دانیشتووانی تەبقە: ئامادەین بۆ شەڕ

دانیشتووانی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکانی دەیرەزۆر و گوتیان: "ئامادەین هاوشانی قەسەدە لە هەمان بەرە شەڕ بکەین".

سەدان دانیشتووی کانتۆنی تەبقە و نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و دەستە و مەجلیسەکان، پارتی سوریای ئایندە و ڕیش‌سپیانی عەشیرەتەکان بۆ پشتگیری لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانەکە لە گەڕەکی یەکەمین دەستی پێ کرد. ڕێپێوانکەران ئاڵای قەسەدە و پانکارتی "پلانی حکومەتی شام و چەتەکانی بۆ تێکدانی ئارامی هەرێمەکە ڕەت دەکەینەوە" و "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هیوای ئێمەیە... لەسایەی خوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە... قەسەدە نوێنەری ئێمەیە... دەسکەوتەکان دەپارێزین"یان بەرزکردەوە.

لە ناوەندی خوێندکارانی دیموکراتیک ڕێپێوانەکە وەستا، لەوێ سەرۆکی یەکێتی ئالوبەیت عەدنان عەلەوی گوتی: "٥٠ ساڵە تاوانی ڕژێمی ستەمکار بەردەوامە. لەم ٤ ڕۆژەی دوایی نیازە خراپەکانی ئاشکرا بوون".

ڕایگەیاند بەرامبەر ستەمی حکومەت و چەتەکانی بەرخۆدان دەکەن، گوتی: "دژیان شەڕ دەکەین و بەرخۆدان دەکەین. ئەوان فیتنەن لەسەر ئیسلام و موسڵمانان".

ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا، نور حەنەفی ئاماژەی بەوە کرد لەئەنجامی هێرشە نامرۆڤەکان ١١ کەس شەهیدبوون، ئەم کۆمەڵکوژییەی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، یەکێتی و خاوەندارێتی خەڵکی هەرێمەکە لە قەسەدە وەڵامێکی ڕوونە بۆ هەمووان.

ڕیش‌سپی هۆزی موسا زاهیر، عاید هادی ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشەکە وەستاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە کە تادێت فراوان دەبێت، گوتی: "ژن و پیاوا و ڕۆڵەکانمان ئامادەن چەک هەڵبگرن و لەپاڵ قەسەدە بوەستن. لێرەوە دەڵێین بڕۆن و ئێمە لەپشتانین".