گەنجانی باشووری کوردستان دژی داگیرکاریی دوو هەڵمەتیان ڕاگەیاند

گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە قەندیل و لە ژێر دروشمی، 'بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ فاشیزم و داگیرکاری بڕووخێنە'، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ و سەفەربەری'یان دژی داگیرکاریی ڕاگەیاند.

ئێوارەی دوێنێ، هەردوو ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بۆردوومانە بەردەوامەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان لە بناری قەندیل بەڕێوەبرد.

لە گردبوونەوەکەدا، شۆخان محەمەد بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی ژنانی خوێندەوە، تێیدا هاتووە: شەڕی گەریلا بە پشتگیری گەل شەڕی پاراستنی هەرێمی کوردستانە، نمونەش بۆ ئەمە هەرێمی هەفتانینە، ئێمە دڵنیاین هەبوونی گەریلاکان ڕێگردەبێت لە داگیرکارییەکانی ئەردۆغان، ئێمەش ئەرکی پشتیوانی گەریلاکانمان لەسەر شانە و ئامادەین بەگیان لەگەڵیاندا بین.

هەرلەو بەیاننامەدا هاتووە:"ئێمە بە هەڵمەتی 'بڕووخێنە' بە ڕۆحێکی چالاک جێگا دەگرین و ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕین لە بەرامبەر داگیرکاری و هیچ کاتێک بە بێدەنگی نامێنینەوە و ئەرکی مێژوویی خۆمان جێبەجێ دەکەین، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی کە لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ درابوو کە سوپای تورکیا بچێتە دەرەوە، داوای جێبەجێ کردنی بڕیارەکە دەکەین و لە چوارچێوەی ئەم بابەتەشدا بە کەمپینێک دەست بە کۆکردنەوەی واژۆ دەکەین کە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە نۆکەری و هاوکاریی پەدەکە لە خاکی باشوور بچنە دەرەوە".

 

دواتر هاوڕێ مەلیک بەیاننامەی گەنجانی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی توركیای داگیركەر پیلانی "میساقی میللی"ی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ داگیركردنی باشوری كوردستان، لە بەرامبەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیای داگیركەر گەریلاكانی ئازادی كوردستان لە باشوری كوردستان بە بەرخۆدانێكی مەزن بەرخۆدان دەكەن.

لە بەیاننامەکەدا باس لە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە بادینان و شارباژێڕی دەوڵەتی تورک کراوە، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە:"لە ناوەندی بەرخۆدان لە قەندیلەوە رایدەگەیەنین، لە ژێر دروشمی 'بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ فاشیزم و داگیرکاری بڕووخێنە'، سەفەربەری حەفتانین ڕادەگەیەنین، لەوچوارچێوەیەدا دەبێت بەتایبەت هەر كچ و كوڕێكی باشوری كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان، باش بیربكەنەوە كە گەنجەكانی شیلادزێ بۆچی شەهید كران، لە سلێمانی بۆچی هێندە هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدرێت، ئەگەر ئەمڕۆ لەبەرامبەر هێرشی داگیركاری توركیا ڕانەوەستین، سبەینێ دەوڵەتی داگیركەری توركیا دێتە هەولێر و سلێمانی و ڕانیە و كەلار و هەڵەبجە، ئەمڕۆ لە ناوچە سنورییەكان گەریلا بەرگری دەكات بۆ ئەوەی داگیركار نەتوانێت بگاتە سلێمانی، بەڵام داگیركەر هەڕەشە لە هەموو باشوری كوردستان دەكات و دەیەوێت داگیری بكات، ئەمڕۆ ئەركی مێژوویی خۆمان بۆ پاراستنی نیشتیمانەكەمان پێكبهێنین، ئێمە دەڵێین لەمەودوا هەر شوێنێك داگیركاری توركیای لێ بێت هەفتانینە و دەبێت بەرگری بكەین".