لە ستراسبۆرگ کوشتنی دەنیز پۆیراز ئیدانە کرا

لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا کوشتنی دەنیز پۆیرازی هەدەپەیی بە رێکخستنی چالاکییەک ئیدانە کرا.

پلاتفۆرمی ژنان لە شاری سترابۆرگی فەرەنسا بە رێکخستنی چالاکییەک کوشتنی دەنیز پۆیرازی هەدەپەییان ئیدانە کرد.

کوردستانیان بە ئاڵای هەدەپەوە لە گۆڕەپانی کلیبر کۆبوونەوە و لەگەڵ چەند دەستە و گروپی دیموکراتیک و چەپ دا چالاکییەکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا راگەیاندرا، هێرش لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەوە پلانی بۆ دانراوە و جێبەجێکراوە.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "شانبەشانی یەکتر دژ بە فاشیزم" و "ژن، ژیان، ئازادی - La femme, la vie, la liberte " بە کوردی و فەرەنسی دەوترانەوە.

لە راگەیاندراوی پلاتفۆرمی ژنان دا راگەیاندرابوو، دەنیز پۆیراز لە هێڕشێکی بەرنامە بۆ دانراوەدا کوژراوە و ژنانی ئازاد لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستییەوە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەدەپە بەرەیەکی یەکگرتووی شۆڕشگێڕە و تاکە بزووتنەوەى سیاسییە، کە لە دژی فاشیزم لە تورکیا بەرەنگاری دەکات، بۆیە هەدەپە بە بەردەوامی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێتە ئامانج.

پلاتفۆرمی ژنانی ئەوەشی راگەیاند، دەنیز پۆیراز شەهیدی تێکۆشانی دیموکراسییە و راشیگەیاند، تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی ژنان بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت و فاشیزم تێکدەشکێت.

فەلەکناس ئوجا و هۆشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتارانی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ بوون و لە چالاکیەکەدا لە دژی کۆمەڵکوژییەکان لێدوانیان دا و چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.

ژ.ت