قەسەدە بانگەشەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەدرۆخستەوە: خۆکوژەکان لە کەمپی هۆلەوە دەرنەچوون

قەسەدە بانگەشەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومتی کاتیی سوریای ڕەتکردەوە کە بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەو کەسانەی هێرشە خۆکوژییەکانی کەنیسەی مار ئیلیاسیان ئەنجامدا لە کەمپی هۆلەوە هاتوون. قەسەدە دووپاتی کردەوە، هیچ کەسێک لە کەمپی هۆل دەرنەچووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، بانگەشەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومتی کاتیی سوریای بەدرۆخستەوە کە باس لەوە دەکات ئەو خۆکوژەی هێرشەکەی کەنیسەی مار ئیلیاسی لە گەڕەکی دوەیلعە ئەنجامداوە و ئەو خۆکوژەی تر کە هەوڵی داوە هەرێمەکانی تر بکاتە ئامانج لە کەمپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە دەرچوون و سوریی نین.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پاش ئەم بانگەشانە، دەزگا تایبەتەکانی قەسەدە پشکنینیان کردووە بۆ لیستی کەسانی نیشتەجێی کەمپی هۆل و ئەو کەسانەی لە پێشتردا لە کەمپەکە دەرچوون، دەرکەوتووە کە هیچ کەسێک لە کەمپەکە دەرنەچووە، بێجگە لەو کەسانەی لەسەر داوای حکومەتی کاتی سوریا دەرکراون و هەموویان خەڵکی سوریان. هەروەها ژمارەیەک عێراقی دەرچوون، بەڵام ئەو کەسانە بەپێی ئوق لیستانە دەرکراون کە لەلایەن عێراقەوە خراونەتەڕوو، وە ئەم کەسانە براون بۆ کەمپی جەدعە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە کەمپەکەدا خێزانی داعشە سوری و بیانییەکان هەن و زۆربەیان ژن و منداڵن، هیچ تیرۆریستێکی بیانی تێدا نییە. ئەمەش بانگەشەی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕەتدەکاتەوە، دەربارەی گواستنەوەی دوو تیرۆریست لە کەمپی هۆلەوە لە خەڵکی سوریا نین.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، قەسەدە تاکە هێزە لە سوریا دژی داعش تێکۆشاوە و لە ساڵی ٢٠١٩ داعشی لە باغۆز تێکشکاند. بە ئێستاشەوە، بەردەوامە لەسەر ئەرکە هاوبەشەکانی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لەڕووی نیشتیمانی و ئەخلاقییەوە پابەندە بە درێژەدان بە ئەرکە، ئەگەر پێویست بکات ئامادەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەم ئەرکە فراوانتر بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بانگەواز لە حکومەت کاتیی سوریا کراوە، لێکۆڵینەوە شەفاف و درووست بکات و لەگەڵ بەڵگەکاندا بۆ ڕای گشتی بڵاوی بکاتەوە، ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم "هێرشە تیرۆریستییانە".