ئەمڕۆ، نیو سەدە تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدکردنی 'سولەیمانی موعینی'دا

لە ڕۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٦٨دا لەسەر داخوازی شای ئێران، بە فەرمانی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و مەلا موستەفای بارزانی، سەرکردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید کرا و تەرمەکەشی ڕادەستی ئێران کرایەوە.


ئەمڕۆ ٥۰ هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی سەرکردە و کەسایەتی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 'سولەیمانی موعینی'یە. 
موعینی،  لە ڕۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٦٨دا بە فەرمانی سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق و خودی مەلا موستەفای بارزانی، شەهید کرا و تەرمەکەشی ڕادەستی ساواکی شاهنشایی ئێران کرایەوە.

ئەوەش دوای ئەوە هات، کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٦٤دا دووچاری لەتبوون هاتبوو. ئەو ڕووداوە قەیرانی زۆری لەنێو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دروستکرد بوو، بۆیە ژمارەیەک کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ڕووناکبیری ئەو حزبە هەوڵی دەربازکردنی حیزبەکەیان دەدا، کە بەتەواوی کەتبوویە ژێر هەژەموونی پارتی و خودی مەلا موستەفا بارزانییەوە.

ئەو کەسایەتییە شۆڕشگێڕانە لەژێر ناوی کۆمیتەی ئینقلانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستیان بە خەبات کرد و سلێمانی موعینییان وەک دەبیر کولی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژاردبوو.

کۆمیتەکە توانی لە ماوەیەکی کەمدا گوڕ و تینێکی شۆڕشگێڕانە بخاتە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جەماوەری ئەو بەشەی وڵاتی وەجوڵە خستبوویەوە. ئەوەش ڕژێمی شای ئێرانی تەواو بێزار کردبوو. ڕژێمی شا لە ڕێگەی دەزگای بەدناو و جاسوسی ساواکەوە داوایان لە بارزانی کرد بوو، تا سنوورێک بۆ خەبات و چالاکی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دیموکرات دابنێت و هەوڵی لاوازکردنیان بدات، بەتایبەتی ڕێوشوێن لە بەرامبەر سولەیمان موعینی دا بگرێتە بەر.

بارزانیش بۆ جێبەجێکردنی داواکاری ساواک، دەستیکرد بوو بە پڕوپاگەندە و ڕەشکردنی ئەو گروپە شۆڕشگێڕە و هاوکات بە دەستوپێوەندی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی  تۆمەتباری دەکردن.

سەرەنجام لە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، پیاوەکانی بارزانی لەسەر ڕێگەی سلێمانی-سیتەک هەردوو شۆڕشگێڕی تێکۆشەر سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباش دەستبەسەر دەکەن، هەر لە جێدا خەلیل شەوباش تیرۆر دەکەن و سولەیمانی موعینیش بۆ بارەگای بارزانی دەبەن و لەوێ سوکایەتی و بێرێزیەکی زۆری پێ دەکرێت و  داوای لێ دەکرێت خۆی ڕادەستی شای ئێران بکاتەوە و بکەوێتە خزمەتی ساواک و ڕژێمی پەهلەویەوە.
بەڵام سولەیمانی موعینی لە وەلامدا پێیان دەڵێت:" لە کاتێکدا شۆڕش لەوپەڕی هەژاریدا بوو، ئێمە چۆکمان بۆ ڕژێمێک دانەدا کە ڕوخێنەری کۆماری کوردستان و بکوژی پێشەوا قازی محەمەد بووە. لەبەرئەوە مەحاڵە سەری خۆمان بۆ ڕژێمێک دانەوێنین کە داگیرکەری کوردستان و تینوی خوێنی کوردانە".

لە سەر ئەو هەڵوێستەی، لە ڕۆژی ١٥ی ئایاری ١٩٦٨ بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە موعینی تیرۆری دەکەن و تەرمەکەشی ڕادەستی ساواکی ئێران دەکەنەوە.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئێستای پارتی، لە لاپەڕەی ٣٦٢ی پەڕتووکی "البارزانی و الحرکة التحرریة الکوردیة"دا ڕەوایەتی بەو تاوانەی بنەماڵەکەی دەدات و سولەیمانی موعینی وەک بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعس و جاشی ٦٦ پێناسەی دەکات.

سولەیمانی موعینی ساڵی ١٩٣٣ لە مهاباد لە دایک بووە. ساڵی ١٩٥٣ لە شۆڕشی پێشکەوتنخوازی 'دکتۆر موسەدق'دا ڕێکخەری گەنجان دەبێت و ڕێکخراوی لاوانی حیزبی دیموکرات دادەمەزرێنێت. ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت و پاشان بە بارمتەی ١٠ هەزار تمەنی ئەو سەردەمە لە زیندان ئازاد دەکرێت. لە کاتی شەهیدکردنیشدا، سکرتێری گشتی کۆمیتەی ئینقلابی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

هـ.هـ