فەرماندە ئەرسی: دەوڵەتی تورک لە حەفتانین سەرناکەویت

ڕزگار ئەرسی فەرماندە لەناو هەپەگەدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە حەفتانین بێچارە بووە و لەگەڵ ئەو هەموو تەکنیکەش بەڵام ناتوانێت سەربکەوێت.

ڕزگار ئەرسی فەرماندە لەناو هەپەگەدا بۆ ڕادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد. فەرماندار ئەرسی ڕایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی باشووری کوردستانە و دوو ساڵە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو پلانە دەدات و وتی،"هەوڵ دەدات کە گۆڕەپانێکی داگیرکراوی ٣٠ – ٤٠ کیلۆمەتر دروست بکات. ئەگەر بتوانێت، دەتوانێت لە قەندیل تا شەنگال لەسەر هێڵێک بەردەوامی بە هێرشەکانی بدات. بەم شێوەیە هێڵێک دروست بکات. ئەگەر بتوانێت هەرێمە شاخاویەکانی باشووری کوردستان و نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر داگیر بکات. ئەو کاتە لە زاخۆ تا سلێمانی بە تەنها هێڵێکی باریکی دەشتایی بۆ خەڵكی باشوور دەمێنێتەوە. خۆی هێرشەکانی سەر مەخموور، گەریلا و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ئەنجامدراون و ئەوەش نیشانەی دەستپێکردنەوەی ئەو قۆناغەیە."

گەریلا دەبێتە قەڵغان

ڕزگار ئەرسی وتیشی،"دەوڵەتی تورک دەزانێت ناتوانێت بە ئاسانی پلانەکەی جێبەجێ بکات و لەبەرئەوەش لە حەفتانینەوە دەستی بە هێرشی داگیرکەری کرد. ٩ ڕۆژە 'ئەو ڕۆژەی بۆ رادیۆکە قسەی کرد ٩ ڕۆژ بوو' لە چیاکانی پیرۆزی حەفتانین شەڕ و بەرخۆدانێکی گەورە هەیە. گەریلاکانی کوردستان بێگۆمان لاشەیان دەکەنە قەڵغان و بەم شێوەیە تێدەکۆشن. بە قاڕەمانێتی لەدژی داگیرکەری دەوەستنەوە و گورزی گەورە لە دەژمن دەدەن."

ئاماری کەمی ٨ ڕۆژ

لەبارەی ئاماری شەڕ و بەرخۆدانی ٨ ڕۆژ ئەرسین وتی،"لەماوەی ٨ ڕۆژدا هێزەکانی گەریلا ٢٠ چالاکیان ئەنجامداوە. ١٥ جار گورزیان لە هەلیکۆپتەرەکان وەشاند و زۆربەیان بە ناچاری بۆ هەرێمەکانی تر کشانەوە. بە دەیان چالاکی سابۆتاژ ئەنجامدرا. زیاتر لە ٧٠ سەربازی توورک کوژراون و بە دەیان سەرباز برینداربوون. لەماوەی ٨ ڕۆژدا پێنج هەڤاڵی ئێمە کە بەرخۆدانیان کرد، تێکەڵ بە سوپای نەمران بوون. دۆخەکە بەم شێوەیەیە.

گەریلا ئەم پلانە تێکدەدات

فەرماندە ئەرسی راشیگەیاند، گەریلا هێزێکی فیداییە کە خاوەن عەقڵیەتێکی سیاسی، متمانە و هێزی خۆیەتی و خۆشەویستی گەل و نیشتمان لە ئاستێکی گەورەدا لە دڵیدایە و وتی،"لەبەرئەوەش دوو گەریلامان لە بەرەیەکی زۆر فراوان دەتوانن لەبەرانبەر هەزاران سەرباز شەڕ بکەن و بەرخۆدان دەکەن. ئێمە دەزانین سوپای داگیرکەر چەند دەترسێت و لە بەرانبەر گەریلا لە چ دۆخێکدایە. قاڕەمانێتی هەڤاڵانمان سەردەکەێت. با هەموو کەسێک بزانێت پلانی نوێی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە بەرنابەر بەرخۆدانی گەریلا بێچارە بووە و تێکدەشکێت.

