پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی مه‌درید و به‌ گه‌ردوونی بوونی ته‌ڤگه‌ری كوردان

شه‌ڕی رووسیا و هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تله‌سی "ناتۆ" له‌ ئۆكرانیا، هاوسه‌نگیه‌كانیش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گۆڕێت. ناتۆ ده‌یه‌وێت رووسیا له‌ سنوره‌كانی سندم بكا و به‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌وه‌ خه‌ریكی بكات.

شه‌ڕی رووسیا و هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تله‌سی "ناتۆ" له‌ ئۆكرانیا، هاوسه‌نگیه‌كانیش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گۆڕێت. ناتۆ ده‌یه‌وێت رووسیا له‌ سنوره‌كانی سندم بكا و به‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌وه‌ خه‌ریكی بكات. له‌لایه‌كیتر ناتۆ ده‌یه‌وێت خۆی فره‌وان بكات و هه‌ژموونگه‌رای خۆی جارێكیتر به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێت. له‌گه‌ڵ رووسیاش، چین و ئێران و ده‌وڵه‌تانی ئاسیا بخاته‌ ژێر ركێفی خۆی. له‌بنه‌مادا ناتۆ مه‌به‌ستیه‌تی چین سنوردار بكات، بۆیه‌ له‌ رێگه‌ی رووسیاوه‌ ده‌ستی به‌ پلانه‌كه‌ی كردووه‌.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی راوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردنه‌، بێگومان هه‌ڵوێست و مه‌رامی ناتۆیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرسی كورد و گۆڕینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ كردن كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی 70 ملیۆنی بۆ هه‌ژموونگه‌رای خۆی. بۆیه‌ پێویست ده‌كات‌ پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ین، ناتۆ بۆچی دوژمنایه‌تی گه‌لی كورد ده‌كات؟ بۆچی هه‌ركاتێك ببینێ كه‌ پرسی كورد له‌ چاره‌سه‌ری نزیك ده‌بێته‌وه‌، پیلانگێڕیه‌ك ده‌خاته‌ كار و هه‌وڵده‌دات پرسی كورد بێنێته‌وه‌ خاڵی سفر؟

دواین پیلانگێڕی ناتۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌درید له‌ 29ی حوزیرانی ئه‌مساڵ كه‌وته‌ كار. وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ ده‌زانن له‌سه‌ر داواكاری ده‌وڵه‌تی سوید و فیله‌ندا بۆ به‌شداربوون له‌ هاوپه‌یمانی ناتۆ، داواكاریان پێشكه‌ش كرد، ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیاش ڤیتۆی دانایه‌ پێش سوید و فیله‌ندا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش دوژمنایه‌تیه‌كه‌یان له‌به‌رامبه‌ر دۆزی ره‌وای كورد نوێ بكه‌نه‌وه‌. چونكه‌ دوای به‌درۆكه‌وتنی دۆزی ئۆلف پاڵمه‌، ئیدی هاتبووه‌ قۆناخێك كه‌ پێویست بوو سوید له‌ به‌رانبه‌ر په‌كه‌كه‌ ره‌خنه‌ بدات و داوای لێبوردن له‌ گه‌لی كورد بكات. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ روونه‌دات، ناتۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا نه‌رمایه‌تی بۆ دۆزی كورد نه‌نوێنن و هه‌موو ده‌رگاكان له‌به‌رده‌م دۆزی ره‌وای كورد دابخه‌ن.

