شەڕڤانانی عەرەب: بۆ ژیانێکی یەکسان و شکۆدار هاتینە ڕیزەکانی پەکەکە

شەڕڤانانی عەرەب دەلال ئامەد و عومەر تەل کۆچەر کە بۆ ژیانێکی یەکسان و شکۆدار پەیوەندیان کردووە بە ڕیزەکانی پەکەکەوە، تیشک دەخەنە سەر گرنگی پەکەکە بۆ خوشک و برایەتی گەلان.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ‌هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردوامە. دەوڵەتی تورک دەرەقەتی بەرخۆدانی گەریلا نایەت، بۆیە هەموو جۆرە چەکێک بەکاردێنێت، لەوانەش چەکی کیمیایی. شەڕڤانانی عەرەب دەلال ئامەد لە یەژاستار و عومەر تەل کۆچەر لە هەپەگە، بۆ شکاندنی ئەم هێرشانە پەیوەندیان بە ڕیزەکانی پەکەکەوە کردووە، تیشک دەخەنە سەر گرنگی پەکەکە بۆ خوشک و برایەتی گەلان.

گەریلای یەژاستار، دەلال ئامەد: شەهیدبوونی خوشکەکەم کاریگەری هەبوو لەسەر پەیوەندیکردنم بە ڕیزەکانی گەریلاوە. خوشکەکەم، بەروار زیلان لە دۆڵی تیارێ شەهیدبوو، ئەمەش کاریگەری مەزنی لەسەرم جێهێشت. وەک ژنێکی گەنجی عەرەب هاتمە ڕیزەکانی گەریلا. پەیوەندیکردنی هەڤاڵە عەرەبەکان بۆ نێو ڕیزەکانی پەکەکە، زۆر گرنگە بۆ خوشک و برایەتی گەلان. خۆم بە شانس دەبینم، چونکە ڕێگەیەکی وەهام گرتەبەر. پاش دەسپێکردنی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە، ژنان خۆیان ناسی و دەستیان بە تێکۆشان کرد. ئەمەش وایکرد ژنانی عەرەب و ژنانی چەندین نەتەوەی تر، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پەکەکەوە بکەن. ناسینی ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەکەی، ڕێگەی ژیانێکی نوێ پێشکەش دەکات.

دەوڵەتی تورک بەنیازە خوشک و برایەتی کورد-عەرەب تێک بدات و شەڕ لە نێوانیاندا دەستپێبکات. پەیوەندیکردنی گەنجانی عەرەب بە ڕیزەکانی گەریلاوە، ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک پووچەڵ دەکاتەوە. ئێمە وەک شەڕڤانی کورد و عەرەب بە تێکۆشانی هاوبەش گورز لە دوژمن دەوەشێنین. ئێمە وەک شەڕڤانی عەرەب لەئێستەوە تا کۆتایی ڕۆڵ و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین. ڕێگە نادەین دوژمن هەنگاو بنێتە ناو چیاکانمانەوە. تێکشکاندنی پلانەکانی دەوڵەتی تورک ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموو گەنجانی کورد و عەرەبە. وەک گەریلایەکی نەتەوەی عەرەب، ئامانجم وەڵامدانەوەی ئەم پرۆسەیە و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

گەریلای هەپەگە، عومەر تەل کۆچەر: ئەو دەمەی پەکەکەم ناسی، زانیم جیاوازە لە ڕێکخستنەکانی تر. بەتایبەت پەیوەندی هاوڕێییەتی لەنێو پەکەکەدا پڕ واتایە. لە کورد و عەرەب و نەتەوەی جیاجیاوە، هەزاران شەڕڤان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکەن. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانی هاتنم بۆ نێو ڕیزەکانی پەکەکە. پەکەکە لە هەموو شوێنێک دژی ستەم دەوەستێتەوە و گەل دەپارێزێت. فیکری ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا بڵاوبۆتەوە. ڕێبەر ئاپۆ نەوەک هەر بۆ کورد، بەڵکو ئیتر ڕێبەری هەموو گەلانی چەوساوەیە. چونکە هەموو ئەوانەی ڕێبەر ئاپۆ پەسەند دەکەن، وەک ڕێبەرێک لێی دەڕوانن. گەلانی بندەست هەوڵدەدەن فیکری ڕێبەر ئاپۆ پیادە بکەن. پەکەکە پارتێکە، هەموو نەتەوەیەک بە چاند و زمانی خۆیانەوە تێیدا هەڵدەکەن. ئەمەش زۆر گرنگ و واتادارە. وەک گەریلایەکی عەرەب، ئامانجم ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.