بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هێرشی دوێنێی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری بە فڕۆکەی بێفڕۆکان لە شاری قامیشلۆ شەرمەزارکرد، کە بەو بەهۆیەوە ٣ هاووڵاتی شەهید بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:
"دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ ئەوەى ئارامیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات و درێژە بە کوشتار و پاکتاوکارییەکانی بدات لە ٩ی تشرینی دووەمەی ٢٠٢١دا بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لە گەڕەکی هلێلیی قامیشلۆ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک. لە ئەنجامدا یوسف گولۆ، کە بە وڵاتپارێزی ناسراوە، لەگەڵ ٢ کەسی تری بنەماڵەکەی شەهید بوون.
هێرشی دەوڵەتی تورک لە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و ڕوسیا و جیهان ئەنجامدرا. بەپێی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان پێویستە ڕێگری لەو هێرشانە بکەن. کاتێک دەوڵەتی تورک ئەوەی لە ئەستۆی گرتووە، دەبێت هەڵوێستی ڕوون لە دژی ئەوە هەبێت.
ئێمە ئەو هێرش و تاوانانەی دەوڵەتی تورک بۆ تێکشکاندنی بەرخۆدان و ویست و ئیرادەی گەلەکەمان بە توندی شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی لە بنەماڵەى ئەو ٣ شەهیدە دەکەین و بەڵێن دەدەین، ئێمە لەسەر رێگای شەهیدەکانمان، بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە ژیانی خۆیان فیدا کردووە، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
ژ.ت