ئه‌وروپا كه‌ خۆی به‌ پێشه‌نگی دیموكراتیه‌تی لیبڕاڵ به‌ناو ده‌كات و گوایه‌ مافی مرۆڤ و ئازادی و دادپه‌روه‌ری له‌وێ هه‌یه‌!! به‌ڵام هه‌موو ئه‌و دروشمانه‌ی ته‌نها بۆ هه‌ژموونگه‌رایه‌تی و له‌خشته‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئاسیا و ئه‌فریقیایه‌، ئه‌گه‌رنا كاتێك ئه‌وروپا له‌ پرسی كورد نزیك ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌ژده‌هایه‌كه‌ كه‌ به‌ئاگر و ژهری ده‌می تووشی كاره‌ساتی ده‌كات‌. كوردێكی ساویلكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌كات و ده‌ڵێت، خۆزگه‌ ئێمه‌ له‌ژێر ده‌ستی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی بووینایه‌ ئه‌وان پێشكه‌وتوون!! یان تائێستاش زۆر مرۆڤی كورد راده‌كات بۆ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا گوایا ده‌چێت له‌ به‌هه‌شتی ئه‌وروپا داده‌نیشێ، نازانێ به‌هه‌شتی ئه‌وروپا بۆ خه‌ساندنی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتیه‌ به‌گشتی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌ به‌تایبه‌تی. بۆیه‌ پێویسته‌ جارێكیتر ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرابێ كه‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌ 15ی شوباتی 1999 به‌ دیلكه‌وتنی رێبه‌ر ئاپۆ، تاوانی سایكس بیكۆ و لۆزانیان دووباره‌ كرده‌وه‌. له‌ 6\11\2018 خودی ئه‌مریكا به‌دیاریكردنی خه‌ڵات له‌سه‌ر پێشه‌نگانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستان، پیلانگێڕی تازه‌ كرده‌وه‌، ئێستا به‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌درید بێگومان له‌ماوه‌ی 24 ساڵدا بۆ جاری سێیه‌مه‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، به‌و مه‌به‌سته‌ی تێكۆشانی ئازادی كوردستان به‌پێشه‌نگایه‌تی په‌كه‌كه‌ له‌ناوبه‌رن.

له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوو، ناتۆ به‌ پێشه‌نگایه‌تی ئه‌مریكا، ویستیان په‌كه‌كه‌ به‌ناوی ئاگربه‌ست و بێ ده‌نگ كردنی چه‌كه‌كان، په‌كه‌كه‌ و رێبه‌ر ئاپۆ له‌یه‌كتر داببڕن و سه‌ره‌تا په‌كه‌كه‌ و هێزی گه‌ریلا، پاشان رۆژئاواو و باشووریش له‌ناوبه‌رن. په‌كه‌كه‌ هه‌ستی به‌و پیلانگێڕیه‌ كرد، بۆیه‌ نه‌كه‌وته‌ ناوپیلانه‌كه‌یان‌. گووتی، هیچ قۆناخێك ده‌ستپێناكات، ئه‌گه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ پێشه‌نگایه‌تی نه‌كات. بۆیه‌ پیلانه‌كه‌ی ناتۆ پووچه‌ڵ بوویه‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ناتۆ هه‌موو ده‌رگاكانی له‌به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر واڵا كردووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شوێنێك هێرشی سه‌ر گه‌ریلا و كادیر و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ بكات. ئه‌گه‌ر ناتۆ ئاسمانی عێراق و سوریای له‌به‌رده‌م توركیا واڵا نه‌كردبێ، بێگومان توركیا ناتوانێ له‌ قامشلو، كۆبانێ، شه‌نگال، مه‌خمور، كه‌لار و چه‌مچه‌ماڵ، كادیران و ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ شه‌هید بخات.

ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌، ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستان، له‌ هیچ گۆڕه‌پانێكی تێكۆشان، سه‌ری بۆ داواكاریه‌كانی ناتۆ نه‌وی نه‌كردوه. راسته‌ باجی داوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌ی به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. بۆیه‌ ده‌بێ جارێكیتر ئه‌وه‌ به‌ بیربێنینه‌وه‌ كه‌ دۆزی كورد دۆزێكی گه‌ردوونیه‌.

