هەزاران هاوڵاتی شاری قامیشلۆ لە گۆڕەپانی شەهید خەبات بەرەو ماڵی بنەماڵەى گولۆ لە گەڕەکی هلێلی بەڕێکەوتن، کە دوێنێ لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا ٣ کەسی وڵاتپارێزی ئەو خێزانە شەهید بوو بوون. خەڵکی شاری قامیشلۆ بە تووڕەیییەکی زۆرەوە لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک راپەڕی بوون.
جەماوەری گەل وێنەی یوسف گولۆ و دوو نەوەی بە ناوەکانی مەزڵوم و محەمەد گولۆیان بەزرکردبووە، کە لە هێرشەکەی دوێنێی گەڕەکی هلێلی دا شەهید بوو بوون.
لە خۆپیشاندانەکەدا وێنەیەکی گەورەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاڵاکانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، کۆنگرەی ستار و پەیەدە بەرزکراونەتەوە و دروشمی "شەهید نامرێ" دەوترانەوە.
لە کۆتایی رێپێوانەکە دا و لە ژێر دروشمی "تا دوا هەناسەمان پشتیوانی لە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی دەکەین" ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هەڵوێست و پێداگری بۆ تێکۆشان لە دژی هەموو جۆرە هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر خرایەڕوو.
جەماوەری گەل دوای ئەنجامدانی چالاکییەکە رۆیشتن بۆ چادری پرسەکە و بەشدارییان لە پرسەى بنەماڵەى گولۆ دا کرد.
ژ.ت