کۆمیسیۆنی ژینگە لە کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ بەرز راگرتنی یادی ٣ ژینگەپارێزە شەهیدەکەى پاوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنقەست دارستانەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر تێبەردەدات و سیاسەتی بە سوتماککردنی خاکی کوردستان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە ئیدانە دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، "گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی رژێم رۆژ دوای رۆژ هەڵمەتی پاراستنی ژینگە لە کوردستان بڵندتر و بە هێزتر بووە و جێگای داخیشە کە لە ئەنجام دا قوربانی مەزنی گیانی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو "هاوکات لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت لە چالاکانی ژینگەپارێزی داوا دەکات کە بە یەکگرتوویی و یەکێتی و هاودەنگی زیاترەوە خاوەندارێتی لە پاکڕەوانی ژینگە بکەن. ئەوان رۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان و هێمای تێکۆشانی تەواوی بزاڤی ئازادیخوازی کوردستانن".
دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە
دروود بۆ رۆحی پاکڕەوانی ژینگەپارێزی کوردستان
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ . ٠٦ - ٢٠٢٠ لە ناوچەی شاری پاوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، سێ لاوی چالاک و ناسراوی ژینگەپارێز بە ناوەکانی: یاسین کەریمی، مۆختار خەندانی و بیلال ئەمینی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا بە سووتان گیانیان لەدەستدا و ناویان چووە ڕیزی کاروانی پاکڕەوانی ژینگەپارێزییەوە. ئەو کاروانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێناوەدا گیانیان فیدای خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.
ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پیلان و مەبەست و بە پیادەکردنی سیاسەتی چەپەڵی خاک سووتاندن ئاگر بەردەداتە ژینگە و دارستان و شاخەکانی کوردستان. لە ڕاپۆرتەکانی چالاکانی ژینگەپارێزدا هەموو فاکتە و بەدواچوون و زانیاریە وردەکانیان ڕاستی ئەو سیاسەتەی ڕژیمی فاشیستی ئێران دەسەلمێنن.
گەلەکەمان لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی رژێم رۆژ دوای رۆژ هەڵمەتی پاراستنی ژینگە لە کوردستان بڵندتر و بە هێزتر بووە و جێگای داخیشە کە لە ئەنجام دا قوربانی مەزنی گیانی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.
کۆمیسیۆنی ژینگە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک ـه، سیاسەتی زەمینی سووتاو و شێواندنی ژینگە و لە ناوبردنی سروشتی کوردستان لە لایەن ڕژیمەوە بە تۆندی مەحکووم و شەرمەزار دەکات.
هاوکات لە هەموو چالاکانی مەدەنی و بە تایبەت لە چالاکانی ژینگەپارێزی داوا دەکات کە بە یەکگرتوویی و یەکێتی و هاودەنگی زیاترەوە خاوەندارێتی لە پاکڕەوانی ژینگە بکەن. ئەوان رۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان و هێمای تێکۆشانی تەواوی بزاڤی ئازادیخوازی کوردستانن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، سەرەخۆشی لە گەلەکەمان و بۆ بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەم سێ پاکڕەوانانە رادەگەیێنێت. سڵاو لە گیانی پاک و رەوانیان.
ژ.ت