لە کەرکوک، ٤٢هەمین ساڵیادی کۆچی عەلی مەردان بەرزڕاگیرا

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لە چالاکییەکدا ٤٢هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری کورد عەلی مەردان(پاشای مەقام) بەرزڕاگیرا.

هونەرمەندی کۆچی کردووی کورد عەلی مەردان لە گەڕەکی تەکیەی شێخ عەلی لە شاری کەرکوک لە ساڵی ١٩٠٤ لەدایکبووە،  خوێندنی لە تەکیەی کەرکوک لەلای مامۆستا ساڵح دەستپێکردووە و هەر لەوێشەوە فێری تەجویدی قورئان و مەقاماتی کوردی بووە.

عەلی مەردان پاش ٨ ساڵ لە تەکیە شاری کەرکوکی جێهێشتووە، عەلی مەردان وەکو شارەزایەکی مەقاماتی کوردی، عەرەبی و تورکمانی لە ناوچەکەدا جێگای خۆی کردووەتەوە و ناوبانگی دەرکردووە،

لە رۆژی هەینی ساڵی ١٩٨١ مامۆستا عەلی مەردان بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گۆرستانی شێخ محێدین لە شاری کەرکوک نێژرا.

کاتژمێر ٥:٣٠ی ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە ٢٣ی تەموزی ٢٠٢٣، لەلایەن ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، لە چالاکییەک بە بەشداریی هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی شارەکە وەکو رێزگرتنێک لەو خزمەتەی ئەو کەڵە هونەرمەندە کردوویەتی لە هونەری مەقامبێژیدا، ٤٢هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندەی کورد و پاشای مەقام (عەلی مەردان) کرایەوە.

لە چالاکیەدا لەلایەن هونەرمەندانی شارەکەوە گۆڕانییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو ووترانەوە، هەروەها لە پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی-دا چالاکییەکانی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بێژی نمایش کران.

خەندە کەرکوکی کچە گۆرانی بێژێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە رۆڵی عەلی مەردان لە هونەری کوردی-دا، بە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "وەکو هونەرمەندێکی کەرکوک دەستخۆشی لە ناوەندی عەلی مەردان دەکەم بۆ ئەم یادکردنەوەیەیە کە تێیدا ژمارەیەک لە گەنجانی هونەرمەندی شاری کەرکوک هەستان بە ووتنەوەی بەرهەمەکانی مامۆستا عەلی مەردان، عەلی مەردان قوتابخانەیەکی هونەرییە و جێگای شانازی هەموو کەرکوکییەکانە، هونەری کوردی واتا عەلی مەردان و حوسێن عەلی بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان".

لەلای خۆیەوە، سیروان عومەر سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان - لقی کەرکوک، سەبارەت بە چالاکی یادکردنەوەی هونەرمەندی کۆچ کردوو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "جێگای دەستخۆشی کردنە لەناوەندی عەلی مەردان بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی کوچی پاشای مەقام عەلی مەردان، بێ گومان مامۆستا عەلی مەردان زۆر خزمەتی میلەتی کورد و هونەرەکەی کردووە، ئەو هونەرمەندە کۆگایەکی هونەری بووە کە بۆ هەموو هونەرمەندان ماوەتەوە".

هەروەها سیروان عومەر لە درێژەی قسەکانی ووتیشی: "مامۆستا عەلی مەردان زۆر زیرەک شارەزایانە مەقامی چڕیوە کە یەکێک بووە لە گەورە هونەرمەندانی کورد، هەرچی بۆ عەلی مەردان بکرێت هەر کەمە لەپایەی ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی گەلی کوردی کردووە، حەزمان ئەکرد چالاکییەکی هونەری گەورەترە لەمە ساز بکەین کە ئەویش ڤستیڤاڵێکی گەورەیە بەناوی عەلی مەردانەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی وەزارەتی دارایی و رۆشنبیری کاتەکەی دواکەوتووە بەڵام ئەو ڤستیڤاڵە هەر ئەنجام دەدەین".