موسته‌فا قه‌ره‌سوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆما جڤاكێن كوردستان - كه‌جه‌كه، هه‌ڵبژاردنی ٢٤ی حوزه‌یران، فرتوفێڵهكانی ئاكه‌په و تێكۆشانی دژ به ئه‌وانی بۆ ڕۆژنامه‌ی «یه‌نی ئۆزگور پۆلیتیكا» هه‌ڵسه‌نگاند.
قه‌ره‌سوو ئاماژه‌ی به لێدوانی ئیلنوور چه‌ڤیك یه‌كێك له ڕاوێژكاره‌كانی ئه‌ردۆغان كرد كه به‌مه‌به‌ستی ڕاكێشانی ده‌نگی كوردان گوتبووی له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان «له‌وانه‌یه پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌ستپێبكات»، دواتریش وته‌بێژی سه‌رۆك كۆمار ئیبراهیم كالن لێدوانی دا و گوتی: «شتێكی وه‌ها نییه».
موسته‌فا قه‌ره‌سوو له‌و باره‌یه‌وه گوتی: ئه‌وه‌ی وای كرد ئه‌م دوو كه‌سه ئه‌و لێدوانانه بده‌ن، ته‌یب ئه‌ردۆغانه. له ڕێی ئیلنوور چه‌ڤیك-ه‌وه ویستی كۆمه‌ڵگه‌ی كورد كه له دژی ئاكه‌په زۆر توڕه‌یه، نه‌رم بكات و ده‌نگی كوردان به‌ده‌ستبێنێت. له ڕێی ئیبراهیم كالن-یش ڕه‌تی كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزهفاشیست و دوژمنه‌كانی كورد كه له‌نێو هاوپهیمانهتییهكهیدان، له لای خۆی بیانهێڵێته‌وه.
قه‌ره‌سوو هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه به‌رپرسانی ئاكه‌په جار جار درۆ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن «له ئیمڕاڵی دیدار به‌ڕێوه‌ده‌چن» و به‌م شێوه‌یه ده‌یانه‌وێت مێشكی كۆمه‌ڵگه ئاڵۆز بكه‌ن. به‌م ڕێبازه ده‌یانه‌وێت تێكۆشانی گه‌لی كورد له دژی فاشیزم سست بكه‌ن و كۆمه‌ڵگه‌ی كورد بخه‌نه نێو چاوه‌ڕوانییه‌كی پووچ و به‌تاڵ.
موسته‌فا قه‌ره‌سوو ده‌ستنیشانی كرد كه له لایه‌كه‌وه گۆشه‌گیرییه‌كی قورس و زه‌ختێكی ده‌روونی به‌سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالاندا فه‌رز ده‌كه‌ن، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به درۆی «دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رایه‌تی» هه‌وڵده‌ده‌ن پیشانی بده‌ن كه دۆخه‌كه خراپ نییه.
«له نیسانی ٢٠١٥ به‌دواوه، گۆشه‌گیرییه‌كی توند له ئیمڕاڵی هه‌یه. ناهێڵن خانه‌واده‌ی زیندانییه‌كانی دیكه‌ش بچنه ئیمڕاڵی. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه گۆشه‌گیرییه‌كی چه‌نده قورس له ئارادایه. نایانه‌وێت كه‌سێك له ده‌ره‌وه بێت، ڕووی كه‌سانی ئه‌وێ ببینێت. له ئاستێكی وه‌هادا گۆشه‌گیری هه‌یه.»
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه موسته‌فا قه‌ره‌سوو ڕاشیگه‌یاند: «پێویسته هه‌موو كه‌س بزانێت كه هیچ زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد وه‌رناگیرێت. به هیچ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رایه‌تی نییه. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه به‌ته‌واوی پچڕێندراوه. هێرشه‌كان بۆ له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد و گۆشه‌گیریی توند، ڕاسته‌وخۆ به‌یه‌كه‌وه گرێدراون. ئه‌م گۆشه‌گیرییه بۆ ئه‌وه به‌كارده‌هێنرێت تا زه‌ختێكی ده‌روونی له په‌كه‌كه و گه‌ل بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه بڕیارداری خۆیان بۆ له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد پیشان ده‌ده‌ن.»
قه‌ره‌سوو ده‌ستنیشانی كرد كه پێویسته هیچ كه‌س به قسه ناڕاسته‌كانی ئیلنوور چه‌ڤیك باوه‌ڕ نه‌كات.
