کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە بۆ دەرکردنی سوپای تورک گەیشتە دوکان و ئاسایش رێگریی کرد

بۆ دەرکردنی سەربازانى تورک لە باشووری کوردستان کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە بەردەوامە و کەمپەینەکە گەیشتووەتە شارۆچکەى دوکان لە سلێمانى و سەدان واژۆیان کۆکردووەتەوە، بەڵام ئاسایشی ئەو ناوچەیە بووەتە رێگر لە بەردەم کەمپەینەکەدا.

کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە باشووری کوردستان، کە بە پێشەنگایەتیی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و لە چوارچێوەی هەڵمەتی "بیڕوخێنە"ی سەفەربەری بۆ حەفتانین بەڕێوەدەچێت، بە گەرموگوڕییەوە بەردەوامە و لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشیوازیی لێدەکرێت.

کەمپەینەکە لە ئێستادا بە شارۆچکەى دوکان لە نزیک شاری سلێمانیدا بڵاوبووەتەوە و گەنجان لەو ناوچەیەدا سەدان واژۆیان کۆکردووەتەوە.

دانیشتوانی شارۆچکەى دوکان بە گەرمییەکى زۆرەوە پێشوازی لە کەمپەینەکە دەکەن و دەیانەوێت کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە باشووری کوردستان بهێنرێت.

کاتێک گەنجان سەرقاڵی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ کەمپینەکە بوون ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەستیکرد بە رێگریکردن لە کەمپەینەکە.

لە نێوان گەنجان و ئاساشی ئەو ناوچەیەدا مشتومڕ دروستبوو، لە ئەنجامدا ئاسایش رێگای نەدا واژۆی زیاتر کۆ بکرێتەوە بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە باشووری کوردستان.

ئاسایش لە دواى ئەو رێگرییە، گەنجانی لە ناوچەکە دەرکرد.

سەرباری رێگریی ئاسایش لە گەنجان، بەڵام سەدان کەس لە دانیشتوانی دوکان کەمپەینی دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەریان لە باشووری کوردستان واژۆکرد.

ژ.ت