بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی گەلان: لە دیلۆک ٩ سەرباز کوژران و بریندار بوون

بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) رایگەیاند، یەکەى تۆڵەى زەینەب کناجیی بزووتنەوەکەیان لە دیلۆک لە ئۆتۆمبێلێکى سەربازییان داوە و بەو هۆیەوە ٤ سەرباز کوژراون و ٥ سەربازی تریش بریندار بوون.

یەکەی تۆڵەى زەینەب کناجی لە بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) لەبارەى چالاکییەکەیانەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "دوێنێ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ بۆ بەرزراگرتنی یادی قاسم ئەنگین ئۆتۆمبێلێکى سەربازیی فەرماندەیی لیوای یەکی سنوور لە دیلۆک لەلایەن یەکەکەمانەوە کرایە ئامانج. لەو چالاکییەدا ٤ سەرباز کوژران و ٥ سەربازی تریش بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان قورسە. هێزەکانمان دەستیشان گرت بەسەر چەک و جبەخانەى ناو ئۆتۆمبێلەکەدا.

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەڵدەوەشێت

دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە و مەهەپە چووەتە قۆناغی هەڵوەشاندنەوە و جارێکیتر لە بەرامبەر چالاکییەکانماندا دەستەوەستان مانەوە. دەسەڵاتی فاشیست کە بە تەکنەلۆژیا و سەرباز ئۆپراسیۆنی بۆ سەر گەریلا زیادکردووە، لە بەرامبەر تێکۆشانی ئێمەدا لە چیاکان و شارەکاندا خۆی پێ راناگیرێت و تێکدەشکێت.

تێکۆشانی شۆڕشی یەکگرتوانەمان بە پێویستیی ئەوەى کە دەبێت ئەو فاشیزمە لەبەر یەک هەڵوەشێت درێژە بە چالاکییەکانى دەدات. لە ئەمڕۆەوە یەکەی تۆڵەى زەینەب کناجیی هەبدەهە رۆحی فیدایی دەخاتە ناو شۆڕش یەکگرتوانەى تێکۆشانەکەمان.

شۆڕشگێڕەکانمان لە تێکۆشانی هاوبەش چاویان بڕیوەتە سەرکەوتن و سەرفیرازی. ئێمە بەڵێن و پەیمانمان بە هاوڕێ نەمرەکانمان داوە، کە کۆتایی تێکۆشانەکەمان شکۆدار و رێزدارانە بێت! بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی یەکگرتوانەمان سەر دەکەوێت".

ژ.ت