ده‌وڵه‌تی تورك وه‌ك دوژمنی باوه‌ كوشته‌ی كورده‌، واتا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی پرسی كورد ره‌وایه‌تی وه‌رنه‌گرێ و ده‌سكه‌وتێكی له‌ده‌ست نه‌بێت،‌ ئاماده‌یه‌ سازش له‌سه‌ر ماره‌ی دایكی خۆشی بكات. واتا دوژمنایه‌تی ده‌وڵه‌تی تورك شتێكی تازه‌ و نامۆ نییه‌، به‌ڵكو سه‌ده‌یه‌كی پڕ كرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، ده‌وڵه‌تی تورك تائێستا به‌ته‌نها نه‌یتوانیوه‌ رووبه‌ڕووی شۆڕشی كوردستان ببێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ناتۆ نه‌بێ، ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێ شه‌ش مانگ خۆی له‌به‌رده‌م هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستان رابگرێ. بۆیه‌ ناتۆ له‌ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی تورك، دوژمنایه‌تیه‌كی راسته‌وخۆی گه‌لی كورد ده‌كات. هێرش و داگیركاری سه‌ر سه‌رێكانی و گرێسپی رۆژئاوامان له‌بیر نه‌چووه‌، وته‌كانی دۆناڵد ترامیشمان هێشتا له‌یاده‌، به‌ناوی "ناوچه‌ی ئارام بۆ ئاواره‌كان" چۆن ئه‌و هه‌رێمانه‌یان پێشكه‌ش ده‌وڵه‌تی تورك كرد. ئێستاش به‌هه‌مان بیانو دیسان پیلانه‌كه‌یان له‌سه‌ر رۆژئاوا به‌رده‌وامه‌، له‌ پیلانگێڕیه‌كه‌ی مه‌دریدیش، به‌شێكی گرنگی رۆژئاوای كوردستان و باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا، له‌خۆ ده‌گرێت‌.

ئه‌وه‌ی لێره‌ راوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌واتای ئه‌وه‌ نایه‌ت كه‌ گه‌لی كوردستان و په‌كه‌كه‌ رووبه‌ڕووی ناتۆ و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌‌، پێچه‌وانه‌ ئه‌وانن كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت پرسی ره‌وای كورد به‌بێته‌ مژاری چاره‌سه‌ری سیاسی و له‌ رێگه‌ی داگیركه‌رانه‌وه‌ به‌ پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌. بۆیه‌ سه‌رده‌مێك به‌ناوی به‌عس كوردستانیان كیمیاباران و ئه‌نفال ده‌كرد، ئێستاش به‌ناوی توركیا هه‌مان كار دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا، هه‌ر دوژمنایه‌تیه‌ك له‌به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی، ئه‌گه‌ر ناتۆی له‌پشت نه‌بێ، ئه‌وا تائێستا چه‌ندین ساڵ بوو كوردستان ده‌گه‌یشته‌ ئازادی.

سه‌یركه‌ن له‌مێژووی عێراق، عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌ 1958 له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێی له‌ ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا و ناتۆ نه‌گرت، زۆر به‌ساده‌یی مافی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و كه‌لتوری كوردی قبوڵ كرد و له‌ ده‌ستوریش به‌جێی كرد. ئه‌گه‌ر پێشه‌نگانی ئه‌وكاتی كورد ئاقڵ بوونایه‌، ئه‌وا ده‌یانتوانی دۆزی ره‌وای كورد بخنه‌ ده‌ست خۆیان و نه‌ك وه‌ك دواتر خۆیان كرده‌وه‌ یاری ده‌ستی ساواك و سی ئای ئه‌ی و ده‌زگا سیخوڕیه‌كانی تری جیهان. بۆیه‌ رێبه‌ر ئاپۆ ئه‌مه‌ی بۆ توركیا باش پێناسه‌ كرد، گووتی، "توركیا له‌ دوورگه‌ی ئیمرالی ته‌نها رۆڵی پاسه‌وانی هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی منیان هێناوه‌ته‌ ئێره‌ ئه‌وانه‌ باش ده‌ناسم، ئه‌وانیش پێشه‌نگانی سیسته‌می مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارین".

