دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی پارتەکانی کرد

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی پارتە سیاسییەکانی کرد.

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

دەسپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا لە چوارچێوەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیانکرد بە سەردانی پارتە سیاسییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

وتەبێژی دەسپێشخەرییەکە فەرزەندە مونزور، ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە فواد چۆلی و نوها عومەر لە شاری قامیشلۆ سەردانی ناوەندی پارتی چەپی کورد لە سوریا، پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کورد لە سوریا (یەکێتی) و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)یان کرد.

"پێویستە هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدرێت"

ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە سەردانی پارتی چەپی کورد لە سوریایان کرد و لەگەڵ سکرتێری گشتی محەمەد موس کۆبوونەوە، وتەبێژی دەسپێشخەرییەکە فەرزەندە مونزور پاش سەردانەکە گوتی: "پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەشی پارتە سیاسیەکان دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نیشان بدرێت، ئێمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەین و دەخوازین هەڵوێستی پارتەکان بزانین و تاوتوێی بکەین، تا بزانین دەتوانین پێکەوە چ بکەین".

محەمەد موس ڕایگەیاند پێویستە هەمووان لە پرسی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەرک و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پشتگیری هەڵمەتەکەی دووپات کردەوە و گوتی: "ئێمە دەڵێین، گۆشەگیری چارەسەر نییە، کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە".

"لەپێناو چارەسەر پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت"

محەمەد موس ڕایگەیاند ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد گرنگییەکی هەنوکەیی هەیە، گۆشەگیری ئیمراڵی دژی هەموو پێوانە مرۆڤایەتیەکانە.

پاشان ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە سەردانی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کورد لە سوریا (یەکێتی)یان کرد و لەلایەن سکرتێری پارتەکە محێدین شێخ عەلی پێشوازیان لێ کرا. شێخ ڕایگەیاند گۆشەگیری دژی هەموو یاساکانە و تورکیا هەموو پێوانە و یاساکان پێشێل دەکات، گوتی: "ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، کلیلی چارەسەرە، لە هەموو لایەکی جیهانەوە کەسانی بەناوبانگ پشتیوانی خۆیان دەردەبڕن و داوای ئازادی بەڕێز ئۆجالان دەکەن، کەچی گۆشەگیری بەردەوامە".

محێدین شێخ عەلی پێشنیاری کرد ئەو نامانەی بۆ ٨ لایەنی نێونەتەوەیی نێردراون، بنێردرێن بۆ دامەزراوە و دەزگاکانی دەوڵەتی تورک، نامە لە کەسانی بەناوبانگی ڕۆژهەڵاتی ناوین وەربگرێت و ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت.  

ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە لەکۆتاییدا سەردانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)یان کرد و لەلایەن هاوسەرۆکی نووسینگەی ڕێکخستن پەروین یوسف و هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکان سیهانۆک دیبۆ پێشوازیان لێ کرا.

"فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان بەبنەما دەگرین"

سیهانۆک دیبۆ  ڕایگەیاند لەسایەی فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شۆڕشی ١٩ ی تەمموز گەیشتە ئەم قۆناغە و گوتی: "ئێمە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بنەما دەگرین. ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، واتای چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. ئەرکی هەموو پارتە سیاسییەکان و کەسایەتیە دیموکراتیەکان و ئاشتیخوازانە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێبکۆشن".

پەروین یوسف ڕایگەیاند گۆشەگیری بۆ هەموو گەلی کورد ڕۆژەڤی سەرەکییە، پێویستە ئاستی تێکۆشان دژی گۆشەگیری بەرزتر بکرێت، گوتی: "گۆشەگیری سەر ڕێبەرێتی، گۆشەگیری سەر ئێمەیە، گۆشەگیری سەر گەلانە. پێویستە ئاستی خاوەنداری لە فیکری ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر ببێت".

سەردانی ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە سبەی بەردەوام دەبێت.