هەموو بستێکی کوردستان هێلانەی ئێمەیە

بە هەموو شێوەیەک گەریلا لەم خاکە پیرۆزە دەمێنێتەوە و گەلەکەی لە دوژمن دەپارێزێت. ئێمە گەریلاین. دەڤەرێک نییە کە چەند رۆژێک یان چەن ساڵێک تێیایدا بمێنینەوە. هەموو بستێکی کوردستان جێگای ئێمەیە و هێلانەی ئێمەیە. ئێمە ئەمڕۆ لێرەین، سبەینێ لە هەموو شوێنێکین. ئێمە هێزێکی پرۆفیشناڵین. بە عاقڵی دەجووڵێینەوە و تاکتیکی شەڕی سەردەمی نوێ بەکاردەهێنین. ئێمە بە تەئکیدی ڕێگا نادەین کە دوژمن لەسەر خاکەکەمان بە ئاسانی و ئارامی بجووڵێتەوە، ئێمە ڕێگا نادەین دوژمن لەسەر خاکەکەمان بمێنێتەوە."

گەریلا بەرپرسیاری خۆی دەزانێت

فەرماندە ئەرسی ئاماژەی بەوەشکرا گەریلاکانی کوردستان لەدژی ئەو هێرشانە لە هەموو جێگایەک بەرخۆدان دەکەن، لە ئیستا بەدواوەش دەبنە پێشەنگی شەڕی گەورە و وتی،" مۆڕالی گەریلا لە هەموو کاتێک زیاتر بەرزە. دەزانێت کە بەرپرسیاری دۆزێکی مێژوویی خستووەتە سەر شانی. خۆی لە بەرانبەر هەموو گەلی کوردستان بەرپرسیار دەبینێت. ئێمە باش دەزانین کە ئەگەر پشتگیری و داواکاری تێکۆشانی گەلەکەمان نەبێت، هیچ واتایەکی تێکۆشانمان نامێنێت. هەروەها ئەگەر ئێمە نەبین گەلەکەشمان لەبەرانبەر هێرش و کۆمەڵکوژیەکان، بێبەرگری دەبێت. ئەو کاتە دەوڵەتی فاشیست و قڕکەری تورک دەتوانێت بە ئاسانی لەدژی گەلی ئێمە سیاسەتی قێزەون بەرێوەببات. لەبەرئەوەش تێکۆشانی ئازادی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار تا سەرکەوتن بەردەوام دەبێت. پێویستە گەلەکەمان متمانەی هەبێت و پشتڕاست بێت. ئێمە لەدژی فاشیزم تا دوایی شەڕ دەکەین و ڕێگا نادەین کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرچیەکی بوێت جێبەجێی بکات."

پێویستە هەموومان لەناو جووڵەدابین

ڕزگار ئەرسی فەرمانداری هەپەگە ئاماژەی بەوەشدا کە گەلی باکووری کوردستان و گەلانی تورکیا پێویستە ئیرادەی خۆیان لەدژی فاشیزم بەهێز بکەن و وتی،"چالاکی گەنجانمان زیادیان کردووە، ئەو چالاکیانە دەتوانرێت زیاتر فراوان بکرێن. هەموو مرۆڤێکمان لەدژی ڕژێمی فاشیست و داگیرکەر پێویستە چالاکی ئەنجامبدات. دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە ئاسانی لەناو ئەم شەڕە بچێتە دەرەوە و بە دەستی خۆی کۆتایی بە خۆی بهێنێت. ئەمە دوایین هەوڵی ڕژێمی فاشیستە. لەبەرئەوەی گەیشتووتە کۆتایی و هێرش دەکات. دەزانێت کە ئەگەر لەشەڕدا دۆڕا تێکدەشکێت. ئێمە ئەم دوژمنە فاشیستە دەخەینە ناو زبڵدانی مێژووە و ئاڵای ئازادی لە هەموو چیاکانی کوردستان دەشەکێنینەوە."

ف.ق