لە کۆرێکدا خوێندنەوە بۆ کتێبی 'دیوانی شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی' کرا
لە شاری کەرکوک، لە کۆڕێکی ئەدەبی و فیکرییدا لەلایەن هەردوو نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج و شێخ سدیقەوە خوێندنەوە بۆ کتێبی دیوانی شیعری 'شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی ' کرا.
لە شاری کەرکوک، لە کۆڕێکی ئەدەبی و فیکرییدا لەلایەن هەردوو نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج و شێخ سدیقەوە خوێندنەوە بۆ کتێبی دیوانی شیعری 'شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی ' کرا.
ئێوارەی دوێنێ دوو شەممە، لە هۆڵی كتێبخانەی گشتی كەركوک لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانان و کەسایەتی سیاسی لەژێر ناونیشانی (ئێوارەیەك بۆ دەقە شیعرییەكانی شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی)، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردانەوەی دیوانی شیعری مامۆستا شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی سازکرا کە تیدا لەلایەن هەردوو نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج و شێخ سدیقەوە لە دوو دیدگای جیاوازەوە خوێندنەوە بۆ دێوانە شیعریەکە کرا.
شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە شیعر دەنووسێتەوە، شاعیر مامۆستایەکی پەروەردەیی بووە و بەرهەمەکانی دابەش دەبەن بەسەر شیعری نەتەوەیی و نشتیمانی و ئاینی و سۆفی، شیعرەکانی شاعیر پڕن لە ووشەسازی و زمانەوانی کوردی ڕەسەن، هەروەها مێژووی نەهامەتی و کارەساتەکانی سەر گەلی کوردی لە ڕێگەی شیعرەوە نووسیوە و ووتۆتەوە، هەروەها کۆی شیعرەکانی ناوبراو بریتییە لە ئازارەکانی خەڵک و کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد".
لە سەرەتای کۆڕەکەدا لە ڕێگەی داتاشۆوە چەند پارچە شیعرێکی شاعیر بە خوێندنەوەی شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، پاشان هەریەکە لە نووسەران "لەتیف فاتیح فەرەج" و شێخ سدیق" لە دوو دیدگای جیاوازەوە خوێندنەوەیان بۆ شیعرەکانی شاعیر کرد.
'شیعرەکانی لە چوارچێوەی نەتەوەیی و نشتیمانی بووە'
لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و رۆژنامەنووس، سەبارەت بە شیعرەکانی شاعێر بۆ ئاژانسی هەوالی فوڕات (ANF) گووتی: "شێوازی داڕشتنەکەی شیعرەکانی 'شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی' شیوەی کلاسیکە هەرچەندە بەشێک لە شیعرەکانی بە کێشی پەنجە نووسیوەتەوە کە کێشی پەنجە کێشێکی خۆماڵی کوردییە لە بەرامبەردا کێشی بەحری عەرەبی هەیە کە زۆر شاعیرانی کلاسیک بەو کێشە نووسیویانە، شیعرەکانی دابەش بووە بەسەر شیعری نەتەوەیی، نیشتمانی، ئایینی و تەسەوف، من زیاتر قسەم لەسەر شیعرە نەتەوەیی و نشتیمانییەکانی کردووە، وە لە چوارچێوەی شیعرە نەتەوەیی و نشتیمانییەکانی قسەم لەسەر ئەوەکرد کە شیعر مێژوو و داستانی پێ ئەگێڕنەوە بۆیە ئەرک و بارگرانی دەکەوێتە سەر شاعێرانی کورد، بەهۆی ئەوەی ئێمەی کورد بەردەوام ڕووبەڕووی کۆچبەربوون و ڕاگواستن و هەڕەشە بووینە بۆیە ئێمەی کورد مێژوومان بە شیعر گێڕاوەتەوە".
'مێژوو و نەهامەتییەکانی کوردی لە ڕێگەی شیعرەوە نووسیوە'
لە درێژەی قسەکانیدا لەتیف فاتیح فەرەج ووتیشی: "لەو ڕووانگەیەی کە کورد ناچاربووە مێژووەکەی بە شیعر کردووە، مامۆستا ناچاربووە باسی مەینەتەکانی کورد، ئەنفال و کۆرەو، ڕووداوەکانی ١٩٥٩ی کەرکوک و پەلەمارەکانی رژێمی بەعس بکات، لە بنەڕەتدا پێویستە ئەم ڕووداو و نەهامەتیانەی سەر گەلی کورد بە مێژوو بنووسرێتەوە بەڵام مامۆستا سەرکەوتووبووە لەوەی مێژوو و دیدگای شاعرێکی بۆ کۆڕەو و ڕووداوەکان نووسیوە".
'شیعری بۆ بۆنە نەتەوەییەکان و کارەساتەکانی سەر گەلی کورد ووتوەتەوە'
لەلای خۆیەوە، د. شاهۆ عەبدولڕەحمان بەرزنجی کوڕی شاعیر، گووتی: "شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی باوکم زۆر شیعری بۆ بۆنە نەتەوەیی و کۆڕەو و کارەساتەکانی سەر گەلی کورد و سروشت ووتووە، شاعیر شیعری زۆرە بەڵام دوای پەنجا ساڵ لە کاری شیعری بڕیاریدا دێوانی شیعرەکانی چاپ بکات، ئێمەش دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی شیعرەکانی و چاپمان کرد لە داهاتوودا شیعرەکانی دیکەی چاپ دەکەین".
' شیعرەکانی پڕن لە ووشەسازی و زمانەوانی کوردی'
هەروەها شێخ سدیق نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتی سیاسی شاری کەرکوک، کە یەکێک بوو لەو دوو نووسەرەی خوێندنەوەیان بۆ دێوانی شیعرەکانی 'شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی کرد، ناوبراو بەم شێوەیە باسی لە شاعیر کرد: "دیوانی مامۆستا شێخ عەبدولڕەحمان بەرزنجی چاپ کراوە کە کۆی بەرهەمە شیعرییەکانیەتی، ئێمەش لەم کۆڕەدا لە دوو تەوەر قسەمان لەسەر دێوانەکەی کرد، تەوەرێکیان بریتییە لە خوێندنەوەی من و ئەوەی دیکە خوێندنەوەی نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج لە دیدگای جیاوازەوە، هەروەها کتێبی دیوانی شاعیر بەسەر ئامادەبووان دابەش کران، شاعیر مامۆستایەکی پەروەردەیی بووە و بەرهەمەکانی دابەش دەبەن بەسەر شیعری نەتەوەیی و نشتیمانی و ئاینی، شیعرەکانی شاعیر پڕن لە ووشەسازی و زمانەوانی کوردی، هەندێک ووشەی شیعرەکانی خەڵکی لە بیری چووە و ئەتوانین وەکو مێژووی ووشەی کوردی ڕەسەن سوودی لێببینین، کۆی شیعرەکانی بریتییە لە ئازارەکانی خەلک، مرۆڤایەتی، کۆمەڵگا و نەتەوەکەی".