ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا لە میانی بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی ستێرک تیڤیدا وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە پرسە گەرمەکانی دایەوە.
لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە دیداری بنەماڵە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ کرد و وتی، "دوای ٤٤ مانگ ئێمە توانیمان زانیاری لە رێبەر ئاپۆ وەربگرین. دیداری بنەماڵە ئەنجامدرا. لەو دیدارەدا رێبەر ئاپۆ سڵاوی گەیاند. بەر لە هەموو شتێک وەک هاوڕێکانی، بە ناوی بزوتنەوەکەمان و ژنانمان بە رێز و خۆشەویستیەوە پێشوازی لە سڵاوەکەی دەکەین. بەم بۆنەوە بە رێزەوە سڵاو لە بەرخودان و هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ دەکەین و خۆشەویستی خۆمانی پێشکەش دەکەین.
بێگومان ئەنجامدانی ئەم دیدارە بە ئاسانی دەستەبەر نەبوو. ئەو دیدارە بەر لە هەموو شتێک مافی رێبەر ئاپۆیە. دەبێت بنەماڵە، پارێزەرانی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامودەزگا نێونەتەوەییەکان بتوانن سەردانی ئەو بکەن. ئەوە مافی یاسایی رێبەر ئاپۆیە. بەڵام ئێمەش دەوڵەتی تورکی فاشیستیش دەزانین کە رێبەر ئاپۆ بە چ شێوەیەک بە دیل گیراوە. رێبەرایەتی بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی بە دیل گیراوە و رادەستی دەوڵەتی تورک کرا. رێبەر ئاپۆ بە دیلگیرا. لەم دوا دیدارەشدا ئاشکرا بوو کە رێبەرایەتی بە دیل گیراوە. لەبەر ئەوەی ئەو دیدارەی مافی ئەوە و دەبێت بەردەوام ئەنجام بدرێت، دەکرێت بابەتی سات و سەودا. دەیانەوێت ئەو دیدارە لە بەرامبەر گەلەکەمان، بزوتنەوەکەمان، رێبەرمان وەک سیاسەتی سەرانە وەرگرتن بەکاربهێنن.
رێبەر ئاپۆ ٤٤ مانگە بە شێوەیەکی بێوچان خۆڕاگری دەکات، ٢٦ ساڵ لە ئیمرآڵییە، هەروەها گەلەکەمان و بزوتنەوەکەمان هەوڵ دەدەن گۆشەگیری تێکبشکێنن، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتی و سەلامەتی ژیان و تەندروستی ئەو بە هەزاران شەهید دراون، بە هەزاران زیندانی کراون، گەلەکەمان هەموو رۆژێک لە گۆڕەپانەکانە، ژنان، گەنجان، خۆڕاگران تێدەکۆشن. بە پێشەنگایەتی هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی بۆ رێبەرایەتی، گەلەکەمان، بزوتنەوەکەمان، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان خۆڕاگری دەکەن و لە ئەنجامی ئەو بەرخودانەشدا دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. بەر لە دیدارەکە لە پەرلەمانی تورکیا دەسەڵاتداری ئەردۆغان- باخچەلیی فاشیست هەندێک قسەیان کرد. باخچەلی سڵاوێکی کرد، بەڵام لە ناو رای گشتیدا کەشێکی بەو جۆرەی خوڵقاند وەک ئەوەی پرۆسەیەک دەستیپێکرابێت. دواتریش وتی با رێبەر ئاپۆ بێت 'لە پەرلەمان قسە بکات'. ویستیان بەر لە دیدارەکە چاوەڕوانی 'ئاخۆ شتێکی نوێ هەیە' بخوڵقێنن. رێبەرایەتی بە رێگەیبەڕێز عومەر ئۆجالان کە پەرلەمانتاری بازنەی رحایە و لە بنەماڵەکەیەتی، پەیامێکی نارد و تیایدا وتی، 'گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر هەلومەرج بخوڵقێندرێت من خاوەن ئەو هێزە تیۆریک و پراتیکیەم کە قۆناغەکە لە شەڕەوە بگوازمەوە بۆ بواری یاسایی و سیاسی'.
ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتداری فاشیست دەرکەوت
رێبەر ئاپۆ بەم هەڵوێستەی خۆیەوە دەمامکی سەر روخساری دەسەڵاتداری لابرد و ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتداری دەرکەوت. لەبەرئەوەی دەیانویست لە قسەدا هەندێک شت بڵێن، بەڵام لە پراکتیکدا ئەنجامی نادەن. هەروەها بە مەبەستی ئەوەی کاریگەری هەڵمەتی جیهانی ئازادی بشکێنن، گەل و کۆمەڵگە بخەنە چاوەروانی شتێک، ویستییان گەمەیەکی لەم جۆرە بەڕێوەببەن. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵوێستێکی لەم شێوەیەی نیشاندا؛ یانی گوتی گەر خواستی ئەنجامدانی شتێکتان هەیە، ئەوا من ئامادەم و هێزی تێۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە، دوای ئەوەش بە ناوی تەڤگەرمانەوە هاوسەرۆکایەتی کەجەکە ڕاگەیاندراوی دا. لە ڕاگەیاندراوەکەی هاوڕێیانماندا، تەڤگەرمان هەڵوێستی ڕوون و ڕەوانی نیشاندا؛ ئێمە لە پشتی ڕێبەر ئاپۆین، لەگەڵ پرۆسەکەیداین. خواستییان ناکۆکییەکی وا دروستکەن بەوەی کە ئایا پەکەکە گوێ بە ڕێبەر ئاپۆ دەدات یان نا، کەجەکە گوێ بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەگرێت یان نا، بەڵام ئەم مەرامەی بەدەست نەهێنا. لە ئێستادا ٣ مانگی دیکە سزای دیسپلینیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕیوەتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەی کە قسەکانیان چەندە درۆزنانەیە، ئامادەی هیچ شتێکی نوێیان نیە. جەختەکەنەوە لەسەر سیاسی نکۆڵێ و لەناوبردنی گەلی کورد.
دیسانەوە کۆنسێپتی بنەڕەتی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبەن. نمونەیەک، ڕێبەر ئاپۆ وتی من ئامادەم، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چاوپێکەوتنی کرد. باشە، خێرە تۆ سزای دیسلپینی بەسەردا دەسپێنی؟ ئەوکاتە دەرخەری ئەوەیە کە ئامادەی پرۆسەیەکی وات نیە. دەزانین؛ هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوامە و دەیبینین، سیاسەتە قڕکارییەکان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەبینین، هێرشی سەر گەل و تەواوی کوردستان دەبینین. ئەم دەسەڵاتدارییە هەرگیز خاوەنی عەقڵێتێک نیە و نەبووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. دەسەڵاتدارییەکی لەو جۆرەیە کە دەیەوێت کوردان لەناوبەرێت. درۆکانیان، ئامانجە قێزەونەکانیان، ڕووی ڕاستەقینەیان هەر زوو ئاشکرا بوو. زانیارییمان لە ڕێبەر ئاپۆوە وەرگرت، سڵاویمان پێگەیشت، ئەمە دەرنجامی بەرخۆدان و تێکۆشانی گەورەیە. سڵاوی ڕێبەر ئاپۆ هێزی پێداین، بە حورمەت و خۆشەویستییەوە پێشوازیمان لێکرد. هەربۆیە ئەو سڵاوە دەکەینە بناغەی تێکۆشانی مەزن بۆ شکاندنی گۆشەگیری. پێویستە لەسەر هەموو گۆڕەپانەکاندا بڵاوی بکەینەوە و زۆر زیاتر جەماوەری بکەینەوە. بەم شێوەیە دەتوانین ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بڕەخسێنین، بە تێکۆشانمان دەتوانین ئاسایش و تەندروستی ڕێبەر ئاپۆ پێکبهێنین. لەسەر ئەم بنەمایە دەبێت تێکۆشانمان فراوان بکەین."
