ئه‌كته‌رێكی فیلمی نامه‌كان له‌ شه‌نگاله‌وه‌: ئه‌مه‌ چیرۆكی ئه‌وانه‌

عه‌لی ئاڤار، ئه‌كته‌ری فیلمی "نامه‌كان له‌ شه‌نگاله‌وه‌" ڕایگه‌یاند، له‌ فیلمه‌كه‌دا باسی به‌رخۆدان له‌ دژی جینۆساید ده‌كرێت. وتیشی: "ئه‌مه‌ چیرۆكی ئه‌وانه‌" و خۆڕاگرانی به‌بیر هێنایه‌وه‌

فیلمی نامه‌كان له‌ شه‌نگاله‌وه‌، كه‌ ماوه‌كه‌ی ٨٠ خوله‌كه‌، له‌لایه‌ن ده‌رسیم زه‌ره‌ڤان كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه‌، بڕیاره‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ٣ی ئاب هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی فه‌رمانه‌كه‌ له‌شاری كیلی ئاڵمانیا نمایش بكرێت. دواتر له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا نمایش ده‌كرێت.

عه‌لی ئاڤار، كه‌ ڕۆڵی "دڵشێر هه‌ره‌كۆل" له‌ فیلمه‌كه‌دا ده‌گێڕێت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كورد سه‌دان ساڵه‌ به‌رخۆدان ده‌كات و ئه‌و فیلمه‌ش به‌شێكی ئه‌و به‌رخۆدانه‌ نیشان ده‌دات، بێگۆمان له‌ شه‌نگال كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامدرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رخۆدانێكی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌چوو.

وتیشی: فیلمه‌كه‌ باسی چیرۆكی شه‌هیدان ده‌كات، به‌تایبه‌تی شه‌هید دڵشێر كه‌ ڕۆڵێكی گرنگی له‌ به‌رخۆدانی شه‌نگالدا هه‌بوو و وتی: خه‌ڵكی شه‌نگال تا ئێستاش به‌ پێزانییه‌نه‌وه‌ یادی ده‌كه‌نه‌وه‌ و بووه‌ به‌ هێما و ڕه‌مزێك.

دڵشێر هه‌ره‌كۆل، یه‌كێك بوو له‌ فه‌رمانده‌كانی هه‌په‌گه‌، كه‌ رۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ له‌ شه‌نگال له‌ دژی هێرشه‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی چه‌ته‌كانی داعش، له‌گه‌ڵ ١٢ هاوڕێی له‌ چیای شه‌نگال به‌شداری له‌و به‌رخۆدانه‌ مێژووییه‌دا كردبوو. دڵشێر هه‌ره‌كۆل ١٨ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ له‌ هێرشێكی ئاسمانی ده‌وڵه‌تی تورك له‌ ناوچه‌ی دۆرتیۆلی سه‌ر به‌ هاتای له‌ داوێنی چیای ئامانۆس شه‌هید بوو.

عه‌لی له‌باره‌ی ڕۆڵگێڕانه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ بۆ من شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ڕۆڵی دڵشێرم له‌ فیلمه‌كه‌دا گێڕا، له‌ ڕاستیدا من له‌گه‌ڵ ئه‌ودا له‌ هه‌مان گۆڕه‌پان مامه‌وه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ له‌ گێرانی ڕۆڵه‌كه‌دا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش پرسیارم كرد ئاخۆ من شایه‌نی ئه‌وه‌م كه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ بگێڕم.

عه‌لی ئاڤار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "له‌كاتی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌دا بیستمان هاوڕی دڵشێر شه‌هیدبووه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر من هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشترین شێوه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌كه‌م ئه‌نجام بده‌م. 

وتیشی: هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌شداری ئه‌و به‌رخۆدانه‌ بوون و ئه‌مه‌ش له‌ فیلمه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ و نابێت مرۆڤ ئه‌وه‌ له‌ بیر بكات، كه‌ شه‌نگال به‌ به‌رخۆدانی گه‌ریلا و ئه‌و هێزانه‌ ڕزگار كراوه‌ و له‌سایه‌یی شه‌هیدانه‌وه‌ توانیمان له‌سه‌ر پێی، خۆمان ڕابگرین، نابێت هه‌رگیز له‌بیریان بكه‌ین.

ژ.ن