لە ماوەی مانگێکدا ٩١٣ خێزان بۆ شەنگال گەڕانەوە

کۆمسیۆنی پێشوازیکردنی ئاوارەکانی شەنگال لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە مانگی حوزیراندا ٩١٣ خیزان بۆ شەنگال گەڕاونەتەوە.

لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانیش زیادیکردووە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال بۆ پێشوازیکردنی ئاوارەکان، ١٥ی ئایاری ٢٠٢٠ کۆمسیۆنێکی دامەزراند.

کۆمسیۆنەکە لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە مانگی حوزەیراندا راگەیەنراوێکی بڵاکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، کۆمسیۆنەکەیان لە دەزگاکانی بەڕێوەبردن و ئاسایشی شەنگال پێک دێت و کاریان پێشوازیکردنی ئاوارەکان و رەخساندنی بارودۆخی لەبارە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

لە ڕاگەیەنراوەکە باسی ئەوەشدەکرێت، بەهۆی دۆخی شەڕەوە لە شەنگال بیناسازی و ئاو و کارەبا لەناوجووە و ئەوانیش هەوڵ دەدەن خزمەتگوزاریەکان لە هەرێمەکە زیاد بکەن.

هەروەها بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئاوارەکان، ئەوان لە ڕێگەی شارەوانیەوە هەوڵی هاوکاریکردنی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە دەدەن، ماڵەکانیان پاکدەکەنەوە و گەڕانەوە ڕۆژانە بەردەوامە.

کۆمسیۆنی پێشوازیکردنی ئاوارەکانی شەنگال لە کۆتاییدا داوای لە ئاوارەکانی کەمپەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و خاوەنداری لە شەنگال بکەن.

ف.ق