سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە سەرەتای مانگی ئابدا سوێندی یاسایی دەخوات

بە گوێرەی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران، مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆماری نوێی ئەو وڵاتە، وەک نۆهەمین سەرۆککۆمار، لە سەرەتای مانگی ئابدا لە بەردەم پەڕلەمانی ئەو وڵاتەدا سوێنی یاسایی دەخوات.

ئاژانسی هەواڵی ئێران بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، موجتەبا یوسفی هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی دیاریکردووە کە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێ لە ٤ یا ٥ی مانگی ئابدا ئەنجام دەدرێت.

دواتریش ١٥ ڕۆژ لە بەردەم پزیشکاندایە بۆ ئەوەی لیستی وەزیرەکانی بۆ وەرگرتنی متمانە ئاراستەی پەرلەمان بکات.

پێشبینی دەکرێت دوای پەسەندکردنی فەرمی ئەنجامەکان، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئاینی کۆماری ئیسلامی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکە بەڕێوەببات و واژۆ لەسەر دەستبەکاربوونی پزیشکیان بکات.