چەتەکانی دەوڵەتی تورک ٧ کەسیان ڕفاند، ٢ مناڵیان ئەشکەنجەدا
چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین لە ماوەی هەفتەیەکدا ٧ کەسیان ڕفاند، ٢ مناڵیان ئەشکەنجەدا.
چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین لە ماوەی هەفتەیەکدا ٧ کەسیان ڕفاند، ٢ مناڵیان ئەشکەنجەدا.
ناوەندی بەدیکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان، ڕاپۆرتی هەفتەی یەکەمی مانگی ئابی تاوانەکانی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی"ـی سەر بە سوپای داگیرکەری تورک، لە ٥ ی ئاب لە شاری ڕاجۆ دوو مناڵیان بە ناوەکانی ڕێناس عومەر (١٦ ساڵ) و خەلیل عومەر (١٧ ساڵ) ئەشکەنجەداوە.
سەربازانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تەقەیان لە گەنجێک کردووە بە ناوی محەمەد خەڵەف، ئەوکاتەی هەوڵیداوە بچێتە باکووری کوردستان، بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
ڕفاندن، داواکردنی فیدیە
چەتەکانی "جەیش وەتەنی" لە شاری عەفرین عەدنان محەمەد عەلی حاجی (٦٣ ساڵ) و کوڕەکەی عەلی عەدنان حاجی (٢٠ ساڵ) ڕفاند. چەتەکانی هەمان گرووپ لە شاری جەندریسە حەسەن عەلی (٤٧ ساڵ) و محەمەد عەلی (٣٣ ساڵ) و ٢ کەسیان لە شاری حەما ڕفاند.
هەروەها ٣ی ئاب، هاووڵاتییەک بە ناوی خەلیل عەبدۆ جمۆ خەڵکی گوندی بەراد سەر بە شاری شێراوای لە شاری عەفرین لەلایەن چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی"ەوە ڕفێندرا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر ئەو کەسانەی بەرامبەر فیدیە ئازاد کراون. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هاووڵاتییەک بە ناوی ئەحمەد محەمەد لە ماڵەکەی خۆی لە تورکیا بە زۆر ڕەوانەی عەفرین کراوە و ڕفێندراوە. چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" دوای ١٥ ڕۆژ لە ڕفاندنی ئەحمەد محەمەد، لە ٦ی ئاب، لە بەرامبەر پێنج هەزار دۆلار ئازادیان کرد.
جوان حەمید خەڵکی گوندی ئوگای شارۆچکەی بلبلە لە ١٨ ی تەمموزی ئەمساڵ لە شاری عەفرین ڕفێنرا. چەتەکانی "پۆلیسی سەربازی" بەرامبەر وەرگرتنی ٤ هەزار دۆلار ئازادیان کرد.
دەستبەسەراگرتنی موڵک
چەتەیەک بە ناوی عەبدولڕەزاق حەمدۆ دەستی گرت بەسەر ماڵی هاوڵاتیەک بە ناوی مەروان حەنان خەڵکی گوندی جەبەلیەی عەفرین.
چەتەیەکی گرووپی ئەحرار شەرقیە لە شاری عەفرین ماڵی هاوڵاتییەکی بە ناوی عەبدولرەحمان محەمەد خەڵکی گوندی خلنێر، بە ١٥٠٠ دۆلار فرۆشت بە چەتەیەکی خەڵکی حەما.