گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستا لە دژی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە بەردەوامی بەرەنگاری دەکەن. گەریلا و فەرماندەکانی هەڵمەتی جەنگی خابوور لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان شەڕێکی مێژووی بەڕێوەدەبەن و دەڵێن، "تاوەکو ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ هەبێت ئێمە رێگا نادەین دوژمنی داگیرکەر لە خاکەماندا خۆی جێگیر بکات".
"گەریلا لە سەردەمی نوێدا بە تاکتیکی نوێ شەڕ دەکات و رێگا بە داگیرکەری نادات"
گەریلای یەژاستار ئیلیفتریا ئارین لە بەرەکانی بەرخودان دا لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانەوە وتی، "هێرشێکی زۆر دژوار بۆ سەر ناوچەکانمان هەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا بەرخودانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت. ئێمە وەک شەڕڤانانی ئازادی بەشدارین لە جەنگی خابووردا. هێرشەکان بۆ سەر زەندورا، دەرارێ و کۆردینە بە بێ وەستان بەردەوامییان هەیە و دوژمن هەوڵ دەدات لە ناوچەکانماندا خۆی جێگیر بکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی ئێمەش بەردەوامە. شەڕێکی دژوار روودەدات و دوژمن لە بەرزترین ئاستدا تەکنەلۆژیای خۆی بەکار دەهێنێت، بەڵام بەرخودانیش لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. بە هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" و بەپێی سەردەمی نوێ تاکتیکی دەوڵەمەند بەڕێوەدەبرێت و چالاکیی ئەنجامگیر رێکدەخرێت. سەرباری ئەو هەموو تەکنیکە دژوارە، کە بەکار دەهێنرێت، چالاکییەکانمان بەبێ راوەستان بەردەوامییان هەیە و ئەوەش بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەیە. گەریلا لە سەردەمی نوێدا بە تاکتیکی نوێ شەڕ دەکات و رێگا بە داگیرکەری نادات. شەڕێکی گەرم روودەدات و لە دژی تەکنیکێکی بەو رادەیە پێشکەوتوو خۆپاراستن پێشدەکەوێت. لە بەرامبەر دوژمنێکی وەهادا ئایدۆلۆژیای ریبەر ئاپۆ ئێمەى لەسەر پێ راگرتووە".
"ئێمە وەک یەژاستار هەرگیز رێگا نادەین داگیرکەری لەسەر خاکەماندا بمێنێتەوە"
گەریلا ئیلیفتریا ئارین لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتیشی، "هێزی پێشەنگی هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکەمان ژنانن. دوژمن شەڕێکی دەروونی بەڕێوەدەبات و بە دژواری ناوچەکانمان بۆردومان دەکات. هەوڵ دەدات لەو رێگەیە کاریگەرییەک دروست بکات، بەڵام ئێمە هەموو کات پێبەندین بە ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ و تاوەکو ئەو ئایدۆلۆژیایە هەبێت ئێمە رێگا نادەین دوژمن داگیرکەری لەسەر خاکی ئیمەدا دروست بکات. ئیمە ئەوان لە جەنگی خابوردا تێکدەشکێنین. پێویستە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە دژی ئەو داگیرکەرییە بەبێ هەڵوێست و کاردانەوە نەبێت. خاکەکەمان داگیر دەکرێت، ئێمەش وەک گەریلا شەڕ و بەرەنگاری دەکەین، بەڵام دەبێت گەلەکەشمان لە پشتمان بێت و پشتیوانیمان لێ بکات، ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکان نیشان بدات. لە جەنگی خابوردا وەک یەژاستار پێشەنگایەتی بۆ ئەو شەڕە دەکەین. ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە و سەریش دەکەوین. ئیمە وەک یەژاستار هەرگیز رێگا نادەین داگیرکەر لەسەر خاکەماندا بمێنێتەوە. ئێمە ئەوان لە مەتینا تێکدەشکێنین".