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا لە بەردەوامی قسەکانیدا هەڵسەنگاندی بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ژنان و ئەمەی وت، "ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژی لە مێژوودا چەسپاوە. لە کۆماری دۆمینیکا خوشکانی میرابێڵ لە پێناو ئازادی و یەکسانی ژنان کوژران. لە کەسێتی ئەواندا یادی هەموو ئەو ژنانە دەکەمەوە کە بەدەستی پیاوسالاری کوژراون. ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخواز زۆر زیاتر لە کوردستاندا دەکوژرێن. لە دامەزرێنەری پارتەکەمان ساکینە، لەیلا، ڕۆژبین، سێڤێ، فاتمە، پاکیزە، ناگیهان، هەڤرین خەڵەف، زەهرا، دایکە ئاقیدە و بەهەزاران ژنی دیکە لە لایەن عەقڵێتی پیاوسالارییەوە کوژراون. نابێت ٢٥ی تشرینی دووەم تەنها وەک ڕۆژێکی ئاسایی هەڵسەنگێنین، تێکۆشانی ئازادی ژن پێویستی بە بەردەوامی هەیە و پێویستە ئەم تێکۆشانە هەموو ڕۆژێک بەردەوام بێت. وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان هەر قوربانیدانێک دەبێت باببێت ئێمە لە تێکۆشانی ئازادییمان بەردەوام بین. بۆیە پێویستە تەواوی ژنان بتوانن کۆمەڵکوژی و هێرشەکان بکەن بە بناغەی هەنگاوی نوێ.
مشتومڕ لەسەر کوشتنی نارینی ٨ ساڵان کرا، بەڵام دەوڵەت، بەتایبەت حکومەت، بنەماڵە، تەریقەت و حیزبول-کۆنترا لە کوردستاندا ئەم ڕووداوەیان شاردەوە. هەروەها ڕوون نیە کە ڕۆژینی خوێندکار لە وان چۆن کوژراوە. ئەم کۆمەڵکوژییە هەموو ڕۆژێک بە بەرچاوی جیهانەوە ڕوودەدات. چەقۆ دەکرێت بە دڵی ژندا، کەسانی دیکەش تەماشانی دەکەن. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت سەرنجم بخەمە سەر لایەنێکی دیکە. هەمووکاتێک دەڵێین، دەبێت ژنان تێکۆشانیان بەردەوام بکەن؛ بێگومان ئەمە ڕاستە. دەوڵەت، دەسەڵاتداری، سیستەمی پیاوسالاری لەدژی ژنە. ئازادی ژن بە مانای ئازادی کۆمەڵگە دێت. هیچ کەسێک هێندەی ڕێبەر ئاپۆ لەم بابەتەدا دەرفەتی نەڕەخساندووە. فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایی ڕێبەرتی پەیوەست بە ئازادی ژنەوە قۆناغێکی مەزنی ئافراند. هێرشەکان لەدژی ئایدۆلۆژیای ژنە. هێرشەکان لەدژی ئازادی ژنە.
سیستەم بۆئەوەی درێژە بەمانەوەی خۆی بدات، هەموو جۆرە هێرشیک لەدژی ژنان دەکات. ناپرسێ منداڵە، ساوایە هیچ جیاوازی ناکات و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا دەیانکوژێت. لە ڕاگەیاندنەکانەوە بە بەرفراوانی بڵاوی دەکەنەوە و هەوڵدەدەن تێگەشتنێک لە نێو کۆمەڵگەدا بئافرێنن. کاردانەوەی کۆمەڵگە دەکوژێ، شتەکە ئاسایی دەکاتەوە. خواستی سیستەمە بەم شێوەیە بیترسێنێ. ئەمە سیستەمی باوکسالارییە. بەم هۆکارەوە دەمەوێت ئەوە دەستنیشان بکەم کە ئەرکێکی مەزن دەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیاوانەی لە دژی سیستەم، سۆسیالیستن، شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکخوازن. هەر پیاوێک لە دژی ئەم سیستەمە دەوەستێتەوە پێوستە دەنگی هەڵبڕێت. پێش هەموو شتێک پێویستە هەڵسوکەوتی خۆیان بەرامبەر ژنان سەرڕاست بکەنەوە. بۆ نمونە ئەم هەموو ڕوداوە دەگوزەرێن، نابینین چەند قسەیەک بڵێن. جگە لە تەڤگەری ئازادی نابینین کەس قسەیەکی هەبێت. بە شێوەیەکی ئاسایی ڕووداوەکان وەردەگرن. هەڵبەتە پێوانەی سەرەتایی سۆسیالیزم نزیکایەتییە لە ژن.
