"ئەندامانی دادگای باڵای دەستووری لەلایەن ئەردۆغانەوە دانراون و ناتوانن هیچ بڕیارێکی سەربەخۆ بدەن"

پارێزەر ئۆنور دوشونمەز ئەندامی کۆمەڵەى پارێزەرانی جۆلەمێرگ رایگەیاند، حیزبێک بۆ بە دەستهێنانی دەنگی نەتەوەپەرستەکان دەیەوێت هەدەپە دابخات و بۆ ئەوەش رێنمایی و فەرمانی بە دادگاى باڵاى دەستووری (ئایەمە - AYM) داوە.

بەکر شاهین سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١دا سکاڵایەکی پێشکەش بە دادگای باڵای دەستووری کردووە بۆ ئەوەى پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) دابخرێت. داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ داخستنی هەدەپە داوایکردووە، داراییەکانی هەدەپە دەستیان بەسەردا بگیرێت و ببرێن بۆ گەنجینەى گشتی و بۆ ماوەى ٥ ساڵیش کاری سیاسی لە ٦٨٧ سیاسەتمەداری هەدەپە قەدەغە بکرێت.

دادگاى باڵاى دەستووری (ئایەمە - AYM)یش رایگەیاندووە، رۆژی ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ یەکەم دانیشتنی خۆی لەبارەی داخستنی هەدەپەوە بەڕێوەدەبات. ئەو دادگایە هەر ئەو رۆژەش تاوتوێی داوای زەوتکردن و هەڵوەشاندنەوەی مافی پەرلەمانتاریی عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو دەکات.

نمونەى باتاسونا راست نییە

پارێزەر ئۆنور دوشونمەز لە کۆمەڵەى پارێزەرانی جۆلەمێرگ لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی رایگەیاند، کێشەى داخستنەکە لەوەدایە وەک ئەلگۆریتم (گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێن و حسابات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک) مامەڵە کراوە و حیزبێک دەیەوێت دەنگی نەتەوەپەرستەکان بە دەستبهێنێت و حیزبێک، کە بە رکابەری خۆی دەزانێت دادەخات، بۆ ئەوەش رێنمایی پێویستی بە دادگای باڵای دەستووری داوە.

راشیگەیاند، بانگەشەکان بۆ داخستنی هەدەپە و هێنانەوەى نمونەى باتاسونا (حیزبی بزووتنەوەى رزگاری و ئازادیی گەلی باسک) لە ئیسپانیا، هەڵەیە و وتی، "باتاسونا گەورەترین حیزبی باسکەکان پەیوەندیی لەگەڵ ئیتا (باڵی سەربازیی بزووتنەوەى رزگاریی باسک) دروستکرد و سەرۆکی گشتیی باتوسونا بۆ خۆی وتبووی، "ئێمە لە رێگەى یاسایی و نایاساییەوە، چ رەوا بێت یان رەوا نەبێت، بە ئامانجەکانمان دەگەین"، لەبەر ئەوەش لەلایەن ئیسپانیاوە وەک لقێک لە ئیتا ناسێنرا و لەبەر ئەو هۆکارە داخرا، بەڵام بەو حاڵەشەوە قۆناغەکە و پرۆسەکە بەرەوپێش نەڕۆیشت. لە تورکیا هەدەپە لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتیدا کار دەکات. حیزبێکە، کە لەلایەن کەسانێکەوە بە شێوەی یاسایی بەدوای مافەکانی خۆیانەوە، دامەزراوە. حیزبێکی گەلە و پەیڕەو و پرۆگرامەکەشی لەو چوارچێوەیەدایە".

