بە دیمەن

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ سری سورەیا ئۆندەر نارد

ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکەیدا بۆ ئەندامی شاندی ئیمراڵیی سری سورەیا ئۆندەر، ڕایگەیاند کە ئۆندەر نوێنەرایەتی نەریتی بابا ئیسحاق دەکات و گوتی: "بەهیوام بەزووترین کات تەندرووستی باشتر ببێت و بە جۆش و هێزەوە بگەڕێتەوە نێومان".

پەیامی ڕێبەر ئاپۆ

ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان و پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە، فایەق ئۆزگور ئەرۆل بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چوونە ئیمراڵی. پاش دیدارەکە دوورگەی ئیمراڵییان جێهێشت. دواتر لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە سری سورەیا ئۆندەری تێدا چارەسەر دەکرێت، ڕاگەیاندراوێکیان دا. پەروین بوڵدان پەیامی ڕێبەر ئاپۆی بۆ سری سورەیا ئۆندەر، ئاشکرا کرد.

ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ڕەوشی سری سورەیا ئۆندەر پەیامێکی نارد و گوتی:

"بۆ سری سورەیا ئۆندەر

هیوای چاکبوونەوە بۆ سری دەخوازم لە نەخۆشییەکەی. هیوای باشبوون و سەلامەتی بۆ خێزان و دۆست و خۆشەویستانی دەخوازم. ١٢ ساڵە لەگەڵ سری سورەیا ئۆندەر کاردەکەین. گرنگی ئەو ئەمەیە: خەڵکی سەمسوورە، بە ڕەچەڵەک تورکمانە، نوێنەرایەتی نەریتی بابا ئیسحاق دەکات. هەمیشە هەوڵی مەزنی بۆ ئاشتی هەبووە. لە کەسێتی خۆیدا، پێشداوەرییە خراپەکانی نێو کۆمەڵگەی شکاند. پێشداوەرییەکانی لە پەرلەمان شکاند. پێشداوەرییەکانی لە شەقامەکان شکاند.

 ئەوەی لە کەسێتی ئەودا بەرجەستە و زیندوو بووەتەوە، ئێمە پێی دەڵێین جینات و کەلتووری ئەنادۆڵ. ئەوەی ئێمە لەبارەیەوە دەدوێین، زیندووکردنەوەی ئاشتی و جیناتی ئەنادۆڵ و نەریتی تورکمانەکانە. ئۆندەر کەسێتیییەکی وەهایە و ئەمە جەوهەری ڕاستەقینەی تورکمانێتییە: ناسنامەی هەرە باشی ئاشتی و کەلتوورە. وەستانەوەیە دژی زیهنیەتی "پێداگرم لەسەر دوژمنایەتی و سیاسەتکردن لەسەر ئەم شێوازە".

کەلتووری ئۆندەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشهاتە نەرێنییەکان زۆر گرنگە. دەتوانێت ئەو نەرێنیانەی کە سەرهەڵدەدەن بگۆڕێت بۆ ئەرێنی بەبێ ئەوەی قووڵیان بکاتەوە. دەبینم هەمووان دەچنە ئەو نەخۆشخانەیەی کە ئۆندەری لێیە و بەڵێنی خۆیان بۆ دڵسۆزبوون بەرامبەر یادی وی ئاشکرا دەکەن. ئەم پەیوەستبوونەش پێویستی بە جێبەجێکردنی هەوڵەکانی ئەوە لەپێناو ئاشتی. دیسانەوە هیوای باشبوون و چاکبوونەوە بۆ خۆی و خێزانەکەی و خۆشەویستانی دەخوازم. بەهیوام بەزووترین کات تەندرووستی باشتر ببێت و بە جۆش و هێزەوە بگەڕێتەوە نێومان".

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند دیدارەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ٢ کاتژمێر و نیوی خایاندووە و زۆر بەرهەمدار بووە. پەروین بوڵدان جەختی کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ هیوای زۆری بە پرۆسەکە هەیە و بۆ ئەمەش درێژە بە کار و خەبات دەدات.