بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس؛ سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە تاوەکو ئێستا لە بارەی مانەوەی هاوپەیمانان هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە. بەڵام ئەوە دیاریکراوە بەشێک لە سەربازانی ئەمریکی بە ڕۆڵی ڕاوێژکاری سەربازی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە. تاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی هەیە و لە سێ بارەگای بنەڕەتی سەربازیدا جێگریبوون کە ئەوانیش لە بەغداد، پارێزگای ئەنبار و هەرێمی کوردستانن.
کشانەوە و ڕۆڵی ڕاوێژکاری
وێڕای ئەوەی بەرپرسانی عێراقی لە چاوەڕوانی ئەوەدان هەموو سەربازانی ئەمریکی لە هەرێمەکەدا بکشێنەوە، بەڵام لای خۆیەوە ئەمریکا ئەوەی دیاریکردووە پەیوەست بە ڕاوێژکاری نوێی سەربازی و ڕۆڵی هاوکاریییان لە هەندێک ناوچەدا دەمێننەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا خوازیاری ئەوەیە بۆ پشتیوانیکردنی هەبوونی خۆی لە سوریادا، هەندێک لە سەربازانی لە عێراقدا بهێڵێتەوە.
نیگەرانیەکان سەبارەت بە داعش و ئێران
ئاشکرایە کە ئەمریکا بە تایبەتی دەیەوێت ڕێگری لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئێران و هاوبەشەکانی بکات. هەروەها نیگەرانی سەبارەت بە سەرلەنوێ یەکگرتنەوەی چەتەکانی داعش هەیە. چەتەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا.
نیگەرانی سیاسی
ڕێککەوتنێک لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی هاوپەیمانی دژ بە داعش ڕەنگە وەک سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژمار بکرێت، بەڵام لەبەرامبەر داگیرکاری ئاشکرای دەوڵەتی تورک، پیشاننەدانی هەڵوێستێکی هاوشێوە لە لایەن ئیرادەی حکومەتی عێراق و لە ڕووی ئامانجی سیاسیەوە ڕێگە بۆ نیگەرانییەکی جدی دەکاتەوە.