ئەگەر هەدەپە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە چی دەبێت؟

دوشونمەز داخستنی هەدەپە بە گەمەیەکی دەوڵەت ناساند و وتی، "پرۆسەى داخستنی هەدەپە لەسەر داوای داواکاری گشتیی کۆماری لەلایەن دادگای باڵای دەستوورییەوە لە کاتێکدایە، ٧ ئەدامی دادگای باڵای دەستووری راستەوخۆ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکەوە هەڵبژێردراون. دادگاکە بە گشتی لە ١٥ ئەندام پێکدێت، کە ٣ کەسیان پەرلەمانتاری تورکیان و ٥ ئەندامی تریشیان کاتی خۆی لەلایەن عەبدوڵا گیول سەرۆک کۆمار پێشووی تورکیاوە هەڵبژێردراون. ١٠ ئەندامی دادگاکە دەتوانن پێکەوە بڕیار لەسەر دۆسییەک بدەن.

ئەگەر سەرۆک کۆمار راستەخۆی بیەوێت حیزبێک دابخات، ئەوە بە ئاسانی ژمارەی پێویست لە دادگاکە بۆ داخستن دەستبەر دەبێت. گەرچی پێشتریش کۆدەنگی ١٠  کەس پێویست بووە بۆ بڕیارەکانی ئەو دادگایە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەو کەسانە بە شێوەیى شەخسی  لەلایەن ئەردۆغانەوە ئەرکدارکراون و زۆرینەى ئەندامانی دادگاکەش پێکدەهێنن، ناتوانن بەبێ داوا و خواستی ئەردۆغان بڕیارێکی سەربەخۆ بدەن.

بەڵام ئەگەر هەدەپە پێش بڕیاری داخستنی لەلایەن ئەو دادگایەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى خۆی بدات، ئەوە دەتوانێت رێگری لەو داوایەی داواکاری گشتی بکات، کە داوایکردبوو، ٦٨٧ سیاسەتمەداری هەدەپە بۆ ماوەى ٥ ساڵ کاری سیاسییان لێ قەدەغە بکرێت. بەو شێوەیە داواکەى داواکاری گشتی و خواستی سیاسی پشت داخستنەکە و قەدەغەکردنی کاری سیاسیی ٦٨٧ کەس، پووچ دەکاتەوە.

ئەگەر هەدەپە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا تەنها داراییەکانی رادەستی گەنجیە دەکرێن. لەبەر ئەوەش ئەگەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى گشتیی هەدەپەدا ئەو بڕیارە بدرێت، ئەوا سکاڵانامەکە پووچ دەبێتەوە و تەنها لە دادگای باڵای دەستووری دانیشت لەسەر بابەتی دارایی دەکرێت".

یەکەمجار نییە، هەدەپە هەموو کات بەهێز بووە و بەبەهێزی دەرکەوتووە

دوشونمەز وتی، "پێش هەوڵەکان بۆ داخستن، هەوڵدەدرا بیر و رامانی سیاسی حیزبێک بەسەر هەدەپەدا بسەپێنرێت" و وتیشی، "هەدەپە درێژکراوەى ئەو حیزبانە نییە، چونکە کاتێک سەیری بناغەى گشتیی هەدەپە دەکرێت ئەوە دەبینرێت، کە هەدەپە لەلایەن کەسانێکەوە، کە بە چەپ دەناسرێن دامەزراوە. داخستنی هەدەپە هیچ بەهایەک بۆ تورکیا دەستەبەر ناکات و لە مێژووی وڵاتی ئێمەدا بە پیتی رەش دەنووسرێت، کە دیموکراسیی تیادا نییە.

بێگومان هەدەپە، لە ئەنجامی داخستنی هەدەپەدا بە هێزتر دەبێت. رێبازێکی دێرین و دەوڵەمەندی کورد لە بەرامبەر رژێمێکی چەوسێنەر هەیە و ئەو شێوازە بناغە و ریشەى داکوتاوە، هۆکاری بەهێزبوونی هەدەپە لە هەموو کاتەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە بۆ داخستنی هەدەپە، هەنگاوێکی وردی سیاسییە، کە بۆ هەندێک حسابات ئەنجامدەدرێت وەک بەڵگەیەکی شەرم دەچێتە ناو مێژووی تورکیاوە".

ژ.ت