هێرش لە دژی ژنان هێرشە لە دژی ژیان
ئەگەر لە سەر هێڵی ئازادی یەکسانی نەپارێزێت، ئازادی ژن نەپارێزێت، قەبوڵی نەکات، کەواتە چۆن دەتوانێت بە خۆی بڵێت سۆسیالیستم، من دیموکراتم، من رۆشنبیرم؟ فاشیزم ناوەکەی بە خۆیەوەیە و فاشیستی دەکات، دەسەڵاتداریش بە گوێرەی مێشکی خۆی دەجوڵێتەوە، بەڵام رووی قسەکانم لەلایەنەکانی دیکەیە، لەمەدا کەموکوڕییان هەیە. ئەو کەسولایەنانەی من باسیان دەکەم دەبێت رێبەر ئاپۆ بخوێننەوە. بە بەم بۆنەوە بانگەواز دەکەم؛ بە تایبەتی پیاوانی گەنج، دەبێت لەسەر فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ خۆیان قووڵ بکەنەوە. بۆ نمونە، رێبەر ئاپۆ وتی، 'من لە کەسایەتی خۆمدا پیاوم کوشت'. هەروەها ئەوەی دەستنیشان کرد کە ئەو پیاوەی لە کەسایەتی خۆیدا پیاوەتی خۆی نەکوشتبێت، ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست هاوڕێیەتی ژنان بکات، ناتوانێت بنەماڵەیەکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ساز بکات. رێبەر ئەوەی دەستنیشان کرد کە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایانە کۆمەڵگەیەک بخوڵقێندرێت.
٢٥ی تشرینی دووەم دەبێت ببێتە ئەو رۆژەی کە زیاتر لە هەموو کات پیاوان رەخنە لە خۆیان بگرن. بەر لە هەمووان دەبێت بەرامبەر توندوتیژی بوەستنەوە، بڵێن کە نەفرەت لەو پیاوەتیە دەکەن و قەبوڵی ناکەن. لەبەرامبەر هاوژین، کچ و کچانی خزمیان بە دروستی بجوڵێنەوە. لەمەدا پیاوان کەمتەرخەمن. هەموو بەرپرسیارێتییان خستووەتە سەر شانی ژنان، دەڵێت با ژن من بگۆرێت. بێگومان وەک بزوتنەوەی ئازادی ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دادەنێین. ئەرکێکی لەو جۆرەمان هەیە. بۆ نمونە وەک پاژک و کەژەکە ئێمە پەروەردەی ئەوە دەڵێینەوە. ئەرکی ئێمەیە کە کۆمەڵگە بگۆرین، بەڵام دەبێت پیاوانیش رەنج و هەوڵدانیان هەبێت. کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی و گێچەڵ بەرامبەر بە ژنان بەهاکانی مرۆڤایەتی لەناو دەبەن. لەبەر ئەوەی ژنان بەهاکانی مرۆڤایەتی دەپارێزن، هێرش لە دژی ژنان هێرشە لە دژی ژیان. هێزەی رێبەر ئاپۆ لێرەدا دەردەکەوێت، چونکە لەبەر ئەوەی هاوڕێیەتیەکی راستەقینەی لەگەڵ ژناندا ئەنجامدا، لە ژنان تێگەیشت. بزوتنەوەکەمان لە دامەزراندنیەوە تێکۆشانی رەگەزی بۆ خۆی بە بنەما گرتووە. ئەگەر ئێمە هەموو رۆژێک نەتوانین ئەو تێکۆشانە بەڕێوەببەین، ئێمە ناتوانین ئاستی ئازادی بەدەستبهێنین.
