بە دیمەن

١ ی ئایار لە کانتۆنی فورات پیرۆزکرا

بەبۆنەی ١ ی ئایار ڕۆژی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهانەوە، لە کانتۆنی فورات ئاهەنگ سازدرا. لە ئاهەنگەکەدا بەڵێنی بڵندکردنی تێکۆشان درا.

١ ی ئایار

بەبۆنەی ١ ی ئایار ڕۆژی کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهانەوە، لە کانتۆنی فورات بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە گۆڕەپانی شەهید عەگید ئاهەنگێک ئەنجامدرا. ئاهەنگەکە بە درووشمی "بە هێزی خۆمان نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد دەنێین، ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" ڕێکخرا، بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد.

هاوسەرۆکی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتیکی کانتۆنی فورات، ئەنوەر موسلیم ڕایگەیاند دژی بەکۆیلە دیتنی کرێکاران، سەدان ساڵە تێکۆشان بۆ یەکسانی و دادپەروەری بەردەوامە، کەچی هێشتاش مافیان دەخورێت، گوتی: "لە کانتۆنی فورات هەتا کۆتایی بۆ پاراستنی ماف و ڕەنجی کرێکاران تێدەکۆشین".

ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان بەدیە محۆ ڕۆژەکەی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز کرد و گوتی: "پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو هەلومەرجی زەحمەتدا بەرخۆدانێکی بێ وێنە دەکات. ئەم بەرخۆدانە لە چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت. بەڵام دوژمن هەمیشە هەوڵدەدات کە کرێکارانی ئازادی لەناوببات. بەڵام ئێمە بە فیکری ڕێبەر ئاپۆ سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین".

ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.