باوکی شەهید ڕوکەن: سەربەرزین بە شەهیدانمان

فەلەمەز زاوی باوکی شەهید ڕوکەن زەلال کە لە چالاکیەکی فیدایدا لەگەڵ سارادا شەهیدبوو، باسی لەوەکرد کچەکەی لە پێناو گەل و ئازادییدا گیانی بەختکرد و وتی: "سەربەرزین بە شەهیدانمان."

ڕوکەن و سارا پێکەوە دەستیان بە تێکۆشانکرد و پێکەوە لە خەباتدابوون و هەر پێکەوەش شەهید بوون.

ڕوکەن زەلال و سارا تۆڵهەڵدان گۆیی لە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣دا لە مێرسین چالاکیەکی فیداییان ئەنجامدا. فەلەمەز زاوی باوکی ڕوکەن زەلال لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی کچەکەیدا بۆ ئاژانسەکەمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا بنەماڵەکەیان هەر لە سەرەتاوە ئاشنابوون بە پەکەکە و لە ناو تیکۆشانی ئازادی کوردستاندا بوون. فەلەمەز زاوی پێشتر لەگەڵ گروپێکی ٣٠ کەسیدا لە حەلەب ڕێبەرایەتی بینیوە و ئاماژەی بەوەدا مرۆڤ بۆ یەکجاریش ڕێبەرایەتی ببینێت، ئیدی هەموو کاتێک لە بەرخۆداندا دەبێت و لە کاتەوە بەڵێنی داوە بە هیچ جۆرێک دەستبەرداری فکر و فەلسەفەی ڕێبەرایەتی نەبێت.

'ڕوکەن بە پەروەردەی پەکەکەوە گەورەبوو'

لە دەستپێکی قسەکانیدا فەلەمەز زاوی ئاماژەی بە پەروەردەی سەر ڕوکەن کرد و وتی: "ڕوکەن بە پەروەردەی پەکەکەوە گەورە بوو. کاتێک هەڤاڵان دەهاتنە ماڵەکەم، ڕوکەنیان زۆر خۆشەویست. ئەم هەستەش کاریگەری لەسەر منداڵەکانم دروستەکرد. ڕوکەن بەم هەستەوە گەورەبوو. ئەم پەروەردەیە کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی هەبوو، هەر بۆیە بە سەرکەوتوویی پلەکانی قوتابخانەی تەواوکرد، بەڵام لە ٢٠١١ دا لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و ئاڵۆزییەکانی سوریادا ڕوکەن بەشداری چالاکی بە خاکسپاردنی شەهیدەکانی دەکرد و کاریگەی شۆڕشی لەسەر دروستبوو. دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر ڕوکەنم نەبینی، دایکی ڕوکەن پێی وتم ڕوکەن لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گەڕاوەتەوە. زۆر دڵخۆشبووم. ئیدی ساراش وەک منداڵی من بوو. هیچ کاتێک جیاوازیمان لە نێواندا نەدەکردن. ماوەیەکی زۆر مانەوە و دواتر رۆشتن. ئیدی زانیاریمان لە بارەوە نەما تا ئەو کاتەی شەهیدبوون. ڕوکەنیش وەک هەزاران گەنج گیانی خۆی بەخشی لە پێناو ئازادیدا. ڕێبەرمان ماوەی ٢٦ ساڵە لە زینداندایە کاتێک مرۆڤ ئازادی وڵات و رێبەری خۆی بووێت ئیدی پێویستە قوربانی بە هەموو شتێکی خۆی بدات.

هیچ کاتێک بیر لە هەڵاتن ناکەینەوە

هیچ وڵاتێک بە ئاسانی بەدەست نەهێنراوە. بێگومان ئەوانەی وڵاتی خۆیان دەپارێزن شەهید دەبن. لە ڕۆژئاوادا چەندین جار هێرشمان کراوە سەر، هەموو کاتێک لە بەرخۆداندا بووین و بە هەزاران کەس لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک وەستاینەوە. هیچ کاتێک بیرمان لە هەڵهاتن لە ماڵ و جێگەی خۆمان نەکردەوە. هەر خۆی مرۆڤی وڵاتپارێز هەڵنایەت و دەستبەرداری خاک و وڵاتی خۆی نابێت. دووژمن لە هەموو جێگەیەکە. بۆیە چەکهەڵگرتن بۆ پاراستن ئامانجی ئێمە بوو. بەرگرییمان لە خاک و وڵاتی خۆمان کرد، بێگومان ئەمەش بە بێ خوێن بەخشین نابێت. تا خەبات نەکەی ناتوانی بژییت، ژیانیش قوربانی دەوێت، ئەو کەسەی ئازادی وڵاتی دەوێت ناچارە قوربانیدانی لەبەر چاوبێت."

'شەهیدبوون شکۆیەکی گەورەیە'

لە بەردەوامیدا باوکی شەهید ئاماژەی بە قوربانیدانی شەهید روکەن کرد و وتی: "وەک هاوڕێکانی بۆ گەلەکەی خۆی گیانی بەخشی. سەربەرزین لە بەرامبەر تێکۆشانیاندا. کاتێک هەواڵی کچەکەمم بیست، شکۆدارترین کاتی ژیانم بوو، بۆ هەموو مرۆڤێکی وڵاتپارێز مانای شەهید بوون زۆر مانادارە. بێگومان بوونی شەهید لە نێو بنەماڵەکەماندا شکۆیەکی گەورەیە و وێنەی شەهید ڕوکەن و سارا پێکەوە لە هەموو ماڵی دۆست و خزمەکانماندا هەڵواسراوە، جێگەی شکۆی هەمووانە. ڕوکەن و سارا لە رێگەیەکی پیرۆزدا گیانی خۆیان بەختکرد، جگە لە حورمەت دەربڕینمان بۆ تێکۆشانیان هیچ شتێکی دیکە نیە بگوترێت."

'ڕوکەن و سارا بۆ یەک ئامانج تێکۆشان'

لە کۆتایی قسەکانیدا باوکی شەهید روکەن باسی لە تێکۆشانی پێکەوەیی ڕوکەن و سارا کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ڕوکەن و سارا یەک شتن بۆ ئێمە، هیچ کاتێک جیاوازیمان لە نێواندا نەکردوون، هەردوکیان بۆ یەک ئامانج تێکۆشان. لە ماڵی هەموو خزمەکانماندا وێنەیان پێکەوە هەڵواسراوە. پێکەوە دەستیان بە تێکۆشان کرد و پێکەوەش لە پێناو ئەم فکر و فەلسەفەیەدا گیانی خۆیان بەختکرد. بە گوێرەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە پێناو ژیاندا خەبات دەکەین و شەڕی مان و نەمان بەڕێوەدەبەین. ژیان بە ئازادییەوە مانادارە، بۆیە هەموو کاتێک لەسەر بنەمای ژیانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەبین. یەک ڕێگەمان لە پێشە؛ یانی ئازادی یان نەمان. هیچ جێگرەوەیەکی دیکە قبوڵ ناکەین، ئەمە شکۆی مرۆڤایەتی بوونمانە."