بەڕێوەبردنی تێکۆشانی رەگەزی بە شێوەیەکی بەهێز، هاوڕێیەتی راستەقینەی وەک هەڤاڵ رۆژگەر و هەڤاڵ ئاسیا دەخوڵقێنێت. بەڕێوەبردنی تێکۆشانی رەگەزی بە واتای بەڕێوەبردنی تێکۆشانی ئازادییە. کۆمەڵگەش دەبێت بەم جۆرە تێبکۆشێت. بزوتنەوەکەمان مێژوویەکی ٥٠ ساڵەی تێکۆشانی هەیە، بۆ نمونە لە ناوچەیەکی وەک ئامەد، لە پایتەختی دیموکراسی ژن دەکوژرێت، لە وان لە ئێلیح ژن دەکوژرێن. لە باشور رۆژێک نییە کە ژنان نەکوژرێن. بێگومان ئەمە تەنیا لە کوردستان روونادات، لە ئەمریکاوە تا ئەفریقا، لە ئەمریکای لاتینەوە تا ئەوروپا ژنان لە سەرتاسەری جیهان دەکوژرێن. بە گوێرەی ئامارەکان توندوتیژی لە دژی ژنان بە زۆرترین رێژە لە ئەوروپایە. زیاتر لە ناو خێزاندا روودەدات. لە کاتێکدا بە خۆیان دەگوت ناوەندی دیموکراسین، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەرنجی بدات ئەو کاتە دەبینن کەژنان ئازاد نین. لەبەر ئەوەش دەبێت تێکۆشانی ژانن زیاتر رەهەندی کۆمەڵایەتی هەبێت.
کادرەکانی کەژەکە، کەجەکەش لەو بابەتەدا دەبێت سەرەتا لە خۆیان، بنەماڵەکانیانەوە دەستپێبکەن. پارادایمی رێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی ژنان دەبێت لە ژیانی خۆیاندا بەکردەوەی بکەن. ئەمە راستیەکەیە. ئەگەر نەتوانن ئەوە بکەن ئەو کاتە تەنیا ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان چالاکی دەکەن، تەنیا ٢٥ی تشرینی دووەم چالاکی دەکەن. بەو جۆرە نابێت. بۆ نمونە رێبەرایەتی لەبارەی ژنێکی ئازادەوە وتی، لە وڵاتێک بەنرخترە. ئێمەش لە سەر بنەمای ئەو فەلسەفەیە تێدەکۆشین. لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا بێگومان دەبێت چالاکی جەماوەری بکرێت، دەبێت برژێنە شەقامەکان، بەڵام تەواوی کۆمەڵگە، پیاوان دەبێت ئەوە بە بنەما بگرن کە پێویستە چ ژیانێک لەگەڵ ژندا بژین. دەبێت ئەوە بە بنەما بگرێت کە لە سەر هێڵی ئازادیی ژن هاوڕێیەتی راست بکات و ببێتە چ جەنگاوەرێک. جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژک لەمەدا نمونەن. بۆ نمونە هەڤاڵ رۆژگەر لە نامەکەیدا لەو رووەوە رەخنەی لە خۆی گرت، ئەوەشی خستەڕوو کە چالاکیەیەک هاوکات رەخنەدانی خۆیەتی بەرامبەر بە هاوڕێیانی ژن. ئایا لەمە باشتر شتێک بوونی هەیە؟ خۆی پارچە پارچە دەکات و هێشتا رەخنە لە خۆی دەگرێت. ئەوانەی رێچکە و رێبازی ئەو هەڤاڵانە دەگرنەبەر و دەڵێن لەسەر بنەمای ئەو فەلسەفەیە کۆمەڵگەی ئازاد دەخوڵقێنن، دەبێت بە گوێرەی پێودانگەکانی بجوڵێنەوە.
ژنی بەڕێکخستنبوو هێزی هەرە گەورەیە
پێوانە چییە؟ دەبێت بزانرێت هەڵسوکەوت لەگەڵ بنەماڵە، هاوژین، خوشک، هاوڕێیانی ژن بکات. نابێت ستەم لە ژن بکەیت. کەسێک خۆی بە دیموکرات دادەنێت، دەڵێت نابێت ژن سنورەکانم تێپەڕ بکات. کاتێک ژن هەندێک سنوری تێپەڕاند لە جلەکانییەوە تا بگات بە قسەکانی، دەیەوێت چێوە بدات بە ژن. فاشیزمی ئەردۆغانی شێفی فاشیست لە بابەتی ژندا دەردەکەوێت. لە شەوێکدا خۆی لە پەیمانی ئەستەنبوڵ کشاندەوە کە هەندێک مافەکانی ژنی دەپاراست. هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانەکاندا دەڵێت دەبێت ژنان چەند منداڵێک بخەنەوە، هەندێ شتی بێمانای وەک ئەوەی کام جل لەبەرنەکات. بە ئێستاشەوە هەموو ڕۆژێک هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکات. بێگومان تێکۆشانی ژن لە دژی ئەمە زۆر گرنگە. بەڵام وەک ئەوەی وتم، ئەوانەی نزیکی ئەم پرسەن لە کەموکوڕیدان.
