زنجیرە هەوڵێکى میت و سوپاى تورک لە برادۆست لە دژی گەریلا شکستى هێنا

سویای توركی داگیرکەر دەیەوێت لە ناوچەى برادۆست سیناریۆی نوێ لە دژی هێزەکانى گەریلای ئازادیى کوردستان بەکاربهێنێت، بەڵام زنجیرە هەوڵەکانیان شکستى هێناوە.

سوپا و دەزگاى سیخوڕیى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر (میت) لە نوێترین هەوڵیاندا لە دژی هێزەکانى ئازادیى کوردستان لە ناوچەى برادۆست، دەیانەوێت لە ڕێگەی میتەكانی خەڵكی باشووری كوردستانەوە خەڵک لە دژی هێزەکانى گەریلا هانبدەن.

هاندانی میت لە دژی پەکەکە

توركیا بە ھێرشی ئاسمانی و بۆردومانى بەردەوامى فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی سیخوڕی و تۆپخانەکانى و بە دروستکردنی بنكەی سەربازی لە ناوچەی برادۆست لە باشووری کوردستان سەرکەوتو نەبوو، بۆیە ئێستا ئەو سوپا داگیرکەرە و میتی تورک لە تازەترین هەوڵیدا دەیەوێت خەڵك دژی ھێزەكانی گەریلای كوردستان ھان بدەن و بۆ ئەوەش كۆبوونەوەیان لەگەڵ ھاووڵاتییانی برادۆست ئەنجامداوە.

بەپێی زانیارییەكان لە ھەرێمی برادۆستەوە، سوپای توركی داگیرکەر دەیەوێت گروپ گروپ هاووڵاتییانى ناوچەکە رابهێنێت کە دژی هێزەکانى گەریلاى کوردستان بوەستنەوە، یان پێیان بڵێن دەبێت سنوورەكە چۆڵ بكەن، ئەگەر نا خەڵك لە دژتان رادەپەڕێت.

بۆ ئەو کارەش میتەکانی تورك لە ھەولێرەوە سەردانی سۆران و برادۆست و گوندەكانی دەشتەھێرتیان كردووە و بە ھاووڵاتییانیان وتووە، دەبێت ھاوكاریمان بكەن و دەبێت لە دژی پەكەكە بوەستنەوە. لەو کاتەدا میتەكانی توركیا ئەوەیان بیرچووبووە، کە ھەموو ڕۆژێك دەوڵەتی توركی داگیرکەر ئەو ناوچەیە بۆردومان دەكات و زیان بە ھاووڵاتییان و گوندنشینان دەگەێنێت و ھاووڵاتییانی ئەو سنوورە لەسەر دەستی ڕژێمە داگیرکەرەکەیان بوونەتە قوربانی .

دروستکردنى گروپ لەلایەن میتەوە بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە

موختاری یەكێك لە گوندەكانی ھەرێمی برادۆست ئەو هەوڵەى سوپاى داگیرکەری تورک و میتەکانی بۆ ئاژانسی ھەواڵی فورات (ANF)  پشتڕاستكردەوە و وتی، ئەمە یەکەمجار نییە میتەكانی توركیا ئەو کارە لە ناوچەکەمان دەکەن. لە تازەترین هەوڵیاندا دەیانخواست خەڵك بەشێوەی گروپ لە دژی پەکەکە ھان بدەن، بەڵام خۆڕاگریی خەڵكی ھەرێمی برادۆست ئەو کارەی میتەكانی توركیای پەکخست و هاووڵاتییان ئامادە نەبوون هاوکارییان بکەن و پێیان راگەیاندوو، ھەرگیز ھاووڵاتییانی ھەرێمی برادۆست كارێكی لەو شێوەیە لە دژی ھێزەكانی گەریلا ناکەن، بەڵكو دەبێت سوپای توركیا خاكی ھەرێمی برادۆست چۆڵ بكات، كە خاكەكەی بەزاندووە و ڕۆژانەش بۆردومانی دەكات.

