کۆمیتەى ژینگەى کۆدار: هەوڵ و ئامادەیی گەلەکەمان بۆ خاوەنداریکردنە لە رێگای شەهیدانی ژینگەپارێزى پاوە

کۆمیتەى ژینگە (ئیکۆلۆژی)ی کۆدار رایگەیاند، بێگومان لە پشت زۆربەى ئاگرکەوتنەوەکانەوە دەستی چەپەڵی دەستوپێوەنەکانى رژێم بۆ ئامانجی سیاسی – سەربازی هەیە، بۆیە دەبێت گەلەکەمان بەرامبەر ئەو سیاسەتانە هۆشیار بێت و درێژە بە چالاکییە خۆرسکانەکانی خۆی بدات.

کۆمیتەى ژینگە (ئیکۆلۆژی)ی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لە راگەیاندراوێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەى شەهیدانی ژینگەى پاوە و ئەنجوومەنى ژیوار و هەموو گەلی کوردستان دەردەبڕێت و داوای بەشداری و ئامادەیی چالاکانەتری گەنجانی کورد لە گۆڕەپانەکانى رێکخستنی دیموکراتیک دا دەکات.

دەقی راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى ژینگە (ئیکۆلۆژی)ی کۆدار:

"گیان لەدەستدانی ٣ چالاکوانی ژینگەپارێزی پاوە، کە فیداییانە و خۆبەخشانە بۆ کونترۆڵکردن و کوژاندنەوەى ئاگری دارستان و لەوەڕگەکان چووبوون بۆ کوێستانی بۆزین و مەرەخێڵ و جارێکیتر هاوشێوەى رووداوی شەهیدکردنی چالاکوانە ژینگەپارێزەکانی مەریوان لە ساڵی ٢٠١٨دا گەلەکەکانی تووشی پەژارە و خەم کرد. وەک کۆمیتەى ژینگەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) سەرەخۆشی لە شەهادەتی ئەو ٣ چالاکوانە فیداکارە دەکەین و سیاسەتە دژە مرۆییەکانى رژێم ئیدانە دەکەین.

شەهادەتی ٣ چالاکوانی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجوومەنى ژینگەى 'ژیوار' لە پاوە بە ناوەکانی 'موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی' کە فیداکارانە و بە لێبوردەییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانى ناوچەى 'بۆزین و مەرەخێڵ' چووبوونە ئەو ناوچەیە، جارێکیتر کارەساتی دەڵتەزێنی مەریوان لە ساڵی ٢٠١٨دا، کە شەریف باجوەر و هاوڕێکانی شەهید بوون، لە یادەکاندا زیندوو کردەوە. گەلی ئازا و کۆڵنەدەری پاوە شەوی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ / ٢٨ی حوزەیران بە هەڵگرتنی وێنەى ئەو شەهیدانە و بە وتنەوەى دروشمی "شەهید نامرێ" پێشوازییان لە تەرمەکانیان کرد و گیان لەدەستدانی ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزانەیان بە شەهید ناساند و ئەوەیان نیشاندا، کە سەرباری هەموو پشتگوێخستنە دوژمنکارانەکان و سیاسەتە بەکرێگیراوییەکانى رژێمی ئێران، بەڵام هۆشیارن و بە جوڵەی جەماوەرییانەى خۆیان درێژە دەدەن و ئەو ئامادەبوونەى جەماوەری جێگای ئەوپەڕی شانازییە. بە تەواوەتی روونە، کە لە رۆژانی رابردوودا لە سەرتاسەری ئێران و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٤٢ هەزار هێکتار (١٦٨ هەزار دۆنم) لە لەوەڕگە و دارستانەکان لە ئاگردا سوتاون، بەڵام رژێم لە بەرامبەریاندا بێدەنگیی کردووە. بە تایبەتی لە ئیلامەوە تاوەکو پاوە و دیواندەرە دارستانەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆس لەلایەن دەستوپێوەنەکانى رۆژێم و تۆپبارانەکانەوە دەکرێنە خۆڵەمێش، بەڵام رژێم بە بەردەوامیدان لە بێبەشکردن، هیچجۆرە هەنگاوێکى نەگرتووەتەبەر و بچوکترین دەرفەتی نەڕەخساندووە و ئەو هۆکارانەش دەبنە هۆی گیان لە دەستدانی چالاکانی ژینگەپارێز.  بێگومان لە پشت پەردەی زۆرێک لە ئاگرکەوتنەکانەوە دەستە چەپەڵەکانی دەستوپێوەنەکانى رژێم بۆ ئامانجی سیاسیی – سەربازی هەیە، کە دەبێت گەلەکەمان بەرامبەر بەو سیاسەتانە هۆشیار بێت و درێژە بە جوڵەى خۆڕسکانەیان بدەن، کە تا ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیانبووە.

وەک کۆمیتەى ژینگە و ئیکۆلۆژیی کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵای کوردستان (کۆدار) جارێکیتر بەهۆی گیان لەدەستدانی چالاکانی ژینگەپارێزی پاوەوە سەرەخۆشی لە گەلەکەمان، بنەماڵە بەڕێزەکانیان و ئەنجومەنی ژیوا دەکەین و هیوای هەرچی زوو چاکبوونەوەش بۆ چالاکوانە ژینگەپارێزە بریندارەکە دەخوازین. سیاسەتەکان و گوێنەدانی دوژمنکارانەى رژێمی ئێران زۆر بە توندی ئیدانە دەکەین و داوا لە گەلەکەمان بە تایبەتی گەنجانی ئازا لە هەموو ناوچەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، کە بە پاراستن و بەرگریکردن لە زێد و نیشتمان و ژینگەی ناوچەکەیان داکۆکی و خاوەنداری لە رێگای ئەو شەهیدانە بکەن و بوونیان لە گۆڕەپانی چالاکییە کردەییەکانتاندا تۆختر بکەنەوە و بەبێ کەمترین چاوەڕوانی لە رژێم خەریکی خۆرێکخستنی دیموکراتیکى خۆتان بن و درێژ بە رێگای شەهیدانی پاوە و مەریوان بدەن".

ژ.ت