بۆ وێنە، لەم بابەتەدا، سڵاو لە گەلی کۆبانێمان دەکەم. چەندین ساڵە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا پیاوان دەڕژێنە گۆڕەپانەکان و چالاکی شەرمەزارکردن ئەنجام دەدەن. بێگومان نابێت ئەمە تەنها لەو ڕۆژەدا بێت. لە هەر جێگەیەک توندوتیژی دژ بە ژن هەبێ پێویستە لەو شوێنە تێکۆشانمان هەبێت و بەرنگاری ببینەوە. کاتێک دەبینین لە جێگەیەک توندوتیژی لەدژی ژنان ئەنجام دەدرێت، کاتێک دەبینی کەسێک لە نێو بنەماڵەکەیدا توندوتیژی دەکات، دەبێت بتوانرێت دەستوەردان بکرێت و لە دژی ئەو کەسانە بوەستیتەوە کە لەسەر ژن بە شێوەیەکی نا ئەخلاقانە بازرگانی دەکەن.
دەبێت بەڕێکخستن بکرێت، هەڵوێست نیشان بدەن، قارەمانێتی و پیاوبوون ئەمەیە. نەک گوێ نەدان بە توندوتیژی دژ بە ژن. بۆیە پێویستە هیچ کەسێک بێباک نەبێت لەم بابەتەدا. گەر ڕێگەیەکی لەم شێوەیە بگیرێتەبەر، لەو باوەڕدام ڕێگری لە توندتیژی دەکرێت و لەسەر بنەمای ئازادی ژن کۆمەڵگەیەک بونیاد دەنرێت. دەتوانرێت کۆمەڵگەیەک بنیادبنرێت لەسەر بنەمای ئازادی ژن و پیاو. پیوانەی ئازادی لێرەدایە.
بۆ نمونە، بەردەوامی پەکەکە لە تەڤگەری ئازادی ژندایە، جەوهەری پەکەکە پارتی ئازادی ژنە. ڕێبەر ئاپۆ لەسەرەتاوە گوتی، 'دەبێت پەکەکە ببێتە پارتی ژنان'. بۆیە پەکەکە پارتی ژنانە، پارتی ئاسیا، ڕۆژگەر، ڕووکەن، سارا، ڕۆژهات و ئەرداڵانە. داوای من لە ژن و هەمووکەسێک لە دژی پیاوسالاری ئەمەیە؛ بە شێوەیەکی زۆر بەهێز بەشداری چالاکییەکانی ٢٥ تشرینی دووەم ببن، هەموو ڕۆژێک لە تێکۆشاندابن. ڕاگەیەندراوەکانی کەژەکە و پاژک بۆ هەموو ژنانە. هەروەها دەبێت ژنان خۆپاراستنی خۆیان بەهیز بکەن، لە هەموو جێگەیەک ژنان بە ڕێکخستن بکەین. ژنی بەڕێکخسن بوو هێزی هەرە گەورەیە، پاراستنی ژنیش بە ڕێکخستنکاری دەکرێت. بۆ ئەمەش هەرچی پێویست بکات بکرێت. لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی دەبێت زانابوون بئافرێنرێت. وەک تەڤگەری ئازادی لەسەر ئەم بنەمایە بێگومان تێکۆشانمان بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد، نەتەوەی دیموکراتیک و دنیایەکی دیموکراتیکە. لەم سەدەیەدا شتی زۆر پیرۆز ئەمەیە."
