فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی بانگەوازیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوان هەموو ئۆپڕاسیۆنە سەربازیەکانیان راگرتووە.
قەسەدە هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی هێز و لایەنەکانی سوریا کرد کە ئاگربەستی مرۆیی رابگەیێنن و پێبەند بن پێوەی.
لە راگەیێندراوەکەی قەسەدەدا هاتووە:
"مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە. لەسەر بانگەوازی ئانتۆنیۆ گوتەریس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک رایدەگەیێنێت، پابەندین بە هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەر هاوکاری و بانگەوازیەکی نێودەوڵەتی لەم چوارچێوەیەدا.
ئەم بارودۆخەی لە ئێستادا هەیە لە جیهاندا، ئاستی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی دەستنیشان دەکات. رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمەی وەکو قەیرانێکی جیهانی راگەیاندووە و هۆشداری داوەتە هەموو بەڕێوەبەرایەتی و سیستمە تەندروستیەکانی جیهان.
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، کەرتی تەندروستی و رێکخراوەکانی بواری تەندروستی دارووخاون، ئیدی بەرگەی ئەم بارودۆخە ناگرن. بەردەوامی شەڕ و پێکدادان، شەپۆلی کۆچبەری زیاتر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و لە ئەنجامدا کاریگەریەکی لەسەر هەیکەلی تەندروستی دروست کردووە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
لەم چوارچێوەیەدا فەرمادەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بانگەوازییەک ئاڕاستەی لایەنەکانی سوریا دەکات کە هەر جۆرە دەستپێشخەری و کردەوەیەکی سەربازی بوەستێنن و بە زووترین کات پێبەند بن بە ئاگربەستی مرۆیی. هێزەکانمان بە پێی ئاگربەستی مرۆیی دەجوڵێنەوە، بەڵام هاوکات مافی پاراستنی رەوای خۆیان بەکار دەهێنن. ئێمە هیوادارین ئەم ئاگربەستی مرۆییە دەرگای دیالۆگ و چارەسەری سیاسی بکاتەوە و کۆتایی بەو جەنگەی لە سوریا و جیهان بهێنێت.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک جەخت دەکاتەوە کە وڵامێکی جدیان هەبێت بۆ ئەم داواکاریە و هەموو هێزەکان رێگا بدەن بە کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بکەن."
ز.ش