دەبێت گەلی باشور پشتیوانی لە گەریلا بکات

بۆ ئەوەی نەهامەتی جەرگبڕ بەسەر گەلی باشوردا نەیات، ئێستا لە هەر بستێکی چیاکانی کوردستان گەریلاکانی ئازادی لە ناو هەموو هەلومەرجێکدا دەجەنگن و تێدەکۆشن. بۆ ئەوەی ئەم تێکۆشانە بگاتە ئەنجام، دەبێت گەلی باشور پشتیوانی لە گەریلا بکات.

هێرشی داگیرکەری بۆ سەر شاخی بەهار لە گۆڕەپانی شەهید دەلیل زاگرۆس، لە رێگەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی هاوکاتەوە بۆ سەر هەموو گۆڕەپانەکانی باشور دەستیپێکرد. شەوی ٣ی تەمووز کاتژمێر ٩ لە ئەنجامی رێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هێزەکانی عێراق، پەدەکە و داگیرکەری تورکدا، لە سێ قۆڵەوە لە رێگەی زەمینیەوە هەوڵدرا هێرش بکرێتە سەر شاخی بەهار. نەک هەر شاخی بەهار، داگیرکەریی تورک بە کاروانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بە فەرمی و بە رێگەپێدانی حکومەتی هەرێم، بە ئامانجی داگیرکەری رووی کردە هەرێمی سەرگەلێش.

هێزەکانی گەریلا کە هەرزوو پەنجەیان لە سەر پەلەپیتکە دانابوو، بە بەرپەرچدانەوە کاریگەرەکانیان، ئامانجی هێرشەکانیان پوچەڵ کردەوە. داگیرکەریی تورک لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە چی لەسەر خاکی باشوری کوردستان؟

لە جێبەجێکردنی پلانەکانی دەوڵەتی تورکدا بارزانی تاکەی کوڕە بچوک و گوێڕایەڵەکەی دەبێت، بە هۆی هەڵوێستی ئەوانەوە چ گۆڕانکارییەک لەسەر نەخشەی باشوری کوردستان دێتە ئاراوە؟

ئامانج لکاندنی خاکی باشوری کوردستانە

دەوڵەتی تورک لە ژێر ناوی ئەوەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان شەڕ دەکات، لە رێگەی هێرسە داگیرکەرییەکانیەوە هەوڵ دەدات سەرتاسەری خاکی باشوری کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و بە سنورەکانی تورکیاوە بیلکێنێت. ئەوە لە پرۆژەی داگیرکەری ئەواندا خاڵی یەکەمە. هەربۆیە هێرشەکان بۆ سەر شاخی بەهار و سەرگەلێ بەشێکی هەرە گرنگی ئەو پلانە قڕکاریەیە. هەوڵەکان بۆ خۆگەیاندن بەو گۆڕەپانانە، هەوڵدانە بۆ خۆگەیاندن بە دەروازەی شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان.

هەرچەندە بە رادەیەک چووەتە ناو گوند و شارۆچکەکان و ئەو مافەی پێدراوە کە جموجۆڵی گەلی هەرێمەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵەوە، بەڵام ئامانجەکەیان قووڵ و بەرفراوانترە. هەربۆیە ئەگەر دەوڵەتی تورک بگاتە خاڵی یەکەمی ئامانجەکەی، یاخود هەرێمەکە لە رووی جوگرافیەوە بخاتە ژێر رکێفەوە، ئەگەر دانیشتوانەکەشی کورد بن لە رێگەی کولتوری شۆڤێنیزمی تورکایەتیەوە پێچەوانە دەبێتەوە. هەربۆیە ئەم پرۆسەیەی گۆڕینی دیموگرافیا گەلی باشوری کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی کۆڕەو و کۆچبەری سەردەمی سەدام. لە بری ئەوانیش ئامانجەکە نیشتەجێکردنی دانیشتوانی تورک و چەتەکانیانە. بەم جۆرە نەخشەی باشوری کوردستان بە هێرشێکی چەپەڵدا تێپەڕدەبێت و هەبوونی ئێستای خۆی لەدەست دەدات.

بارزانی بازرگانی بە خوێنی شەهیدانەوە دەکات

چیاکانی باشوری کوردستان کە بە خوێنی هەزاران گەریلا و پێشمەرگەی نیشتمان ئاودراون، بەو رادەیە شکۆمەند و ناوازەبوون. گەلی باشور بە دەیان جار ماڵە خاپورکراوەکانیان سەرلەنوێ دروست کردووەتەوە و بە پیکی ستەمی سەربازانی سەدام جارێکی دیکە رووخاونەتە و کۆچبەر بوون. بە سەدان منداڵ، گەنج، باو و دایک بوونە قوربانی لەسەر ئەم خاکە. هەروەها زیاتر لە ٣٠ ساڵە هێزەکانی گەریلای ئازادی بە بەخشینی گیانی جوانی خۆیان ئەم خاکە لە داگیرکەری تورک دەپارێزن و ژیانی گەلی هەرێمەکەیان لەئارامیدا پاراستووە. ئەو خاکەی لەسایەی ئازار و قوربانیدا بەدەستهێنراوە، ئەمرۆ لە سەر دەستی بارزانی پێشکەش بە سەدامێکی دیکە دەکرێت.