په‌كه‌كه‌ وه‌ك گه‌وره‌ترین هێزی كوردستانی، خاوه‌ن پارادایم و هزر و فه‌لسه‌فه‌ و ئایدیۆلۆژیا و رێبه‌ری خۆیه‌تی، كه‌ته‌نها خودی خۆی ده‌توانێ له‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ی بڕیاری بدات. واتا سیاسه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی هه‌یه‌. بۆیه‌ توانیویه‌تی له‌ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ته‌مه‌نی، هه‌موو ئه‌و پیلانگێڕیانه‌ پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌، یان راستر بڵێین خۆی له‌ده‌ستی پیلانگێڕان رزگار كردووه‌. خۆپیشاندانی ده‌یان هه‌زار كه‌سی دوسلدۆرفی ئه‌ڵمانیا له‌ 25ی حوزیران، سه‌لماندنێكی جه‌ماوه‌ریانه‌ بوو له‌ رۆژی ئه‌مڕۆماندا، هه‌مانكات تێكشكاندنی سوپای داگیركه‌ر له‌ زاپ و مه‌تینان و ئاڤه‌شین، ئه‌مه‌ش راستێكیتری پشانی جیهاندا كه‌ نوێترین چه‌ك و ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای ناتۆ، ناتوانێ چۆك به‌ گه‌ریلای ئازادی كوردستان دابنێ. خۆبه‌ڕێوه‌بردنی دیموكراتیانه‌ی رۆژئاواو پڕ كردنه‌وه‌ی 10 ساڵ له‌ ته‌مه‌نی شۆڕش به‌ سه‌رده‌میانه‌ترین رێباز و مۆدێلی دیموكراتی، كه‌ رۆشنبیران و فه‌یله‌سوفانی وه‌ك ژیژك و چۆمسكی، سه‌ریان له‌به‌ر سوڕماوه‌ و گووتیان، " ده‌بێ وانه‌ له‌ ئه‌زموونی ئێوه‌ی دیموكراتی رادیكاڵ وه‌ربگرین".

دواین هێزی دیموكراتیانی كوردانیش بێگومان پێنجه‌مین كۆنگره‌ی هه‌ده‌په‌ بوو له‌ 3ی ته‌مموز، له‌ناو جه‌رگه‌ی پایته‌ختی داگیركه‌ری له‌ ئه‌نقه‌ره،‌ به‌ 50 هه‌زار ئه‌ندام سازدانی كۆنگره‌كه‌یان بوو. ئه‌مه‌ش كارێكی ئه‌وه‌نده‌ جێگای ستایشه‌ كه‌ ته‌نها مرۆڤ ده‌توانێ بڵێ، ده‌ستێوه‌ ساغبی هه‌ڤاڵنۆ.

كۆی ئه‌وانه‌ شتێكمان بۆ ساغ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش، رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌ و ده‌سكه‌وته‌كانیان بوونه‌ته‌ گه‌ردوونی، بۆیه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ئیلهامی لێ وه‌رده‌گرێت، هه‌مانكات زلهێزه‌ جیهانیه‌ هه‌ژموونگه‌راكانیش كه‌ سه‌رۆكایه‌تی چه‌پڵترین سیسته‌می نامرۆڤانه‌ی جیهانی به‌ناوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش به‌رده‌وام له‌ ویزه‌ی پیلانگێڕی و دوژمنایه‌تی ئه‌و هێزه‌ شۆڕشگیڕ و دیموكراتیه‌دان‌.

بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ بزانن، پیلانگێڕی و دوژمنایه‌تی كردنی په‌كه‌كه‌ و رێبه‌ر ئاپۆ بێ هووده‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ گه‌ردوونی و ئیدی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی خاوه‌نداریه‌تیان لێده‌كات، ئێوه‌ش له‌كۆتایدا ته‌نها شه‌رمه‌زاریتان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌.

ژ.ت