دیمەشق و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە هێرشەکانیان لە دێرەزۆر: ١٤ کەس بریندار بوون

لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی (دیفاع ئەلوەتەنی) لە گوندەکانی دێرەزۆر ١٤ کەس بریندار بوون. هاوەکات مزگەوتێکیش بۆردومان کراوە.

 

هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و چەکدارانی دیفاع ئەلوەتەنی دیسان بە تۆپ و هاوەن گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی دێرەزۆریان تۆپباران کرد.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی هێرشێکی سەر گوندی کشکیە، 2 کەس خەڵکی گوندەکە بریندار بوون.

ئاژانسی  هاوارنیوز (ئانها) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر گەڕەکی ئەلمەوح لە شارۆچکەی ئەبو حەمام 14 کەس برینداربوون.

بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کانتۆنی دێرەزۆر.

ناوی بەشێک لە بریندارەکان بەم جۆرەیە: ماهیر ئەلمەعروف، حەمید ئەلخلێف ئەلنەجیم، عمار ساڵح ئەلعەلی، محەمەد ئەل ئەمین ئەلساڵح، و عمار ساڵح ئەلئەحمەد.

بە وتەی پزیشکانی نەخۆشخانە، باری تەندروستی ٢کەس لە بریندارەکان سەختە.

هەروەها ڕاگەیاندراوە، جگە لە شارۆچکەی ئەبو حەمام، لە کشکیەش بریندار هەیە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی تۆپبارانەکان، تیمەکانی فریاکەوتن نەیانتوانیوە خۆیان بگەیەنە بریندارەکان.

بەپێی دوایین زانیارییەکان لە کشکیە مزگەوتێک بۆردومان کراوە.