کەجەکە وڵامی نامەکەی گەلی بناری قەندیلی دایەوە

کەجەکە وڵامی نامەیەکی گەلی بناری قەندیلی دایەوە و بانگەوازی ئەوەی کرد کە دەبێت لەسەر هێڵی یەکێتی نەتەوەیی نمونەی قارەمانیەتی زیاد بکرێت.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەر بەڕێوەبەری کەجەکە لە راگەیێنراوێکدا وڵامی نامەی گەلی بناری قەندیلی دایەوە.

لە وڵامی نامەکەدا هاتووە:

"ئێوە لە نامەکەتاندا راتان گەیاندبوو، جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە زینی وەرتێ دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان. ئێمە ئەرکەکەمان لە بەرامبەر گەلی کوردستانی جێبەجێ دەکەین و وڵامی نامەکەتان دەدەینەوە. لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ دیارغەریب-هەڵمەتدا کە رۆڵەیەکی فیداکاری گەلی باشور بوو و هەموو کەسێک ئەویان دەناسی، وڵامی نامەکەتان دەدەینەوە. بەم بۆنەیەوە لە کەسایەتی هەڤاڵ هەڵمەتدا، یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دەکەینەوە و جارێکی دیکە رایدەگەیێنین کە هیوا و ئاواتەکانی ئەوان بۆ یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلی کورد جێبەجێ دەکەین و کوردستانی ئازادی بونیاد دەنێین.

'دەیان ساڵە گەلی باشور لە خۆڕاگریدایە'

گەلی هێژامان، خاکی باشور و بە تایبەتیش هەرێمی قەندیل لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورددا، خاوەنی رۆڵێکی گەورەیە. ئەم خاکە چەندین ساڵە دەبێتە شاهیدی خۆڕاگری گەلی کورد. ئەم خاکە جوان و بە ویقارەی کوردستان پێشوازی لە هەموو بزوتنەوە کوردیەکان کردووە.

گەلی باشورمان بە دەیان ساڵە لە بەرامبەر دوژمنان لە خۆڕاگریدایە. لەم خۆڕاگریەدا قوربانی گەورە دەدەن. یەکێک لەم قەلا گەورانەیش هەمیشە قەندیل و گەلی بناری قەندیلمانە. بۆیە قەندیل بە دەیان ساڵە بووە بە ئامانجی هێرشی دوژمنانی گەلی کورد. پێشووتر رژێمی بەعس و لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردووشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشی کردووەتە سەر خاکی قەندیل و گەلی بناری قەندیل.

دەوڵەتی فاشیستی تورک دوژمنی کوردە  لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەمەش کارەکتەرەکەی ئاشکرا دەکات کە ئەو لە رژێمی بەعس زیاتر کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە. دەوڵەتی تورک هەبوونی گەلی کورد هیچ کات قبوڵ ناکات. وەکو ئێوەش بوونەتە شاهید، ئەم دەوڵەتە تەنانەت هێرش دەکاتە سەر جەنازە و گۆڕستانەکانی گەلی کوردیش. ئێمە لە دژی دوژمنێکی بەم شێوەیە تێدەکۆشین. کاتێک هەر چوار پارچەی کوردستان لە دژی دەوڵەتێکی داگیرکەر شەڕ دەکات، ئەوی ئێمە قبوڵی ناکەین و نامانەوێت، دروستبوونی ئالۆزیە لە نێوان هێزە کوردیەکان. بۆیە ئێمە دەڵێین دەبێت لە نێوان کوردا نە ئاڵۆزی و نە دژایەتی هەبێت، بەڵکو دەبێت یەکێتی و دۆستایەتی هەبێت. ئێوە لە نزیکەوە دەزانن کە گەورەترین داواکاری ئێمە ئەمەیە و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەین. بۆیە پشتیوانی لەو قسەیەتان دەکەین دەڵێن، 'دوژمنانی گەلی کورد، دەیانەوێت لە نێوان کورد دا شەڕ و پێکدادان دروست بکەن' و ئێمە ئەوە دەزانین کە دروستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان پارتە کوردیەکان دەکەوێتە خزمەتی دوژمنان و بەم شێوەیە دەڕوانینە ئاڵۆزیەکەی زینی وەرتێ.

بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەنەکان ئەوەیە کە لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کۆببنەوە

گەلی هێژامان، ئێمە لە سەرەتاوە رامان گەیاندووە کە لە قۆناغێکی بەم شێوە مەترسیدارەدا، جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە زینی وەرتێ زۆر مەترسیدارە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە حەفتانینەوە و چەتەکانی داعشیش لە باشورەوە هێرش دەکەن و دەبێت گەلەکەمان ئەوە ببینێت کە جێگیرکردنی هێزی چەکداری لە زینی وەرتێ خزمەتی چی و کێ دەکات. یەکەم ئەرکی هێز و پارتە کوردیەکان ئەوەیە کە لە دژی داگیرکەران کە دەیانەوێت لە کەرکوک گەلەکەمان لە خاکە رەسەنەکەی وەدەر بنێن و زەویەکانیان بسوتێنن، شەڕ بکەن. ئێمە دەزانین کە گەلەکەمان ئەمەیان دەوێت لە پارت و رێکخستە کوردیەکان. ئێمە لەو بڕوایەداین کە بەم شێوەیە دەتوانین وڵامی هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان بدەینەوە. بۆیە وەکو کە ئێوە لە نامەکەتاندا راتان گەیاندووە، ئێمەش دەلێین، دەبێت هەموو هێزەکان بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان. دەبێت هیچ کوردێک، پارتێک یان رێکخستنێک نەبێتە داردەست و هاوکار بۆ سیاسەتی جیاکردنەوەی پارچەکانی کوردستان. 

ئێوە راتان گەیاندبوو کە، ئەگەر هێزەکان لە زینی وەرتێ نەگەڕێنەوە شوێنی پێشووتری خۆیان، ئەوا گەل بە چەندین رێبازی جیاواز تێکۆشان دەکەن و دەست بە دروستکردنی فشاری کۆمەڵایەتی دەکەن. ئێمە رێز لەو بیروبۆچوون و هەڵوێستەکەتان دەگرین. دەمانەوێت بڵێین، ئەمە مافێکی بنچینەییتانە. بەم بۆنەیەوە دەمانەوێت بڵێین، داواکاری گەلەکەمان بۆ یەکێتی نێوان رێکخستن و پارتە سیاسیەکانی کورد، بۆ ئێمە وەکو فەرمانێکە. چونکە ئێوە خاوەنی ئەو هۆشمەندی و بڕوایەن کە لە کاتی هێرشی داعشدا لەسەر بانگەوازی گەلەکەمان لە باشور و پارتە سیاسیەکان، لە کەرکوکەوە بگرە تا دەگاتە شەنگال شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە خاکی باشوری کوردستانمان پاراست. لەم تێکۆشانەدا بە دەیان گەریلا و و پێشمەرگە شەهید بوون. ئێستاش ئێمە خاکی باشور لە حەفتانین لە دژی هەوڵە داگیرکەریەکانی تورکیا، دەپارێزین. ئەمە بەرچاوترین هەڵوێستی ئێمەیە بۆ بابەتی یەکێتی نەتەوەیی. ئێمە تا کۆتایی بە رێزەوە نزیکی داواکاریەکانی گەلەکەمان دەبینەوە بۆ کۆتاییهاتن بە ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ. ئێمە بە پێی داواکاریەکانی گەلەکەمان هەنگاو دەنێین.