«به‌م قسانه ده‌یانه‌وێت بڵێن -پێشتر پڕۆسه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری- هه‌بوو. به‌ڵام پێشتریش هه‌رگیز پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری نه‌بووه. ڕێبه‌ر ئاپۆ ویستی ئاكه‌په بخاته نێو پڕۆسه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری، به‌ڵام سه‌رینه‌گرت. چونكه ئاكه‌په له زیهنیه‌ت و سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا، وازی له مێتینگه‌ریی قڕكه‌ر نه‌هێناوه. له‌به‌رئه‌وه ئێمه له ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥شدا گوتبوومان كه پڕۆسه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری نییه. ئه‌گه‌ر ناو له‌و پڕۆسه‌یه‌ی هه‌یه بنرێت، ده‌كرێت بگوترێت -پڕۆسه‌ی هه‌وڵدان بۆ به‌شداریپێكردنی ئاكه‌په له پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری-. ئاكه‌په كه ئه‌و كات نه‌چووه نێو پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری، ڕێی تێناچێت كه ئێستا بێته نێو پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری یان ببێته لایه‌نێكی پڕۆسه‌یه‌كی وه‌ها.»
موسته‌فا قه‌ره‌سوو له درێژه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌گه‌ر له توركیا پڕۆسه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد ده‌ستپێبكرێت، ئه‌مه به تێكشكاندنی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په ده‌كرێت. كاتێك كه فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په شكستی هێنا، ئه‌و كاته ڕێ له به‌رده‌م به‌دیموكراتیبوونی توركیا ده‌بێته‌وه و زه‌مینه‌یه‌كی به‌هێز بۆ چاره‌سه‌ریی پرسی كورد ده‌ئافرێت. گوتیشی: «له‌به‌رئه‌وه پێویسته پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ریی پرسی كورد وه‌ك پڕۆسه‌ی تێكۆشان له دژی هاوپه‌یمانه‌تیی فاشیستی ئاكه‌په - مه‌هه‌په ببینرێت. گه‌شكردنی تێكۆشان له دژی فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په به مانای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌رییه. له‌وه بترازێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت باسی پڕۆسه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری بكرێت.»
«ئه‌وانه‌ی له ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥ له‌پێناو چاره‌سه‌ریی پرسی كورد نه‌یانتوانی هه‌نگاو بنێن، ڕێی تێناچێت كه له‌م كاته‌دا هه‌نگاو بنێن. ئامانجی ئێستای ئه‌وان له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد و نه‌هێشتنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورده. له توركیا قانوونی ده‌سه‌ڵاتداربوون، له‌ناوبردنی داواكارییه‌كانی ئازادیی كوردانه. له توركیا ئالته‌رناتیڤێكی دیكه‌ی حكوومڕانیكردن-یش، به‌دیموكراتیكردنی توركیایه. فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په زۆر دووره له‌مه. ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌كی وه‌هایه كه هه‌نگاو به هه‌نگاو له دیموكراتیبوون و چاره‌سه‌ریی پرسی كورد خۆی به‌دوور ده‌گرێت. چاوه‌ڕوانیی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له ده‌سه‌ڵاتداره‌تییه‌كی وه‌ها، به مانای نه‌بینی ڕاستییه.»
قه‌ره‌سوو گوتی: به له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په - مه‌هه‌په، دیموكراتیبوون و چاره‌سه‌ریی پرسی كورد ده‌موده‌ست پێكنایه‌ت، به‌ڵام ڕێ له به‌رده‌م دیموكراتیبوون ده‌كاته‌وه.
موسته‌فا قه‌ره‌سوو له كۆتایی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیدا ڕایگه‌یاند: پێویسته هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٤ی حوزه‌یران وه‌ك هه‌نگاو و چالاكییه‌كی گرینگی له‌ناوبردنی ته‌یب ئه‌ردۆغان، ئاكه‌په و به‌دیهێنانی دیموكراتیبوون، ببینرێت. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته به‌ر له هه‌ر شتێك هه‌ده‌په به‌ندی هه‌ڵبژاردن تێپه‌ڕێنێت و به كاریگه‌رییه‌وه جێگه‌ی خۆی له په‌رله‌مان بگرێت.
s.m