موختاری گوندەكە وتیشی: قسەیەكی وامان بە میتەكانی توركیا گووتوە، کە باوەڕ ناكەین جارێكیتر بێنەوە بۆ ھەرێمی برادۆست، چونكە میتەكان لە ترسی خەڵک پەلەیان بوو بگەڕێنەوە بۆ ھەولێر. خەڵک بەهۆی ئەو بڕیارەوە زۆر لێیان توڕەبوون، بۆیە زۆر بەخێرایى دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ كونسوڵخانەی توركیا لە ھەولێر. بەپێیی ئەو زانیارییانەى دەست هاووڵاتییان کەوتووە، میتەكان لە توركیاوە ھاتبوون و كۆنسوڵخانەی توركیاش لە هەولێر ناردبوونی بۆ ھەرێمی برادۆست، بەڵام پیلانەكەیان پووچەڵ بووەتەوە .

میت بە ناوی کاری رۆژنامەوانییەوە سیخوڕی دەکات

هاوکات بەپێى زانیارییەکانمان، میتەكانی توركیا بە بیانووی کاری رۆژنامەوانی بۆ ماڵپەڕ و کەناڵەکانى توركیا چوونەتە ھەرێمی برادۆست و دەیانخواست ڕاپۆرت لەسەر ئەو شوێنانە ئامادە بكەن، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگی و تۆپخانەکانى سوپای تورکی داگیرکەرەوە بۆردومان دەکرێن، بەڵام خەڵكی ناوچەكە بە چاونەترسی ئەو میتانەیان لە سنوورەکە دەركردووە و پێیان راگەیاندوون جارێكیتر نەگەڕێنەوە بۆ برادۆست.

هەروەها خەڵكی برادۆست بە میتەكانی توركیان راگەیاندووە، گەریلاكانی كوردستان خوێنیان لە سنوورەكەی ئێمە ڕشتووە و چەندین شەھیدیان لە پێناو ئازادیی كوردستان بەخشیوە. هەرگیز گەریلاكانی كوردستان شوێنەكانی خۆیان بۆ دوژمنی گەلی كورد چۆڵ ناكەن و ئەو داواکاری و هەوڵەى ئێوە جێی قبولكردن نییە .

لە بەردەوامیى بەرەنگاریى هاووڵاتییان دا، هاووڵاتییان ئەوەشیان پێوتون، چیتر میتەكانتان مەنێرن بۆ سنوورەكە، هەر چۆن خەڵك لە شیلادزێ خۆپیشاندانیان دژی ھێرشەكانی توركیا كرد و چوونە سەر بنكە سەربازییەكانی توركیا و ئاگریان تێبەردان، دوور نییە ئەو خۆپیشاندانانەش لە ھەرێمی برادۆست دووبارە نەبنەوە و ئاگر لە بنكە سەربازییەكانتان بەردەن و لە ناوچەكەیان دەریان بكەن .

میت بە ناوی سەرژمێرییەوە هەوڵی سیخوڕی دەدات

لە سەرەتاى ئەمساڵیشدا میتەکان بە ناوی سەرژمێری چووبوونە ناوچەکە و سەردانی ماڵی هاووڵاتییان کردبوو و خواستبویان وردەکاریی ژیانى هاووڵاتییان و پێگەى جوگرافیى ناوچەکە و ئامارە جۆراجۆرەکان بۆ مەبەستە سیخوڕەکانیان کۆبکەنەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتى هەرێم و بەغدا هیچ پلانێکى سەرژمێرییان لە هیچ ناوچەیەکى هەرێم و عێراقدا نییە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە دواى راپەڕینى خەڵکی شیلادزێ چەندینجار کۆبوونەوەی لەگەڵ هاووڵاتییان کردبوو و هەوڵیاندا بوو هاووڵاتییان لە دژی پەکەکە بجوڵێنن، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان شکستى هێنا و هاووڵاتییان هەموو داواکانیان رەتکردنەوە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر نزیکەى ٣٠ بنکەى سەربازیى لەسەر خاکى باشووری کوردستان دروستکردووە و تاوەکو ٢٩ ئۆپەراسیۆنى گەورەى بۆ سەر خاکى باشووری کوردستان لە دژی هێزەکانى ئازادیى پەکەکە ئەنجامداوە و هیچ ئەنجامێکیشی بەدەستنەهێناوە. لە ساڵی رابردووە کە ناوچەى برادۆستى داگیرکردووە کار بۆ ئەنجامدانى ٣٠هەمین ئۆپەراسیۆنى دەرەوەى سنوور بۆ سەر پەکەکە دەکات. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو، قەندیل داگیردەکەن و لە مانگی حوزەیراندا پەکەکە لە هیچ شوێنێک ناهێڵن، بەڵام لەوەشدا شکستیان هێنا.

****

***

***

***

 

ر.م