لەوێ ئۆتۆمبێلەكانیان گەمارۆ دراون و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێكراوە، ئەم ڕووداوە دەرئەنجامی پیلانگێڕی و پلانێكی پێشوەختە بوو لەلایەن بەشێك لە ئەفسەرانی سوپا بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەیەكی ئەمنی.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە ئەو تۆمەتە درۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە ئاراستەی هەڤاڵانمان كراوە، هەڤاڵانمان بەدوای كەسدا نەچوون، ئەگەر هەر كێشەیەك هەبووایە دەكرا بە فەرماندەیی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) ڕاپۆرت بكرایە و بەو پێیە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بكرایە، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو تۆمەتانەی ئەم لایەنانە سەبارەت بەم بۆنەیە خراونەتەڕوو، بێ بنەمان و ڕفاندنی هەڤاڵانمان ناعەقڵانییە.

هەروەها، دەشڵێن، ئەوەی سوپا كردی تەنیا ڕووداوێك نەبوو، بەڵكو خیانەتێكی گەورە بوو، كارێكی سادە نییە هەڤاڵانمان بەو شێوەیە ترسنۆكانە گەمارۆ بدرێن و هێرشیان بكرێتە سەریان، ئەوانەی دوێنێ لە دژی چەتەكانی داعش شەڕیان كرد و هاوكار بوون بۆ دڵنیابوون لە چوونە ژوورەوەی سەلامەتی هێزە عێراقییەكان بۆ ناو شنگال، ئێستا وەك ئەوەی تاوانبار بن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێن.

هاوكات، ڕاشیان گەیاندووە، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەكەین، ناتوانین بە هیچ شێوەیەك قبوڵ بكەین، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی هەڤاڵانمان دەكەین، هەرچی پێویست بێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادییان دەیكەین، بەڵام ئێمە پێمان باشە ئەم كێشەیە بە بەرپرسیارانە و بەبێ گەورە بوون چارەسەر بكەین.

لە كۆتایدا هاتووە، داوا لە لایەنە بەرپرسەكانی عێراق دەكەین، كە ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، لەم كاتەدا بەرپرسیارێتی تەواوەتی ژیان و سەلامەتی هەڤاڵانی دیل و بریندارمانلە ئەستۆی  سوپای عێراقدایە، بۆ ئەوەی هیچ گرژییەك ڕوونەدات، دەبێت هەڤاڵانمان بەبێ دواكەوتن ئازاد بكرێن، بۆ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی جددی كە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەوە ڕووبدات، دوور بكەوێتەوە.