"هەڵوێستی شەهید کورتای و شەهید چەکدار بۆ ئێمە فەرمانی بەرخودانە"
گەریلا باگەڕ باشقەڵا وەک فەرماندەی سەنگەرێکی شەڕ لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکاندا شەڕ دەکات و باسی هەڵوێستی خۆڕاگرانەى گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کرد وتی، "سڵاو لە بەرەنگارانى زەندورا، زاپ و ئاڤاشین دەکەم. گەریلا لە دژی دووەمین گەورە سوپای ناتۆ بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بەرەنگاری و خۆڕاگری دەکات. دوژمن تاوەکو ئیستا هیچ سەرکەوتنێکی بە دەستنەهێناوە. گەریلا بە چالاکی و تاکتیکی هاوچەرخ لە دوژمن دەدات. دوژمن لە هەندێک شوێندا خۆی بە چڕی جێگیر کردووە، بەڵام هەڤاڵانمان بە چالاکییەکانیان ناهێڵن، کە دوژمن بە ئاسانی لە خاکەکەماندا بمێنێتەوە. لەو قۆناغەدا هەڵوێستی شەهید کورتای و شەهید چەکدار بۆ ئێمە فەرمانی بەرخودانە. رۆحی ئەو فیداییانە لە چوونە سەر دوژمندا بۆ ئێمە رێنمایی و رێنیشاندەرن".
"تەکنیەک ناتوانێت بەرامبەر بە ورەی گەریلا سەر بکەوێت"
گەریلا باگەڕ لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستە سەر شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک و وتی، "لەم شەڕەدا دوژمن بە چڕی شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبات. هەموو کات چاپەمەنی و راگەیاندنی شەڕی تایبەت لەسەر کار و ئامادەیە، بەڵام سەرباری ئەوەى ئەو هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیایە بە چڕی و دژواری بەکار دەهێنن گەریلا هەم خۆی دەپارێزت و هەمیش چالاکیی پسپۆڕانەى خۆی ئەنجام دەدات. دوژمن ژێر کەوتووە و لەبەر ئەوەش ئەو هەموو هێرشە دەکات. بۆ ئەوەى تەمەنی خۆی درێژ بکات هێرشکانی خۆ دژوارتر دەکات.
دوژمن قێزەونترین شێوازی بەدەر لە هەموو پێوەرەیکی ئەخلاقی و مرۆیانە بەکار دەهێنێت و ژەهری کیمیایی بەکار دەهێنێت، بە فڕۆکەی چاودێری راگەیاندراو بڵاودەکاتەوە و بەو شێوەیە شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبات. ئەوە تێکشاندن و داڕوخانی دوژمن نیشان دەدات. دوژمن لەبەر بێچارەبوونی خۆی هەموو رێگایەکی قێزەون و چەپەڵی گرتووەتەبەر. با دوژمن باش بزانێت، چەند تەکنیکی پێشکەوتوییان هەبێت ناتوانن بەو تەکنیکانە لە بەرامبەر ئیرادە و وەری گەریلادا سەربکەون. رێبەر ئاپۆ دەڵێت، "گەورەترین تەکنیک خودی مرۆڤە" و گەریلا لە سەدەی ٢١دا لە بەرامبەر گەورەترین و پێشکەوتوترین تەکنیکدا بە بیر و رامانی ریبەر ئاپۆ بەرەنگاری دەکات. تاوەکو فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ هەبێت رێگای ئێمەش رووناکە. بە دڵسۆزیمان بۆ شەهیدان و هەڤاڵانی ئازا و بەهێزمان ناهێڵین، کە دوژمنی داگیرکەر سەربکەوێت. بە هیچ شێوەیەک داگیرکەریی تورک ناتوانێت بە ئاسانی و سادەیی لەسەر خاکی ئێمەدا بمێنێتەوە. ٢٤ کاتژمێر ئێمە گورز لە دوژمن دەدەین و داگیرکەری لە ناو دەبەین".
ژ.ت