گەریلا لە شەڕی ئازادیدا بەردەوامە، پێویستە گەلی باشووری کوردستانیش هەڵوێستی ڕوون پیشان بدات

لە لایەکەوە تێکۆشانی گەریلا بۆ ئازادی کوردستان هەیە و لەلایەکی دیکەوە هەوڵدانەکانی بنەماڵەی بارزانی بۆ تەسلیم کردنی ئێرادەی گەلی باشووری کوردستان هەیە. ئایە پێویستە گەلی باشووری کوردستان پشتیوانی لە ئازادی خۆی بکات، یان خۆی ڕادەستی هەوڵەکانی بنەماڵەی بارزانی بکات و لە کەسێتی ئەردۆغاندا گەردنیان بخەنە ژێر چەقۆی سەدام حوسەینێکی نوێ نوێ؟

هێزەکانی گەریلا هەر لە ساتەکانی دەستپێکەوە زانیان چۆن بە تاکتیک و شێوازی کاریگەر هێرش بکەنە سەر داگیرکەر. هێرشەکانی داگیرکەرانیان بێ ئەنجام کرد و ناچاریکردن خۆیان لە جێگەیەکەدا بهێڵنەوە کە گەریلای لێ نیە. ئەم هەڵوێست و ڕۆحەی گەریلا لە هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیادا زۆر بەباشی لە دژی داگیرکاران گیراوەتە بەر. هێزەکانی شاخی بەهار و هەرێمی سەرگەل دەزانن و دەتوانن بە وردی شیکاری و دیاریکردنی هەرجوڵەیەکی سوپای تورک بکەن و هەنگاوی داهاتوویان چی دەبێت. بۆیە ماوەیەکی زۆر خۆیان بۆ شەڕێکی لەم شێوەیە ئامادەکردووە. بەژنیان بە شانەی فیشەک، دەروونیان بە ڕێبەر ئاپۆ و خاکی وڵات و شەهیدان پڕکردووەتەوە. هەست بە گرنگی پێگەی ستراتیژی خۆیان و پرۆژەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن. بۆیە بە جەنگە بێهاوتاکانیان و بە هێزی چالاکگەرییان ئەوەیان سەپاندووە کە چەند دڵنیاییان لە پاراستنی خاکی باشووری کوردستاندا هەیە. جەختدەکەنەوە لەوەی جارێکی دیکە نەهێڵن گەلی باشووری کوردستان بە دەستی خیانەکانی بنەماڵەی بارزانییەوە توشی کارەساتی دڵتەزێن ببنەوە.

گەلی باشوور بە دەنگ و هەڵوێستەکانیان لە بەرامبەر ڕێکارەکانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکاری دەوڵەتی تورکدا دەتوانن کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر بەڕێوەچوونی شەڕ درووستبکەن لە گۆڕەپانەکەدا. تێکۆشانەکانی گەریلا بە هەڵوێستە دروستەکانی ئەوانەوە بەشێوەیەکی خێرا و گەورەتر سەردەکەوێت.

هەر لەگەڵ قڕکردنی گەلی باشووردا، بنەماڵەی بارزانی لە ئەمریکا دەبن

پێویستە گەلی باشوور ئەو فیداکارییە ببین کە لە ئێستادا لە شاخی بەهار ئەنجام دەدرێت، لەبەرامبەریدا دستبخەنە سەر دڵ و ویژدانیان. پێویستە حەقیقەتی بنەماڵەی بارزانی بەرامبەر کۆمەڵگە ببین و خاکی کوردستان بۆ ئەوان جێنەهێڵن. گەل و ئەو شەڕڤانانەی بۆ ئازادی دەجەنگن خاوەنی ئەم خاکەن.

پێویستە گەلی باشووری کوردستان هەست بەم پێشبینییە بکەن و بزانن کە بنەماڵەی بارزانی هەموو زەوییەکانی باشووری کوردستان دەفرۆشێت بە عوسمانیەکان و بەو پارەییە لە بانکەکانی ئەمریکادا دارایی خۆیان زیادبکەن. ئەو کاتەی دەوڵەتی تورک دەستی بە قڕکردنی گەلی باشووری کوردستان کرد، لەوکاتەدا بنەماڵەی بارزانی لە زوترین کاتدا لە واشنتن و نیۆرکدا لە کۆشکەکانی خۆیاندا دەبن.

بۆ ئەوەی ئەم ئازارە پڕ ناسۆرە بەسەر گەلی باشووردا نەیەت، لە ئێستادا گەریلا لە هەر بستێکی چیاکانی کوردستاندا لەگەڵ هەر بارودۆخێکدا شەڕ و تێکۆشان دەکەن. بۆ ئەوەی ئەم تێکۆشانە بە ئامانجی سەرکەوتنی خۆی بگات، گەلی باشوور ناچارە لە پێناو هەبوونی خۆیدا دەست لە دەستی گەریلابێت و هێڵێ تێکۆشانی بڵند بکات.