ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند:" دەبێت تورکیا هێزەکانی لەناو خاکی سوریا بکێشێتەوە، ئەم هێرشە دەستدرێژییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی".
ئەبولغەیت ئەوەشی وت:"هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستدرێژیکردنە سەر خاکی دەوڵەتێک، دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری ئەو وڵاتە".
هاوکات وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبییەکان بەیاننامەیەکی ١١خاڵیان بڵاو کردەوە و جەختیان کردەوە لەسەر دژایەتیکردنی تورکیا و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆئەو مەبەستەش بڕیاریان داوە بەزووترین کات ڕێوشوێنی پێویست لە دژی تورکیا لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و گەشتیاری بگرنە بەر.
لەبەشێکی بەیاننامەکەی کۆمکاری عەرەبیدا هاتووە:
- دەبێت تورکیا دەستبەجێ هێزەکانی لەتورکیا بکشێنێتەوە.
- داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری سوریا بنێت.
- سوریا وڵاتێکی عەرەبییە و بەزاندنی سنورەکەی لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە، هەرگیز جێگای قبوڵ نییە.
-دەبێت ڕێگا لەبەردەم گۆڕینی دیمۆگرافیای باکوری سوریا بگیرێت.
- گەڕانەوەی چالاکی هەر گروپێکی تیرۆریستی بۆ ناوچەکانی سوریا لەئەستۆی تورکیا دایە.
- ئامادەکاریی دەکرێت بۆ سەردانێکی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی سوریا.
-بەزاندنی سنورو لەشکرکێشی تورکیا دەخرێتە ئەجێندای کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بەشێوەیەکی هەمیشەیی.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی جەختیان لەوە کردۆتەوە، دەبێت ڕێز لە سەروەریی سوریا و بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت کە جەخت لە کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سوریا دەکاتەوە.
ک-ش