ڕژاک: لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی خۆری ئازادیە بۆ هەموو مرۆڤایەتی

رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕژاک)، دووپاتی دەکاتەوە کە “دەركەوتنی رێبەر ئاپۆ لە یەكەم هەنگاوی لەدایك بوونیەوە هەتا دەگاتە رۆژی ئەمرۆ توانیویەتی چەندین وەرچەرخان و شۆڕشی گەورە ئەنجام بدات”.

رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان (ڕژاک)، بە بۆنەی رۆژی ٤ی نیسان ڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “پیرۆزكردنی رۆژی ٤ی نیسان وەك رۆژی ژیانەوە و تێگەیشتن و واتاداین، وەك ژنان كە ئەم لەدایكبوونە لەدایك بوونی ژنی ئازادە و ژیانەوەی كلتووری دایكە خوداوەندە لەسەر ئەم خاكە، دیسان پیرۆزكردنی گەردوونە بۆ لەدایك بوونی نەوەیەك كە تەواوی لاسەنگیەكان هاوسەنگ دەكاتەوە”.

هەروەها دەڵێت: “راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كە له‌دایك بوون و هه‌مووهه‌نگاوه‌كانی رێبەر ئاپۆ بۆ هەموو مرۆڤایەتی وەك لەدایك بوونێكی خۆری ئازادی و چارەسەری بنگەییە بۆ هەموو كیشه‌كانی مرۆڤایه‌تی، وەك تەواوی پێشەنگەكانی جیهان یەكێك لەهەنگاوە سەر سوڕهێنەرەكانی بەرپاكردنی شۆرشی ژنانە و كە وەك ناوەندی تەواوی تێكۆشانە نەتەوەیی و دیموكراتی و مرۆڤایەتییەكانە”.

ڕژاک جەختیشدەکاتەوە کە زیندان ڕێبەر ئاپۆی نەوەستاندووە “نەیاران نەیانتوانی سەركەوتووبن چونكە رێبەر ئاپۆ لەزیندانیشدا جارێكی تر بە شۆڕشە فكریەكەی لەدایكبووە و ژیانەوەیەكی نوێتری بەبەر هەموو مرڤایه‌تیدا هێنایەوە”.

لە کۆتایشدا ڕژاک دووپاتی دەکاتەوە کە  “لەچوارچێوەی هەڵمەتی (كات كاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆیه)‌ گوڕ بە چالاكیەكانمان ده‌دەین و یەكێك لە چالاكیە سەرەكیەكانیشمان گەیاندنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە بە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا بە تایبەتی بەژنان، چونكە پێمانوایە تاكە چارەسەری بۆ هەموو كێشەكانی باشووری كوردستان تێگه‌یشتن و پراكتیزەكردنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە لە باشووری كوردستاندا”.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

"پیرۆزبێت رۆژی ژیانه‌وه‌ و هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی ژنان

سەرەتای مانگی نیسان جەژن و سه‌ری ساڵی هه‌موو گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راسته‌، سەری ساڵی ئاشوورییەكانە و جەژنی چوارشەمەی سووری ئێزیدییەكانە و رۆژی روخانی رژێمی بەعس و رۆژی لە دایكبوونی رێبەری ژنی ئازاد و رێبه‌ری مرۆڤایەتی ئازادیخواز رێبەر “عەبدوڵا ئۆجەلان”ە. وەك رێكخراوەکەمان تەواوی جەژنەكانی سەرەتای ئەم مانگە لە هەموو مرۆڤایەتی ئازادیخواز و گەلی كورد و گەلی ئاشوور و ئێزیدی و بەتایبەتی لە ژنان پیرۆز دەكەین. یەكەم مانگی بەهار سەرەتای ژیانەوەی گەردوون و ژینگە و سروشتە. لەگەڵ ئەم ژیانەوەیەدا ژیانەوەی هەموو بوونەوەرەكانی ناو گەردوونە. هەر بۆیە لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ لەم كاتەدا واتایەكی گەردوونی و فه‌لسه‌فی و ژیانی هەیە.