چاوەڕوانی و داواکاری ئێوە وەکو خەلکی بناری قەندیل لە بارە ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ، هاوکات داواکاری ئێمەشە. ئێمە هیواخوازین کە ئەو ئاڵۆزیە بەرەو لایەکی دیکە نەڕوات و بۆ چارەسەریش رێبازی جیاواز بگیرێتەبەر. بۆ ئەوەی رێبازێکی مەترسیدار نەگیرێتەبەر، هەڵوێستی دیمۆکراتیکی گەلەکەمان، چارەنووسساز دەبێت. ئەو هەڵوێستەی ئێوە وەکو خەڵکی بناری قەندیل کە لە سەرەتاوە پیشانتاندا، جێگای شانازیە. ئێمە لەو بڕوایەداین کە هەڵوێستەکەتان پلان و یاریەکانی دوژمن پۆچەڵ دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی لە زینی وەرتێ سێ گەریلا شەهید بوون، بەڵام هەڵوێستێکی جیاوازمان نەنواند. لێرە جارێکی دیکەش دەمانەوێت ئەوە دەستنیشان بکەین کە، کاریگەری هەڵوێستی گەلەکەمان لەبارەی پرسی زینی وەرتێ چارەنووسسازە. نەک تەنها کێشە زینی وەرتێ، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان و هەنگاوی یەکەمینیش کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەییە. بە بۆنەی ئەو نامەیەی ئێوە ناردووتانە، ئێمە جارێکی دیکە لەبەر چاوی گەلەکەمان بانگەوازی ئاڕاستە هەموو هیزەکان دەکەین کە لە ژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەییدا کۆببنەوە.

بانگەوازی بۆ بەرفراوانکردنی خۆڕاگری

خەڵکی هێژای بناری قەندیل،

بە پێویستمان زانین کە لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتدا، وڵامی نامەکەتان بدەینەوە. دەبێت ئەمە وەکو دلسۆزیی ئێمە بۆ یادکردنەوەی شەهیدان و گەلەکەمان، تەماشا بکرێت. هەڤاڵ هەڵمەت یەکێک بوو لەو کەسانەی سوور بوو لەسەر داواکەی بۆ بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد و لەم چوارچێوەیەدا هەوڵێکی زۆریدا. ئیمە بزوتنەوەیەکی وەهاین کە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان، بە دەیان هەزار رۆڵەی کورد لەو ڕێگایەدا ژیانیان لەدەست داوە. ئێمە هەمیشە لە دژی ئەو هەڵوێستانە دەوەستینەوە کە خزمەت بەم ئامانجە ناگەیێنن. بەردەوام دەبین لەسەر ئەم هەڵوێستەمان.

بانگەوازیشمان بۆ گەلەکەمان لە بناری قەندیل کە تەنانەت خانەوادەیەکیشیان نیە کە خاوەنی شەهید نەبێت، ئەوەیە کە لە دژی هێرشی دوژمن و زۆرداری، لە سەر هێڵی شەهیدان، خۆڕاگری و تێکۆشان بەرفراوانتر بکەن. بەم بۆنەیەوە بانگەوازیمان بۆ ئێوە ئەوەیە کە، لە هەموو کاتێک زیاتر خاوەنداری لە بیرەوەریەکانی شەهیدان بکەن و خاوەنداری لە ئامانجەکانیان بکەن. بانگەوازی ئەوەشتان ئاڕاستە دەکەین کە، لە دژی هەر کارێکی دوژمن، لە دژی فیتنەی دوژمن بۆ کوشتنی کورد بە دەستی کورد، وریا بن و لە سەر هێڵی یەکێتی نەتەوەیی خاوەن هەڵوێست بن و چاونەترس بن. یاریەکانی دوژمن بۆ دروستکردنی شەڕ لە نێوان کورددا، بەم هەڵوێستە تێک دەشکێن. لە چوارچێوە ئەم روانگە و ئەم هەستەوە، سڵاومان دەنێرین بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست و لە ژیان و تێکۆشانی ئێوەدا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، بانگەوازی ئەوەشتان ئاڕاستە دەکەین کە، لە قۆناغی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، لە بەرامبەر سەختیەکان، زیاتر خاوەنداری لە یەک بکەن و پشتیوانی یەکتر بن."

ز.ش