ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال: هەڵوێستمان دیارە، بەرخودان و پاراستنی دەستکەوتەکان

ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال (مەخەدەشە - MXDŞ) بە بۆنەی ٣هەمین ساڵیادی کشانەوەى گەریلا لە شەنگال باسی لە هەڕەشەکان بۆ سەر دەستکەوتەکانی شەنگال کرد و رایگەیاند، هەڵوێست و بڕیاریان بەرخودان و پاراستنی دەستکەوتەکانە.

ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال (مەخەدەشە - MXDŞ) بە بۆنەى ٣هەمین ساڵیادی کشانەوەى گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەژاستار لە شەنگال راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە کەسایەتیی عەگید جڤیان و دلشێر هەرەکۆڵ فەرماندە شەهیدەکانی هەپەگەدا، بە رێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە، کە بۆ ئازادکردنی خاکی شەنگال گیانیان بەختکرد.

لە راگەیاندراوەکەدا فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە بیرخراوەتەوە و راگەیاندراوە، "هێزە سەربازییەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پشتیان لەگەلی شەنگال کرد، گەلەکەمانیان دایە دەستی پاکتاوکردن. ژنان، منداڵان و کۆمەڵگەى ئێمەیان لە گەرمای هاویندا لە چیای شەنگال لە گەمارۆی چەتەکاندا بەجێهێشت. لەو کاتەدا گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە هانای ئێزدییەکانەوە هاتن و رێگایان لە کۆمەڵکوژییەکی گەورە گرت. لە سایەی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاردا چەتەکانی داعش و هاوکارەکانیان بە ئامانجەکەیان نەگەیشت بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى ئێزدییەکان".

ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریى دیموکراتیکى شەنگال (مەخەدەشە - MXDŞ) راشیگەیاند، دوای رزگارکردنی ناوچەکە خەڵکی ئێزدی لە رووی سەربازی و بەڕێوەبەرییەوە خۆی رێکخستووە و خۆی بەڕێوەدەبات.

 ئەوەشیان راگەیاندووە، "هێزەکانی گەریلا لە ژێر چاودێریی عێراق دا و بە بەرچاوی راگەیاندنەکان و رای گشتی لە ١ی نیسانی ٢٠١٨دا لە شەنگال کشانەوە".

لە راگەیاندراوەکەى مەخەدەشەدا هاتووە، لێرەدا بەو کشانەوەیە ئەوە روون بوویەوە، کە هەپەگە بۆ دەسەڵاتداری نەهاتبوو، بەڵکو بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگەى ئێزدی لە پاکتاوکردن هاتبوو بۆ شەنگال.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "کۆمەڵگەى ئێزدی ئێستا بووەتە خاوەنی هێز و دەتوانێت پارێزگاری لە تەواوی دەستکەوتەکانی شەنگال بکات و بە بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بووەتە خاوەن ئیرادە و بەر بە هەموو جۆرە هێرش و فەرمانێک دەگرێت".

مەخەدەشە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو خۆ بە رێکخستنکردن و ئیرادەبوونەى کۆمەڵگەى ئێزدی لە پێش هەموانەوە دەوڵەتی تورک و هەموو نەیاران زۆریان پێناخۆشە و لەبەریان گرانە و لەبەردەوامیی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "پەدەکە دەیەوێت ئێزدییەکان لە یەکتر دووربخاتەوە و پەرتەوازەیان بکات و جارێکیتر شەنگال بخاتەوە ژێر دەستی خۆی. ئەو پلانەش لە رێگەى عێراقەوە ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورکیش کازمی بە ئاراستەی پەلاماردانی شەنگال دەبات. بەو فەرمانە، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامیاندا، دەیانەوێت فەرمانێک، کە لە سایەی خاوەنداریکردنی گەریلاکانەوە سەری نەگرتبوو، بە ئەنجام بگەیەنن.

١ی نیسان بۆ ئێمە رۆژێکی زۆر واتادارە. بۆیە عێراق بۆ پاکتاوکردنی بەڕێوەبەری خۆسەر و هێزەکانی، تاوەکو ١ی نیسان مۆڵەتی داناوە. دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ پاکتاوکردنی رێکخستن و بە رێکخستنکردنی ئێزدییەکانە لەسەر داوای دەوڵەتی تورک".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەکو کۆمەڵگەى ئێزدی؛ بڕیارمان روونە. جگە لە بەرخودان و پاراستنی دەستکەوتەکان و گەلەکەمان، هیچ رێگایەکی تر قبوڵ ناکەین".

ژ.ت