زەینەب جەلالیان لە کوێیە؟

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە کەسێکی ئەندامی خانەوادەی جەلالیان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا کردووە، زەینەب جەلالیان بۆ زیندانی کرمان گواستراوەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نازانرێت لە چ دۆخێکدایە.

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد ٢١ی حوزیران دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردبوو و دوای ٦ ڕۆژ واتە ٢٧ی حوزەیران لە زیندانی قەرچەکەوە بۆ شوێنێکی تر گواسترایەوە.

کەسیكی ئەندامی خانەوادەی جەلالیان بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، کەسێک کە ڕایگەیاندووە لە زیندانی قەرچەکەوە تەلەفۆنی کردووە بە خانەوادەی جەلالیانی وتووە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژمارەیەک کارمەندی حکومەت زەینەب جەلالیانیان لە زیندانی قەرچەکەوە بۆ زیندانی کرمان گواستووەتەوە. بە پێی زانیاریەکان نامەیەک بۆ عەلی جەلالیان باوکی زەینەب جەلالیان نێردراوە کە کچەکەی بۆ بەشی یەکەمی زیندانی کرمان گواستراوەتەوە.

بەڵام تا ئێستا خانەوادەی جەلالیان نەیتوانیوە ئەو زانیاریانە پشتڕاست بکاتەوە.

ف.ق