سۆزدار ئاڤێستا لە کۆتایی قسەکانیدا بە بۆنەی ٤٦هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پەکەکەوە هەڵسەنگاندنی کرد و وتی، "٢٧ی تشرینی دووەم ڕۆژی ژیانەوەمانە. لەو ڕۆژەدا ڕێبەر ئاپۆ ئەندێشەکانی وەرچەرخاندە بەرنامە و پارتی و کردی بە موڵکی کۆمەڵگە. لە ئێستاوە ئەم ڕۆژە پیرۆزە لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بێت. قەرزداری ڕێبەر ئاپۆین، فکر و شکۆی بە ئێمە و گەلەکەمان بەخشی. هەروەها پیرۆزبایی ٢٧ی تشرینی دووەم لە هەموو دایکان، ژنان، گەل و دۆستەکانمان دەکەم کە بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ تێدەکۆشن. گەلەکەمان، تەڤگەرمان دەربارەی پەکەکە چەندین شت دەڵێن، بەڵام گوتنی مانادار حەقیقەتە، حەقیقەتی ڕێبەر ئاپۆ لە ناو پەکەکە و پاژکدا ڕوونبووەتەوە. لە نێو جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژکدا کۆنکرێتی بووە. پێویستی سەرەکی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١دا ڕێبەر ئاپۆیە. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆحی بەرخۆدانییە، ڕێگەی تێکۆشانە. ئەوەی ئازادی ژن، ئازادی زیندانیان و ئازادی سروشت دەنوێنێتەوە و بۆی تێدەکۆشێت ڕێبەر ئاپۆیە، سیستەمەکەیەتی، کۆنفیدارلیزمی دیموکراتیکە. پەکەکە و پاژک پێشەنگایەتی ئەمە دەکەن.
لە ٤٧ ساڵەی پارتەکەماندا دەبێت زیاتر خاوەنداری لە بەهاکان بکەین. پەکەکە و پاژک پارتی شەهیدانە. پەکەکە لە هەمووکاتێک زیاتر لە بەهێزبووندایە، پەکەکە خاوەنی جەنگاوەرانی نمونەی وەک هەڤاڵ ئاسیا و هەڤاڵ ڕۆژگەرە، خاوەنی مەمەد جودی و باوەڕە. پارتی شەهیدان هەموو ڕۆژێک بەرفراوانتر دەبێت. لە ئێستاوە لە جۆشی ساڵوەگەری دامەزراندنی پارتەکەمانداین. گەلەکەمان لەم جۆشەدایە. بەم بۆنەیەوە دەبێت شایستەی هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ بین، شایستەی هێڵی جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژک بین. بۆیە دەبێت بە جەختکردنەوە لەسەر هێڵی ئەم پارتە تێبکۆشین. ئەمساڵ ساڵی خوڵقاندنی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. لەمڕۆدا پەکەکە هیوای هەموو بندەستانە. داوای من لە تەواوی گەلەکەمان، ژنان و گەنجان ئەمەیە؛ دەبێت لەمساڵدا لە هەمووکاتێک زیاتر بە جۆشەوە ساڵوەگەری پارتمان پیرۆز بکەن. لەسەر هێڵی پەکەکە لە دەوری ڕێبەر ئاپۆ گردبنەوە. ئەمە داوای هەڤاڵان ئاسیا و ڕۆژگەرە. پەکەکە وەک دار چنار ڕەگی داکوتاوە، هیوای گەورەی ئافراندووە. پێویستە گەلەکەمان بەم ڕوحێتەوە بەشداری چالاکییەکان ببێت.
بەم بۆنەیەوە پێویستە لە گردبوونەوەی ١٦ی تشرینی دووەمی کۆڵنی ئەڵمانیادا سڵاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین بە موڵکی ملیۆنان مرۆڤ. داوا لە گەلمان لە ئەوروپا دەکەم؛ بەتایبەت گەلمان لە ئەڵمانیا، کۆمەڵگەی ئێزدی، کۆمەڵگەی عەلەوی، ژن، گەنج، دۆست و ئەنتەرناسیۆنالیستان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کار بکەن، دەبێت بە جۆش و مۆراڵەوە ساڵوەگەری دامەزراندنی پەکەکە لە کۆڕەپانی کۆڵن تەژی بکەن و بە تەواوی جیهان بڵێن ئیدی قەبوڵ ناکەن ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵیدا بهێڵدرێتەوە. دەبێت پەیامی موخاتەبوونی چارەسەری ڕێبەر ئاپۆ بدەن، دەبێت ئیدی گۆشەگیری بە کۆتابێت، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت و ئەمە بکەن بە بنەمای تێکۆشانیان. لەوباوەڕەدام لە ئێستاوە گەلەکەمان ئامادەکاری بۆ ئەوە کردووە و بەو ڕوحەوە بەشدار دەبێت. لە ئێستاوە ساڵاو و خۆشەویستی خۆمیان بۆ دەنێرم و هیوای سەرکەوتنییان بۆ دەخوازم."