 لای هەموومان ئاشكرایە كە مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بهاوێژێت و بتوانێت بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەمیدا سەربكەوێت پێویستی بە پێشەنگایەتی و رێبەرایەتی راستەقینە هەبووە، بەتایبەت گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گەلی كورد و ژنان، زۆرجار بەهۆكاری نەبوونی پێشەنگایەتی سەرەرای هەوڵدانی زۆر و قوربانی زۆر نەتوانراوە ئەنجامی جددی وەربگیرێت. ئاشكرایە دەركەوتنی رێبەر ئاپۆ لە یەكەم هەنگاوی لەدایك بوونیەوە هەتا دەگاتە رۆژی ئەمرۆ توانیویەتی چەندین وەرچەرخان و شۆڕشی گەورە ئەنجام بدات. رێبەر ئاپۆ هەریەك لە هەنگاوەكانی خۆی وەك لەدایك بوونێك ناو لێدەنێـت، ده‌ڵێت: یه‌كه‌م له‌دایك بوونم وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك له‌دایك بووم، دووه‌م له‌دایك بوونم بونیادنان و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی كورد بوو.‌ سێهه‌م له‌دایك بوونیش به‌رپاكردنی شۆڕشی زهنیه‌ته‌ به‌ پێشخستنی پارادایمی نوێ له‌زیندانی ئیمرالیدا. راستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كە له‌دایك بوون و هه‌مووهه‌نگاوه‌كانی رێبەر ئاپۆ بۆ هەموو مرۆڤایەتی وەك لەدایك بوونێكی خۆری ئازادی و چارەسەری بنگەییە بۆ هەموو كیشه‌كانی مرۆڤایه‌تی، وەك تەواوی پێشەنگەكانی جیهان یەكێك لەهەنگاوە سەر سوڕهێنەرەكانی بەرپاكردنی شۆرشی ژنانە و كە وەك ناوەندی تەواوی تێكۆشانە نەتەوەیی و دیموكراتی و مرۆڤایەتییەكانە. بۆ سه‌رخستنی ئه‌م شۆرشه‌ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی ژنی كرد و ئایدۆلۆژییای رزگاری ژنان وه‌ك جوانترین دیاری و كوشتنی پیاوێتی كلاسیك وه‌ك پرۆژه‌ی گۆرینی پیاو قوڵترین تێزی ئازادی و هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌تا ده‌گاته‌ ژنۆلۆژیا وه‌ك دایكی هه‌موو زانسته‌كان پێشكه‌شی ‌هه‌موو ژنانی كرد. بێ گوومان ئەم شۆرشە نەك تەنها بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و كوردستان بەڵكو بۆ تەواوی جیهان بۆتە كرۆكی تەواوی گۆرانكارییەكان، كه‌واته‌ “رێبەر ئاپۆ” وەك ئەولادێكی بەوەفای دایكە خوداوەند بووە مایەی ژیانەوەی مرۆڤی ئازاد، هەر بۆیە تەواوی سیستەمە زەبەلاحە دەسەڵاتدارەكانی جیهان هەموو تواناكانیان كردەیەك و لەناو زیندانی نێودەوڵەتیدا لێپرسینەوەی مێژوویی لە رێبەر ئاپۆ دەكەن. تۆڵه‌ی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بەڵام نەیاران نەیاتوانی سەركەوتووبن چونكە رێبەر ئاپۆ لەزیندانیشدا جارێكی تر بە شۆرشە فكریەكەی لەدایكبووە و ژیانەوەیەكی نوێتری بەبەر هەموو مرڤایه‌تیدا هێنایەوە.

 پیرۆزكردنی رۆژی ٤ی نیسان وەك رۆژی ژیانەوە و تێگەیشتن و واتاداین، وەك ژنان كە ئەم لەدایكبوونە لەدایك بوونی ژنی ئازادە و ژیانەوەی كلتووری دایكە خوداوەندە لەسەر ئەم خاكە، دیسان پیرۆزكردنی گەردوونە بۆ لەدایك بوونی نەوەیەك كە تەواوی لاسەنگیەكان هاوسەنگ دەكاتەوە، پیرۆزكردنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتییە كە ئەم لەدایك بوونەوە بۆتە مایەی داگیرساندنی چرای ئازادی مرۆڤایەتی، پیرۆزكردنی كۆمەڵگای كوردەواریە كە بۆ هەتاهەتایە رێرەوی تێكۆشانەكەی راستكرایەوە، پاشان وەك مژدەیەكە بەسروشت كە ئەم شۆرشە گەورەیە سروشت لە دەستی زوڵم رزگار دەكات، ئێمە وه‌ك رێكخراوه‌كه‌مان لەچوارچێوەی هەڵمەتی (كات كاتی ئازادیی رێبەر ئاپۆیه)‌ گوڕ بە چالاكیەكانمان ده‌دەین و یەكێك لە چالاكیە سەرەكیەكانیشمان گەیاندنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە بە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا بە تایبەتی بەژنان، چونكە پێمانوایە تاكە چارەسەری بۆ هەموو كێشەكانی باشووری كوردستان تێگه‌یشتن و پراكتیزەكردنی فكر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە لە باشووری كوردستاندا.

پیرۆزكردنی ئەم رۆژە بەواتای خاوەندارێتی کردنە لەو رەنج و تێكۆشانەی رێبەر ئاپۆ بەتایبەتی رەنجی بێپایانی لە پێناوی ئازادی ژناندا، لەهەمانكاتدا هەڵوێستە لەدژی پیلانگێری نێودەوڵەتی و سیستەمی دەسەڵاتداری شەرمەزار. داوا لە تەواوی ژنان دەكەین وەك ئەركێكی نیشتیمانپەروەری و وەك هەڵوێست لەدژی زوڵمی سیستەم لەسەر ژنان و سروشت و ژینگە. وەك ئەركێكی دیموكراتی و ژینگەپارێزی، بە چاندنی نەمام و به‌هه‌ڵمه‌تی قووڵبونه‌وه و تێگه‌یشتن له‌فكر و رامانی رێبه‌ر ئاپۆ ئەم جه‌ژنە پیرۆز بكەین.

پیرۆزبێت لەدایكبوونی خۆری ئازادی ژنان و ژیانەوەی مرۆڤایەتی

پیرۆزبێت رۆژی لەدایكبوونی ژنانی ئازاد

رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان"