پەکەکە: عەقڵییەتی بکوژی سێواس لە نزیکەوە دەناسین

کۆمیتەى رۆشنبیریی و هونەری پەکەکە بە بۆنەى ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەى مادیماک لە سێواس راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆمەڵکوژییەکە ئیدانە دەکەین و شەهیدانی سێواس بۆ سەرکەوتن و ئازادی بە زیندوویی رادەگرین.

کۆمیتەى رۆشنبیریی پەکەکە لەبارەى کۆمەڵکوژیی ئۆتێل مادیماک لە سێواس رایگەیاند "دەوڵەتى تورکی فاشیست و داگیرکەر ٢ی تەممووزی ١٩٩٣ لە ئوتێل مادیماک لە سێواس ٣٣ مرۆڤی بە شێوەى دڕندانە سوتاند و کۆمەڵکوژکرد، کە زۆربەیان رۆشنبیر و هونەرمەند بوون. ئێمە ئەو کۆمەڵکوژی و کارە تێکدەرانەیەی بەدەر لە هەموو پێوەرە مرۆڤایەتییەکان ئیدانە و بە نفرەت دەکەین. ئەوانەى ژیانیان لە دەستداوە بە رێز و بە خۆقەرزرار زانیان بە بیر دەهێنینەوە. ئێمە بەڵێن و پەیمان دەدەین، کە خەون و ئومێدەکانیان بۆ ئازادی لە تێکۆشانی خۆماندا بە زیندوویی رابگرین.

ئێمە ئەو عەقڵییەتە قڕکەرە لە نزیکەوە دەناسین. ئەو عەقڵییەتە رەش و چەپەڵە هەر ئەوەندە دەرفەتى دەست بکەوێت هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی کۆمەڵگە، بزوتنەوەى ئازادی، کەسایەتییە رۆشنبیر و هونەرمەندان، کە نوێنەرایەتیی رووناکی کۆمەڵگەیان کردووە و دەیشیکەن، هێرشکرایە سەریان و قڕکردنیان بەسەردا سەپێنرا".

'ناتوانن کۆتایی بە کولتوری بەرخودان و ئازادی بهێنن'

کۆمیتەى رۆشنبیری و هونەریی پەکەکە لە بەردەوامیی راگەیاندراوەکەیدا نووسیویەتی:

"لە مەزدەکی هونەرمەندەوە تاوەکو بابەکەکان، لە مەنسووری حەلاجەوە تاوەکو شێخ بەدرەدین، لە پیرسوڵتان ئەبداڵەوە تاوەکو حەسرەت گوڵتەکینەکان، لە ئاپی موساوە تاوەکو ئاتاکانەکان، هەڵمەت و قاسم ئەنگینەکان زۆرێک بزووتنەوەى ئازاد و کۆمیناڵ، کەسانی رووناکبیر و هونەرمەندان بەهۆی ئەوەى لە بەرامبەر سوڵتانە زاڵمەکاندا سەریان دانەنەواندووە رووبەڕووی قڕکردن کراونەتەوە، بەڵام ئەو هێڵە لە ناو کۆمەڵگە، کۆمیناڵ، ئازادی و یەکسانی کۆتاییهان پێنەهات و هیچ هێزێک هەرگیز ناتوانێت هێڵ و کولتور و رۆشنبیریی بەرخودان و ئازادی کۆتایی پێبهێنێت.

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە ئەمڕۆ کە نوێنەرایەتی معاویە، یاوز سەلیم، ئیتحاد و تەرەقی دەکات، قڕکردن و پاکتاوکردن، توندوتیژی و دیکتاتۆری بەسەر گەلی کورد، هێزەکانى کۆمەڵگە و دیمکراتیکەکاندا دەسەپێنێت. لە بەرامبەر ئەو عەقڵییەدا، کە هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی گەل، هێرش دەکاتە سەر گۆڕستانەکان، کە بەو رادەیە لە ئەخلاق داماڵراوە، دوژمنی رۆشنبیری و کولتور و باوەڕییەکانە، لە مرۆڤایەتی چووەتە دەرەوە، تا دوا هەناسە بە پێداگری و بڕیاردارییەوە تێکۆشان دەکەین.

'ئێمە شەهیدانی سێواس تاوەکو سەرکەوتن و ئازادی بە زیندووی رادەگرین'

ئێمە لە بەرامبەر ئەو عەقڵییەتە قڕکەرەدا هەرگیز سەر دانانەوێنین. ئێمە بە تێکۆشانی رۆشنبیری و هونەریی خۆمان دەبینە دەنگی کۆمەڵگە و ئەو رۆحانەى لە سێواس لێمان شەهید بوون تاوەکو سەرکەوتن و ئازادی بە زیندوویی رایاندەگرین. ئێمە عەقڵییەت و سیستمی دواکەوتی سوڵتانی تێکدەشکێنین. بە رۆشنبیری، باوەڕی و هەموو رەنگەکانمان لە هێزەکانى کۆمەڵگەدا سەردەکەوین".

ژ.ت