پرۆفیسۆر تورگای: دەبێت کورد پێش هەموو شتێک خاوەنداری لە مافەکانی خۆی بکات

پرۆفیسۆری ئیلاهیات و ئاینناسیی نورەدین تورگای رایگەیاند "ستەمکار و دووڕوو، تایبەتمەندییەکانی ماف، دادپەروەریی و ئاشتیخوازیی ئیسلام نابینن و ئایین بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دەهێنن".

پرۆفیسۆری ئیلاهیات و ئاینناسیی نورەدین تورگای رایگەیاند "ستەمکار و دووڕوو، تایبەتمەندییەکانی ماف، دادپەروەریی و ئاشتیخوازیی ئیسلام نابینن و ئایین بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکار دەهێنن".

پرۆفیسۆر نورەدین تورگای بۆ ئەو کوردە مسوڵمانانەی کە دەڵێن "بمرێت ئیسرائیل"، وتى "کەسانێک کە نەتوانن خاوەنداریی لە مافەکانی خۆیان بکەن، ناتوانن خاوەنداریی لە مافی کەسانی تر بکەن".

پرۆفیسۆری ئیلاهیات و ئاینناسیی نورەدین تورگای بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ' ANF' دوا و ڕایگەیاند "کەسانێک هەن کە بە بەکارهێنانی ئایین دووڕوویی دەکەن. بەوەش بەر بە خێر و خۆشی دەگرن. لە ئیسلامدا وشەی سوڵح بەمانای ئاشتی دێت. ئاشتی بە ماف و دادپەروەریی دەبێت. ئەگەر ئێمە بە خۆمان دەڵێین موسوڵمان و ڕۆژوو دەگرین و نوێژ دەکەین، دەبێت زیانمان بۆ کەسانی تر نەبێت. دەبێت ستەم لە هیچ کەسێک نەکەین. خودا دەستنیشانی دەکات، کە کوشتنی مرۆڤێک، کوشتنی هەموو مرۆڤایەتییە. ڕزگارکردنی مرۆڤێکیش، ڕزگارکردنی تەواوی مرۆڤایەتییە. ئەگەر ئێوە هەنگاوێکی نادروست بنێن، ئەوا ناکەونە سەر ڕێگای ڕاست. ئەوە هەنگاوە هەڵەیە ئێوە دەخاتە ناو شەڕو خوێنەوە".

پرۆفیسۆر تورگای دەستنیشانی کرد، کە قەدەغەکردنی فیکر و تێڕوانینی مرۆڤەکان بە واتای کوشتنی مرۆڤایەتیی دێت و ڕایگەیاند "جیاوازی هەرە گەورەی ئیسلام لە ئایینەکانی تر ئەوەیە. بەڵام بە داخەوە مسوڵمانان ئەوە جێبەجێ ناکەن. بە پێچەوانەی ئەوەوە دەجوڵێنەوە. ئەگەر من بۆ خودا نوێژ دەکەم و ڕۆژوو دەگرم، دەبێت نەهێڵم خوێنی کەسێک بڕژێت. نەهێڵم ناهەقیی لە کەسێک بکرێت. دەبێت ئێمە دوور لە شەڕ، بە شێوەیەک بژین کە زیان بە کەسانی تر نەگەیەنین. ئەوەی کە دووبەرەکی و جودایی دەخاتە نێو مرۆڤەکان، مافی ئەوەی نییە باسی ئیسلامبوون بکات. قورئان و ئیسلام بە شێوەیەکی یەکسان سەیری کەسەکان دەکەن".

پرۆفیسۆر نورەدین تورگای ڕوونی کردەوە، کە کردارەکانی ئەمڕۆی مسوڵمانان بەپێی ڕاستیی ئیسلام نییە و ڕایگەیاند "ئەوانەی ئەمڕۆ هەڵدەستن و دەڵێن 'بمرێت ئیسرائیل'، دەبێت باش بزانن کە رێژەی دانیشتوانى ئیسرائیل ٠.٥% ڕێژەی دانیشتوانى مسوڵمانانە. یەکێتى و یەکگرتن گرنگە بە کوردیشەوە. کورد چەندی دەڵێت 'ئێمە مسوڵمانین' با بڵێن، بەڵام تاوەکو خاوەندارى لە خۆیان و ماف و حەقەکانیان نەکەن، ناتوانن خاوەندارى لە مرۆڤى تر بکەن. بە هەر ئەندازەیەکیش بە خۆیان بڵێن 'ئێمە مسوڵمانین'، وتەیەکى راست نییە، ئەگەر بەپێى ئیسلام مافەکانیان نەپارێزن و بەرگریى لێ نەکەن".

ر.م