لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، پشتیوانی هەموو کەمپەینێکی ڕاگەیەناندووە کە دژی داگیرکاریی بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەت كەمپەینی ژنانی گەنجی تێكۆشەر و کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز، كە بە دروشمی (داگیركاری بڕوخێنە) كەمپەینێكیان دەستپێكردووە.
ڕژاک ڕایگەیاندووە، تورکیا لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیرکاریی بەڕێوەدەباب، بەڵام تەنها جێگەیەك كە داگیركاریەكانیان زۆر ئەنجام دەگرێت هەرێمی كوردستان و عێراقە.
هەر لەو بەیاننامەدا، باس لەوەکراوە، کە لە ١٩٩٢ـەوە تورکیا بۆردوومانی باشوری کوردستان دەکات و جگە لە شۆڕشگێڕان چەندین کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانیشی ئەنجامداوە، “هەروەها داگیركاری ئابوری بەشێوازێكی زۆر قوڵ بەرێوە دەچێت بەهەموو پێوەرێك لەئێستادا بەهۆكاری رێكەوتنی ٥٠ ساڵەی توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، توركیا خاوەنی هەموو نەوتی هەرێمی كوردستانە، جگە لە هەبوونی چوار هەزار كۆمپانیای توركیا لەناو شارەكانی هەرێم، ئەمانەش دەیان کێشەیان لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستکردووە و عێراقیش بوودجە نانێرێت و کیشەی ئابوری زیاتر کردووە، بۆیە بۆ ناڕەزایی دژی نەبوونی مووچەش دەبێت ناڕەزایی دژی داگیرکاریی بێت”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە هەرێمی كوردستاندا داگیركاری كلتوری توركیا لە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانە و زانكۆی توركی و كاری هونەرو راگەیاندنە داگیركاریەكانیان كە جگە لە راگەیاندنی فەرمی و فیلمی دۆبلاژكراوە توركییەكان ژمارەیەك راگەیاندنی بەناو كوردی تەواو لە خزمەتی توركیادان، ئەمانەش بوون بەهۆی “زۆربوونی توندوتیژیی و كلتوری توندوتیژی و كاركردن لەسەر كلتوری سەرمایەداری و بەكاڵاكردنی ژنان، بۆیە ئێمە پێمان وایە سەرچاوەیەكی سەرەكی توندوتیژی و كۆمەڵكوژی لەسەر ژنان داگیركاریەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركیایە لەسەرهەرێمی كوردستان و عێراق، گرنگە ئێمەی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نادیموكراتی و تەواوی قەیرانەكان بۆبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ژنان، بەرەنگاری هەموو داگیركاریەكان ببینەوە. بەچالاكی دیموكراتی و بەهەڵوێست دەربرین لەدژی هەموو داگیركاریەكان ئاستی تێكۆشانی ژنان بڵند بكەین."
ف.ق