کەشتیی پەنابەران لە گۆلی وان نقوم بوو؛ ١٠٠ کەس بێسەروشوێنن

رۆژی ٢٨ی حوزەیران لە گۆلی وان کەشتییەک نقوم بوو، کە پەنابەری تیادا بووە و لەو رووداوەدا زیاتر لە ١٠٠ پەنابەر بێسەروشوێن بوون.

لەمساڵانەى دوایدا لە پاریزگای وانەوە هەزاران پەنابەر لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدا سنووریان تێپەڕاندووە و لە پێش هەموویانەوە لە شاری وان و لە شارەکانی تری کوردستان نیشتەجێکراون. ئەو پەنابەرانە خەڵکی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ئەفغانستان، ئێران و چەند وڵاتێکى ترن و رۆژانەش سەدان پەنابەر دەچنە وان. پەنابەران بەبێ رێگری دەگەنە وان و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە گواستنەوەى پەنابەرەکان لە ژێر چاودێریی دەوڵەتدایە.

لە سەرتاسەری سنووری نێوان تورکیا و ئێران لە پارێزگای وان لە هەر ١٠٠ مەترێکدا بنکەیەکى سەربازی، بورجی چاودێری، سەنگەری پاسەوانی هەیە و دەوریی بەردەوامی سنووریی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ئەو دوو دەوڵەتە لەو سنوورەدا هەیە. لە وان کە سنوورەکەى ئەوەندە توند دەپارێزرێت هەموو رۆژێک سەدان پەنابەر دەچنە شاری وان. دەوڵەتی تورک هاوکات لەگەڵ ئەوەى دەروازە سنوورییەکانى بو پەنابەران کردووەتەوە سنووری لە کوردان قەدەغە کردووە. گەنجانی کورد بە پاساوی ئەوەى لەسەر سنوور بازرگانی دەکەن دەکوژرێن.

تراژدیایی ئەو پەنابەرانەى دەبرێن بۆ وان کۆتایی پێنایەت. لە زستانی رابردوودا ٥٠ پەنابەر هەوڵیاىندابوو لە ئێرانەوە بڕۆن بۆ ناوچەى چاڵدران لە وان، بەڵام لە کڕێوەی بەفردا گیریان خواردبوو و هەموویان رەقبوونەوە.

 ئۆتۆمبێلبێکى بارهەڵگر کە پڕ کرابوو لە پەنابەر لە رێگادا وەرگەڕ و بەو هۆیەوە ١٧ پەنابەر گیانیان لەدەستدا و ٥٠ پەنابەری تریش برینداربوون.

 لە ٣ ساڵی رابردوودا لەسەر سنووری نێوان ئێران و تورکیا سەدان پەنابەر لە سەرمادا رەقبوونەتەوە و سەدانی تریش لە رووداوی هاتوچۆدا گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوون.

 رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە ناوچەی مورادییەى وان پاسێکى پڕ لە پەنابەر خۆی لە ئۆتۆمبێلێکى تر دا و بەو هۆیەوە پەنابەرێک گیانی لە دەستدا و ٤١ پەنابەری تریش بریندار بوون.

هەروەها رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠١٨ کەشتییەکی هەڵگری پەنابەران لە گۆلی وان نقوم بوو و بە هۆی ئەو رووداوەوە زیاتر لە ١٠٠ پەنابەر تاوەکو ئێستا بێسەرشوێنن. ئەو کەشتییە رۆژی ٢٧ی حوزەیران لە ناوچەی وەستان لە گەڕەکی ئاڵتنساچ پەنابەرەکانى لەسەر لێوارەکانی گۆلی وان سەرخستووە و بەڕێکەوتووە، کەشتییەکە لە ئاوەکەدا نقوم بووە تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

ژ.ت