یەکێتی داوا دەکات عێڕاق وەڵامی هەبێت بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت:" پێویستە بەپەلە وەڵامێکی توندی تورکیا بدرێتەوە".

لە ٢٥ی حوزەیراندا فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەیرانگای کونە ماسی سەر بە شاری سلێمانی خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستانیان بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی کە تاکو ئێستا ناسنامەیان دیار نیە شەهید بوون، هەروەها برینداربوونی هەشت هاوڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکانن و چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت.

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لە هەر سێ سەرۆکایەتی حکومەتی عێڕاق کرد بە پەلە وەڵامێکی توندی تورکیا بدرێتەوە و ئەو دەستدرێژیانەی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی عێڕاقدا ڕابگێرێت.

هەروەها فراکسۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای لە وەزارەتی دەرەوە و نوێنەرانی عێڕاق لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدرێت لە پێناو ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە خاکی عێراقدا و بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەش بدرێت کە دەبنە قوربانی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان.

فراکسۆنی یەکێتی داواشی کردووە کە لیژنەیەکی یاسایی پێک بهێنرێت و سکاڵای یاسایی لە دژی تورکیا تۆمار بکرێت لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا.

ف.ق