هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دواخرا بۆ ١١ ی حوزەیران

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند هەڵبژاردنە خۆجێیەکان لە ٣٠ ی ئایارەوە دواخراوە بۆ ١١ ی حوزەیران.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند هەڵبژاردنی شارەوانەکانی هەرێمەکە، کە بڕیار بوو ٣٠ ی ئایار ئەنجام بدرێت، دواخراوە بۆ ١١ ی حوزەیران.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵادا هاتووە:

"ئامانجی سەرەکیمان سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و شەفافیەت و دیموکراسییە. کات مەرجێکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بڕیار وابوو لە ٣٠ ی ئایار هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لە درێژەی کارەکانماندا، بۆمان دەرکەوت کە ئەو کاتەی دیاریکراوە بەس نییە بۆ ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بۆیە بڕیارماندا هەڵبژاردنەکان دوا بخەین بۆ ١١ ی حوزەیران، تاوەکو ئامادەکاری باشتر بکەین و شیاوی گرنگی هەڵبژاردنەکە بێت. تاوەکو ناکۆک نەبێت لەگەڵ یاساکانی هەڵبژاردنی شارەوانی کە لەلایەن مەجلیسی گەلانی دیموکراتیکی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە پەسەندکراوە".