ئه‌و ٤٣ پەرلەمانتاره‌ى پەرلەمانى هه‌رێمی کوردستان، له نووسراوه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: «ئێمه ژمارەى یاسایی ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان کە ناو و واژۆمان لە نووسراوەکە هاتووە، داوادەکەین کۆبوونەوەى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان تەرخانبکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەموکوڕییەکانى سیسته‌مى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و ساختەکارى لە ئەنجامەکانى.»
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئەو کەموکوڕی و ساختەکارییانە بووەتە هۆکارى نەمانى متمانە و دروستبوونى بۆشایی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان. ده‌ستنیشانیشی ده‌كه‌ن كه بەپێى ماددەى ٥٤ بڕگەى دووەم خاڵەکانى ٢-٣ لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان هەروەها بڕیارى ژمارە ١ى ساڵى ٢٠٠٥ کە پەیوەستە بە پرسە چارەنووسسازەکان ئەم داواکاریانەیان پێشکەش کردووە.
لەپاش هەڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ١٢ی ئایار-دا و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان، هەندێک لایەنى هەرێم نیگەرانى خۆیان لە دەرئەنجامەکان ڕاگەیاند و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان - یه‌نه‌كه و پارتی دیموكراتی كوردستان - په‌ده‌كه‌یان بە هاککردنى سیسته‌مى دەنگدان و دەستکاریکردنى دەنگەکان تۆمەتبار کرد. هاوکات ئەو لایەنانە داوایان کرد یان جیاکردنەوەى دەستى بۆ سندووقەکانى هەڵبژاردن بکرێت یان هەڵبژاردنەکە هەڵوەشێتەوە و دووبارە بکرێتەوە.
s.m