پەرلەمانتارانی هەدەپە: ڕێ لە بەردەم ژیانێکی ئازاد دەکەینەوە
پەرلەمانتارانی هەدەپە فەلەکناس ئووجا و ئایجان ئیرمەز جەختیان کردەوە کە لە ٢٤ی حوزەیراندا ڕێگه له فاشیزم دەگرن و ڕێ لە بەردەم ژیانێکی ئازاد دەکەنەوە.
پەرلەمانتارانی هەدەپە فەلەکناس ئووجا و ئایجان ئیرمەز جەختیان کردەوە کە لە ٢٤ی حوزەیراندا ڕێگه له فاشیزم دەگرن و ڕێ لە بەردەم ژیانێکی ئازاد دەکەنەوە.
پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتیی گهلان - هەدەپە فەلەکناس ئووجا و ئایجان ئیرمەز هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی توركیایان بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات - ANF ههڵسهنگاند و گوتیان: «ئیرادهی گەل لە ٢٤ی حوزەیراندا ڕێ له فاشیزم دەگرێت و دیوارەکانی زیندان دهڕوخێنێت.»
دەستپێکی ژیانێکی نوێ
پەرلەمانتاری ئامەد-ی هەدەپە فەلەکناس ئووجا ڕایگهیاند، بە كاندیدكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، هەدەپە دەستی بە سەردەمێکی نوێ کردووە. گوتیشی: ٢٤ی حوزەیران دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ دیموکراتی و ئازادی. هەموومان پێکەوە لە ٢٤ی حوزەیراندا ڕێ لەبەردەم ژیانێکی ئازاد دەکەینەوە. ژیانێک کە هیچ کەسێک پەراوێز نەخرێت، هیچ کەس برسی نەمێنێتەوە و هەموو کەس بە ئازادانە بتوانێت ڕای خۆی دەرببڕێت.»
فەلەکناس ئووجا دهستنیشانی كرد کە بەپێچەوانەی كاندیدهكانی دیكه، سهڵاحهدین دەمیرتاش لە زینداندا کەمپەینی هەڵبژاردن بهڕێوهدهبات. ناوبراو داوای کرد کە تەواوی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی زیندانن، دژ بەو ناهەقیانە پشتیوانی دەمیرتاش بکەن.
ئووجا هێمای بۆ ئهوه كرد كه بەدیلگرتنی دەمیرتاش بڕیارێکی سیاسییە و حکوومەت دەیەوێت بەو شێوەیە هەدەپە و دەنگدەران چاوترسێن بکات، بەڵام ئەو هەوڵانه بێ کەڵکن. گوتیشی: ئێمە هەبووین، ئێمە هەین، ئێمە دەمێنین.
ماسکی ئاکەپە لە کوردستان کەوت
پەرلەمانتاری هەدەپە فەلەکناس ئووجا له درێژهی لێدوانهكهیدا، تیشکی خستە سەر کەشی هەڵبژاردنەکان لە باكووری کوردستان و ڕایگەیاند: سهرهڕای فشار، زۆرداری و قەدەغەكاریی هاتووچۆ لە گهڕهك و کۆڵانەکانی کوردستان، یەکێتییەکی گەورە بۆ هەڵبژاردنەکان هەیە. ماسکی ئاکەپە لە کوردستان کەوتووه و ئیدی گەلی کورد بە بەڵێنەکانی ئاکەپە ههڵناخهڵهتێت.
ئووجا ئاماژهی بۆ ئهوه كرد کە هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ ڕێگرتن لە فاشیزم و گوتی: هەدەپە هیوای ئایندهیهكی ئازادە، بۆ ڕێگرتن لە فاشیزم هەفتەی حەوت رۆژ و رۆژی ٢٤ کاتژمێر تێدەکۆشین. گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنه دەبێتە هەڵبژاردنی ڕێگرتن لە فاشیزم و دیکتاتۆریەت، هەرچۆنێک بێت دەبێت دیموکراتی سهركهوێت.
«جەستەمان بە دیل دەگرن، بەڵام تێڕوانینمان بە تەواوی ئازادە»
پەرلەمانتاری شرناخ-ی هەدەپە ئایجان ئیرمەز له لێدوانهكهیدا باسی لەوە کرد کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا جاری یەکەمە زیندانییەک دەبێتە پاڵێوراوی سەرۆککۆماری. ڕایگهیاند: «لە کەسایەتیی سهڵاحهدین دەمیرتاشدا، تەواوی هێزە نەیارەکانی دهوڵهت بە دیل گیراون و ئەم بەدیلگرتنەش پیشانی دەدات کە ئاکەپە لە ماوەی ١٦ ساڵی دەسەڵاتدارهتیدا، وهڵاتی بەرەو کوێ بردووە.»
ئایجان ئیرمەز جەختی کردەوە، ئەوان وهك ههدهپه ئهو زیهنیەتە قبووڵ ناکەن كه کەسانێک بەدیل بگرێت بههۆی ئهوهی بیر و بۆچوونیان جیاوازه. گوتی: ئەگەر جەستەشمان بە دیل بگرن، تێڕوانینمان بەتەواویی ئازادە. ڕاسته کە سەرۆک سهڵاحهدین دەمیرتاشیان بە دیل گرتووه و ئێستا لە زینداندایە، بەڵام تێڕوانینی ئەو، گوتە و کرداری ئهو لە دڵی ژنان، گەنجان و گەلاندایه.
ئیرمەز دەستنیشانی کرد کە تاکەپارتیی سیاسی كه نەهێڵێت فاشیزمی ئاکەپە بەردەوام بێت هەدەپەیە. لهوبارهیهوه ڕایگهیاند: ئهگهر هەر پارتێکی دیكه بوایە لە جێگەی هەدەپە، پاش ئەو هەموو دەستگیرکردن و زیندانیکردنانە، نەیدەتوانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەڵام هەدەپە پارتێکی وەهایە کە پشت بە گەلان دەبەستێت و گەل خاوەندارهتی لێ دەکات.
ئهو پهرلهمانتارهی ههدهپه هێمای بۆ ئهوه كرد کە ئەوان دەبنە دەنگی سهڵاحهدین دەمیرتاش لە دەرەوەی زیندان و دژ بە گەمارۆدانی دەوڵەت، سندوقەکانی دەنگدان دەپارێزن. لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئیرمەز ڕایگهیاند: بهڵێ،ڕاسته ههڵبژاردن لهنێو ههلومهرجی سەختدا بهڕێوهدهچێت، بەڵام بە ئیرادەی گەلان سەردەکەوین. ئیرادەیەک کە شەرت و مەرجی سەخت تێکدەشکێنێت، دیواری زیندانەکانیش دهڕووخێنێت.
s.m