فیلمی كاتێك شه‌تڵه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن له‌ ژاپۆن خه‌ڵاتێكی به‌ده‌ستهێنا

فیلمی "كاتێك شه‌تڵه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن"، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمۆنی فیلمی ڕۆژئاوا به‌رهه‌مهێنراوه‌، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی له‌ وڵاتی ژاپۆن به‌ده‌ستهێنا.

فیلمی كاتێك شه‌تڵه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن (When Seedlîngs Grow)، باس له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خه‌ڵكی كۆبانێ ده‌كات، كه‌ به‌ فرۆشتنی ماست بژێویان دابین ده‌كه‌ن، فیلمه‌كه‌ تیشك ده‌خاته‌سه‌ر، گۆڕانكاری و گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگای نوێ له‌ دوای شه‌ڕ و شۆڕش.

فیلمی كاتێك شه‌تڵه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن له‌ ٢٠ه‌مین فستیڤاڵی سینه‌مایی نێونه‌ته‌وه‌یی سكیپ سیتی له‌ وڵاتی ژاپۆن له‌ نێوان هه‌زار و ٢٤٦ فیلمدا وه‌ك باشترین فیلم هه‌ڵبژێردرا.

ئه‌و فیلمه‌ له‌ لایه‌ن كۆمۆنی فیلمی ڕۆژئاوا به‌رهه‌مێنراوه‌، ڕێگه‌ر ئازاد كاری ده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجامداوه‌ و سیناریۆیی فیلمه‌كه‌ش له‌ لایه‌ن ئه‌مین ئه‌نیگزه‌ك، ده‌نیز ده‌ریا و ڕێگه‌ر ئازاد نووسراوه‌.

ماوه‌ی فیلمی كاتێك شه‌تڵه‌كان گه‌شه‌ ده‌كه‌ن یه‌ك كاتژمێر و ٢٣ خوله‌كه‌. دوای ئه‌وه‌ی ساڵی ٢٠٢٢ له‌ كۆبانێ نمایش كرا، له‌ چه‌ندین وڵاتی جیهان له‌وانه‌ش، كۆلۆمبیا، كه‌ته‌لۆنیا، سوید، ئه‌ڵمانیا، پورتوگال، ئه‌مریكا و مه‌كسیك، ئه‌رجه‌نتین، ئیتاڵیا، ئۆرۆگوای و هتد نمایشكراوه‌ و چه‌ند خه‌ڵاتێكیشی به‌ده‌ستهێناوه‌.

ژ. ن