کوردستانیان لە تۆرۆنتۆ لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانیان ئەنجامدا

کوردستانیان لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا هێرشە داگیرکارییەکانیان شەرمەزارکرد و سڵاویان لە بەرخۆدانی گەریلا کرد.

لەسەر بانگەوازیی کوردستان بپارێزە (Defend Kurdistan)، ئەنجومەنی دیموکراتیکی گەلی کورد چالاکییەکی بۆ ئیدانەکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا رێکخست.

کوردستانیان لە شاری تۆرۆنتۆ لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە مەیدانی بلور – یۆنگ تاوەکو گۆڕەپانی سیتی هۆل (گۆڕەپانی بەردەم بینای شارەوانی) ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر بەردەوام بوو و تیایدا وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵاکانی پەکەکە و یەپەگە/یەپەژە بەرزکرانەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "کوردستان بپارێزە" بەرزکرایەوە و دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "تورکیا لە کوردستان بۆ دەرەوە"، "ڕژێمی تورک کوردان دەکوژێت"، "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان"، "بمری خیانەتی پەدەکە" و "ئازادی بۆ کوردستان" دەوترانەوە.

هاوسەرۆکایەتیی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە تۆرنتۆ ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بۆ  سەر باشووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا داوای پشتیوانیکردن لە گەلی کوردیان کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هێرشەکانی سەر کوردستان بە دڵنیاییەوە بە هۆی بەرخۆدانی گەریلا تێکدەشکێن.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "کوردستانیان لەسەرتاسەری جیهان لەگەڵ دۆستەکانیاندا لە گۆڕەپانەکاندا دەبن و لە گۆڕەپانەکان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان تاوەکو کۆتایی هێنان بە هێرش و داگیرکارییەکان".

ژ.ت